پەردە وەرگەڕایەوە

لە کتێبی:
لە خەوما
بەرهەمی:
جەمیل سائیب (1887-1951)
 8 خولەک  883 بینین

ئەم جار مانەوە خۆی و کابرای ئەوەڵ بەجووتە، ئەمە لەو قسە و باسانەدا ژنەکان لە پشتەوە کە هاتوون گوێ ئەگرن، هەر ترپوهۆڕ دێن و ئەچن، قسەکانی ئەوان ئەبەن بۆ ناو ژنەکان و بەفسەفس ئەیگێڕنەوە، منیش هەر لە جێگەی خۆم وشک ڕاوەستاوم، وتم: ئەمە سێ پەردە گۆڕا، یەک لە یەک ناخۆشتر و خراپتر، ئەم کابرایە چ نەوعە ئینسانێکە و ئەوانە چ دەعبایەکن، بابزانم دوای ئەمیش چی ئەبێ. لەپاش نەختێک کابرایەک هاتە ژوورەوە ناوی دوو سێ کەسی برد کە هاتوون بۆ حزوور، چی ئەمر ئەکەیت؟ ئەویش بەپێکەنینەوە ڕووی کردە کابرای تەنیشتی وتی: سەیرە ... با ئەوانیش بێن، با بزانین ئەوان ئەڵێن چی، ئەم جا ئەمری کرد وتی: بابێنە ژوورەوە. ڕوانیم لە پاش تۆزێک دەرگا کرایەوە، سێ کەس هاتنە ژوورەوە، یەکێکیان قۆڵی لە عەبا هەڵکێشابوو بەکەشوفشێکەوە پێش کەوت، گەورەکەش فەرموو فەرمووی بۆ کرد بەبەگم فەرموو فەرموو جێگەیەکی پێ نیشان دا ئەمری کرد بەدانیشتنی، ئەویش بەئەدەبەوە دانیشت، لە دوای ئەوەوە یەکێکی تر هات چاکەت و پانتۆڵی لەبەردا بوو قیافەتەکەی لە قیافەتی عەسکەری ئەچوو، ئەویش جگەی نیشان درا و دانیشت، ئەمیش نەزۆر کەڵەگەت بوو نەزۆر کورت، نەلەڕ بوو نەقەڵەو لە عومری چل ساڵیدا دیار بوو، لە پاش ئەو یەکێکی تر هات لە قیافەتی توجاڕا بوو.

لە پاش هەموویان کابرای کە سەر لە بەیانی لە دەرگای حەوشە ئەمری کرد و منی لەگەڵ خۆی هێنایە ژوورەوە ئەویش هات و بەپێیانەوە ڕاوەستا و دەرگاکەیان داخست، بەگەورەکەوە شەش کەس مانەوە، منیش لەبەر خۆمەوە وتم با بزانم ئەم جارە چی ئەبێت و لەم مەجلیسەدا چی پەیدا ئەبێ، دوا جار دیسان ئیشارەتی خەلوەت کرایەوە، کابرای بەپێیانەوە چووە ئەو دیوی دەرگاکەوە وتی کەس نییە بەم دەورەدا، بەڵام ژنەکان لەودیوەوە هەر فڕکەفڕکیانە دێن و دەچن ئەم جار لە پاش خۆشوبێش و ئەمانە کابرای کە لە هەوەڵەوە هاتبووە ژوورەوە کەوتە قسەکردن، ملی لێ هەڵبڕی و کە قسەکانی ئەکرد چاوی لێ دەرئەپەڕی بەهێز و قووەتێکەوە قسەکانی ئەکرد، ئەموت ئێستا توشی شتێک ئەبێت، هەردوو دەستی بەملا و بەولادا ئەسووڕایەوە، ئەیویست ئەو قسانەی هەموو بێ ئەوەی دەنکی لێ بڕژێ و لە ناو بچێ بیخاتە مێشک و دەروونی خەڵکەکەوە، قسە کەوتە سەر باسی سیاسەتی تورک و ئینگلیز. ڕووی کردە گەورەکە وتی قوربان ئێستا ئیش بەڕەنگێکی وا دیاری داوە کە منداڵی ساوایش تێ ئەگا و ئەیزانێت ئەم میللەتە و ئەم وەزعەتە بێ ئەمەی حکوومەتی ئینگلیز دەستی بەسەرا بکێشێ و پشتیوانیی بکات ناژی و سەرناگرێ. ئەگەر ئێمە ئومێدێکمان بەبوونی خۆمان و سەربەرزی و گەورەیی وڵاتەکە ببێ، هەر بەواستەی حکوومەتی ئینگلیزەوەیە، ئێستا کەوا ئێمە هەوەڵی ئیشمانە و چاومان لە ڕووناکیی پاشەڕۆژمانە، دیارە خۆمان لە خۆمانەوە هیچمان بۆ پێک نایەت و سەرناگرێ چونکە نەسەروەت و نەسەنعەت و نەتیجارەت و نەهیچێکی وامان هەیە کە خۆمانی پێ بژیێنین، لەبەرئەوە ئێمە مەعین و پشتیوانێکمان ئەوێ کە ئەویش مەگەر هەر حکوومەتێکی گەورە و بەدەست و دەوڵەمەندی وەکو ئینگلیز بێ، ئەمجا ڕووی کردە پیاوەکەی تەنیشتی ئەوی چاکەت و پانتۆڵی لەبەردا بوو وتی: بابە وایە یان نا؟ ئەویش دەمی کردەوە دەستی کرد بەقسەکردن وتی: ئێمە ئەگەر تەماشای قازانجی عمومی تۆ و هەموو میللەتەکە بکەین و دوواڕۆژی خۆمان بخوێنینەوە سەربەخۆ ئیش نەکەین، چارە هەر ئەمەیە بەئسووڵێکی مەعقوول لەگەڵ حکوومەتی ئینگلیزدا ڕێک بکەوین و ئەمینم حکوومەتی ئینگلیزیش زۆر شتی باش بۆ ئێمە ئەکات، خۆ ئەگەر بێت و ئێمە ئومێد و ئەمەلمان بەتورک بێ، ئەوە سەهویەکی زۆر گەورەیە ئەیکەین چونکە چەند ساڵە چی بۆ کردووین تا ئێستا بۆمان بکات، ئەوە نموونەیەکیانە لە بن دەستمانە ئەیبینین بەبەرچاومانەوە خەریکی ڕاووڕووت و تاڵان و ئیعانە و خۆلەوەڕاندن و دەستبڕینی ئەم عالەمەن، خۆیان لەوانەن کە چاوەڕوانی دەستی ئێمە بن نەک ئێمە هینی ئەوان. میللەت پێناسین و سەربەستیدان و فکری گەورەیی و سەربەرزیدان و ئەم نەوعە شتانە لای ئەوان نییە. غەیری (کیسرم بیچرم) و ڕووتاندنەوە و زوڵم و زۆر و کوشتن و بڕین هیچی تر بۆ ئێمە ناکەن، ئەو معامەلەیە کە تۆ نەفسی خۆت لەگەڵ ئینگلیز کردت ئەگەر نیوەی ئەوەت لەگەڵ تورکدا بکردایە ئەمین بە دە دەفعە ئیعدام کرابوویت، تۆ بزانە ئەم بەینە تورک هێشتی کەس بزانێ باسی میللەت و قەومییەت چییە و چی نییە. سەروەت و تیجارەتێک کە لەم چوار پێنج ساڵەدا بۆ ئەم میللەتە پەیدا بوو، بەپەنجا ساڵ لە زەمانی تورکدا پێک نەئەهات، من ئەمینم ئەگەر جەنابت لەگەڵ حکوومەتی ئینگلیزدا ڕێک بکەوێت دوو شەشی ئەم میللەتەیە ئێمە کە میللەتێکین ئێستا موحتاجی موعاوەنەت و ڕێگە پێشاندانین و مللەتێکی ئیسلامین، بەم حاڵەوە موحەقەق و دیارە لەگەڵ تورکدا بەهیچ ڕەنگێ پێکەوە ناژین، تورک ئێستا ئەو تورکەی پێشوو نەماوە کە ئێمە دیومانە. نەدین و نەئاینیان لانەماوە، ئەگەر ئینگلیز دەخڵی نییە بەسەر دیانەت و ئادابی میلەتێکەوە، بەخوا تورک نایەڵن بەهیچ ڕەنگێک شتێک بڵێین، نەڕعایەتی دین و نەحورمەتی ئاداب و ئاین نامینێ، عولەما و مشایەخمان بێ قەدر و بێ حورمەت، کەس لێیان ناپرسێتەوە، ئەوی بەدەسیشمانەوەیە هەموومان لێ وەرئەگرنەوە، عەسکەر و تەکالیفی حەرب و ئیعانە و ئەنواع خەرج و باج، هەر بەمانە ماڵمان بەقوڕ ئەگرن، بەڵام حکوومەتی ئینگلیز وا نییە، ئێمەش بەڕێوە ئەبا و دەوڵەمەندمان ئەکات، خۆشی خێر و قازانجمان لێ ئەبینێ، ئێمە ئەگەر خۆمان تێگەیشتنمان ببێت و ساحێب هۆش و شعوور بین و هەوڵ و تەقەلا بدەین و بەعەقڵ و مەعریفەت بێینە پێشەوە ڕەنگە لە پاش مودەتێکی تر بۆمان حەقێکی گەورە و جێگایەکی باشمان دەست کەوێ، ئەم جار جەنابیشت ئەم قسانەی من ورد بکەرەوە و موحەقەق بزانە قسەکانم هیچیان بۆ ئەمەل و غەرەزی شەخسی نییە، مەحزا بۆ مەنفەعەتی عموومی قسە ئەکەم، ئەگەر خۆشتان بەمەسڵەحەتی ئەزانن ئەوا بۆ ئەم خسووسە قەرارێک بدەن با ئیتر بکەوینە ڕەحەتی و سەربەستییەوە و ئەمینم ئەمڕۆ ئەگەر جەنابت لەگەڵ حکوومەتی ئینگلیزدا ڕێک بکەویت جێگە و مەقامێک کە ئەو بیدا بەتۆ هیچ حکوومەتێکی تر ناتداتێ و هەر کەسێکی تر نەوعە قسەیەکی ترت عەرز بکات موحەقەقە یان بۆ ئەمەلی شەخسییە یان مەقسەدی ئەوەیە فەلاکەت بەسەر جەنابت و میللەتەکە بهێنێت، ئەمەش خوا قەبووڵی نییە، ئینسان بەخوتوخۆڕایی بەدەستی خۆی، خۆی بخاتە تەهلیکەوە، ڕێگای ڕووناک و ڕاست بەبەرچاوەوەیە لە پێشمانەوەیە بۆچی لادەین. دوو کەسەکەی تریش کە ڕەفیقی ئەم پیاوە بوون ئەوانیش دەستیان کرد بەم نەوعە قسانە و چەند نموونە و میسالێکیان بۆ هێنایەوە وتیان: ئەوە میسر، ئەوە عێراق، ئەوە هیندستان.

خولاسە بەم قسە مێچکەمێچکانە وایان لێ کرد، کابرایان لەم بارە بردە سەر بارێکی تر، هەموو فیکر و قسەکانیانی تەسدیق کرد. وتی منیش باوەڕم هەیە کە ئەمە وایە بەڵام ئێمە چەند وەختە لەگەڵ حکوومەتی ئینگلیز خەریکین، ئەو بەتەواوەتی ڕێک ناکەوێت ئێمە چی بکەین، ئەوانیش وتیان ئەمە خەریک بوون نییە لازمە بەسوورەتێکی مەعقوول و باش چەند مادەیەک بهێنرێتە قەڵەم بەنەوعێکی وا نەشیش بسووتێ و نەکەباب، بۆ هەردوولا باش بێ و دەست بدا، هەردوولامان قازانجی لێ ببینین، ئەوسا بزانە ئەویش قەبووڵی ئەکات یان نا؟ ئەگەر ئەفەرموویت با چەند کەسێکی تێگەیشتوو بچن بۆ بەغدا، لەوێ قسەی لێ بکەن و قەولوقەرارێکی باش بدەن و لەگەڵیا ڕێ بکەوین، بەڵکو ئینشاڵڵا هەموو لایەک لە سایەی جەنابتانەوە بکەوینە خۆشی و رەحەتییەوە و بحەسێینەوە. وتی: منیش زۆرم پێ خۆشە و حەزی پێ ئەکەم ئەمەم پێ لە هەموو شتێک پێ باشترە. ئێوە خۆتان سبحەینێ لە جێگایەک گرد ببنەوە و چەند مادەیەک بنووسین کە وەکو ئێوە ئەڵێن بۆ هەردوولا باش بێت. ئەوسا یەک دوو کەسی تێگەیشتوو هەڵبژێرین و بیاننێرین، ئەگەر وابێت، گوایە من چۆنی پێ مەمنوون نابم و بۆچی پێم باش نەبێ. ئنجا ڕووی کردە کابرای سمێڵفش کە لە ئەوەڵی هەموو مەجلسەکەوە هاتبوو لای سەرووی گرتبوو، وتی: تۆ ئەڵێی چی؟ وتی بەخوا باشە، ئەم قسەیە زۆر جوان و مەعقوولە ئیش لەمە باشتر چۆن ئەبێ! خێری پێوە بێت، ئەمە لە هەموو شتێک چاکترە. بەهەموویان لەسەر ئەمە قەول و قەراریان بەست، لە پاشان ئەوانیش هەستان بەمەمنوونی ڕۆیشتن. لە وەختی ڕۆیشتندا گەورەکە ڕووی کردە ئەو پیاوە کە قیافەتی چاکەت و پانتۆڵ بوو، وتی زاتەن دەمێکە ئەمەت ئەوێ، تۆ خۆت ئینگلیزی، بەڵام بەپێکەنینەوە پێی وت وەکو گاڵتەی لەگەڵ بکات، ئەویش وتی قوربان کەسمان ئینگلیز نین بەڵام بۆ خێر و مەسڵەحەتی خۆمان و تۆیش و میللەتەکەیش ئەگەڕێین، ئیتر ئەوان پشتیان هەڵکرد و ڕۆیشتن، ئەمیش بەهێواشی سەرێکی ڕاوەشاند و چاوێکی لە پیاوەکە مۆڕ کردەوە لە ژێر لێوەوە پرتەوبۆڵەیەکی کرد تێ نەگەیشتم چی وت.