بە جارێکی تەماشای تۆ فیدات بێ هەم دڵ و دینم
لە کتێبی:
دیوانی وەفایی
بەرهەمی:
وەفایی (1844-1902)
2 خولەک
2833 بینین
بە جارێکی تەماشای تۆ، فیدات بێ، هەم دڵ و دینم
ئەگەر سەد جار قیامەت بێ دەمێکی هەستە بتبینم
لە غەمزەی چاوەکەت دەتکێ لە جەرگم خوێن و نازانم
نە خەستەی پەنجەیی بازم؟ نە بەستەی دەستی شاهینم!
مەگەر زولف و ڕوخت وەک لالە حاڵی بێ کە من بۆچی
جگەرسووتاو و سەرتاپا غەریقی مەوجی خوێنینم
وەکوو نەی کون کونە جەرگم لە تاو هیجرانی تۆ بۆیە
بە سۆزی نەی دەسووتێم و بە ناڵەی نەی دەناڵێنم
ئەتۆ سەروێکی ڕەنگینی، لەسەر چاوان بە شیرینی
لەبەر چاوم نەڕۆی چاکە، حەیاتم، غارەتی دینم!
ئەتۆ گوڵ، عەنبەرین ڕێی تۆ، ئەمن خاکی بەری پێی تۆ
لە من تۆ زیز نەبی چاکە، عەزیزم، ڕۆحی شیرینم
کوتم: دا ڕوومەتت وا بێنە بگرم زولفەکەت! فەرمووی:
بڵا گوڵ تێک نەچێ، بولبول نەسووتێ، چت لە پەرژینم؟
بە باغم کوت: بە ڕەنگ و بۆت مەنازە، زەرد و سوور بووە
ئەگەر بارم هەموو سونبول بێ تایێک زولفی ناهێنم
کوشندەی من نەبوو هیچ کەس مەگەر سەردایرەی حوسنی
لە ڕۆژی حەشرێ خوێنی خۆم لە چاوی مەستی دەستێنم
لە باتی خوێنی خۆم، وەک زولفی، تەسکینیم بە هیچ نایێ
مەگەر دەستی شکستەی خۆم لە گەردنی زەردی وەربێنم
شەکەر قەدری نییە، قوربان، ئەگەر شیرین نەبێ، یەعنی:
دەبێ تۆش لێوەکەت بێنی ئەگەر من ڕۆحەکەم بێنم
بە نازی چاوی بازت وەک وەفاییناسناوی ئەدەبی کەوتمە نێو زولفت
ئەوێستاش مەست و مەخمووری شەرابی جامی دووشینم