پەردە گۆڕا

لە کتێبی:
لە خەوما
بەرهەمی:
جەمیل سائیب (1887-1951)
 9 خولەک  778 بینین

ئەم جار یەکێک هاتە ژوورەوە، بەهێواشییەکەوە وتی: قوربان فڵان و فیسار هاتوون چی ئەمر ئەکەیت، ئەویش قەدەرێک ڕاما و بیری کردەوە، بۆڵەیەکی لێوە هات، بەساردێکەوە وتی: بابێنە ژوورەوە. سەیرم کرد سێ کەس هاتنە ژوورەوە، هەوەڵەمینیان یەکێک بوو کورتەباڵا ڕەنگێکی ڕەشتاڵە، تازە سمێڵی ڕەش کردبوو، ئەویان لە پێشەوە هات، گەورەکەیش بەگفت و لوتفێکی ڕووکەشەوە قیام و بەخێرهاتن و پێکەنینێکی لەگەڵ کرد و لای سەرەوە دانیشت. دووەمیان یەکێکی تر بوو کەڵەگەت و ڕەنگ سپی، بەڵام وەکو هەموو لەشی گوشرابێ و هەرچی خوێن لە لەشیا بێت دەرهێنرابێت وابوو، بەقەدەر زەڕەیەک سووریی خوێن لە گۆشتیا دیار نەبوو، زەرد زەرد ئەتوت لیمۆیە، ئەویش بەخێرهاتن کرا و دانیشت، دوای ئەو یەکێکی تر کوڵەبنە، هەڵەشە پەلەپەلکەر هات، بە عەزمەتێکی وشکەوە دانیشت، ئەم سیانە هەرسێکیان هاتن و بەو ڕەنگە دانیشتن، جگەرە و قاوە و ئەمانە خورا و خورایەوە.

لە پاشاندا ئیشارەتی خلوەت کرا و دەرگا داخرا، گەورەکە و ئەو سیانە و یەکێک لەوانی تر کە لە پێش مەلاکانەوە هات و لای سەرووی گرتبوو (ئەم کابرایە وا دیار بوو یان لە هەموو دیزەیەکدا ئەسکوێ بێت و یاخود زۆر مەحرەمی گەورەکە بێت بەڵام بەوەدا کە زۆر ئەهەمییەتێکی نەئەدرایە لام وایە بەوشکی خۆی خۆی بەگەورە دانابوو خزمایەتیی لەگەڵ گەورەکەدا هەبوو بۆیە بەسمێڵێکی نەختێک فشەوە جارجارە بەقایم یەک دوو قسەی لاپەرەسەنگی ئەهاوێشت) ئەوە هەر مایەوە. کابرای کوڵەبنە و گەورەکەش هەر وەستابوون، یەعنی هەموویان شەش کەس لەوێ مانەوە، منیش وتم بزانین چ ڕەنگێکە، لەم دانیشتنەدا چەند خوێنی ناحەق ئەڕوا و بزانم من هیچ ڕێگەی دەرچوون و نەجات بۆ خۆم ئەدۆزمەوە. ئەم جار گەورەکە دەمی هەڵهێنایەوە، ڕووی کردە خەڵقەکە وتی: ئەبێ بزانم چی ئەڵێن و چیتان پێیە. لەو سێ کەسە، کورتە باڵاکەی کە لە ئەوەڵەوە هاتبووە ژوورەوە وتی: ئەڵێین مەسڵەحەت بۆ تۆ وایە لەگەڵ تورکدا ڕێک بکەوی و بەئەمر و قسەی ئەوان هەڵسووڕێیت، بنێری بەشوێن ئەواندا کە بێن لێرە دانیشن، ئەوسا ئێرە بەتەواوەتی بۆ تۆ ساغ ئەبێتەوە و شکڵی حکوومەت ئەگرێ، ئەوسا تۆش ئەتوانی لەگەڵ ئەوان بەرامبەر بەدوژمن هەموو شتێک بکەیت، کە ئەوان بوون بەپشتیوانت جێگە و مەوقعی تۆ گەورەتر و مەحکەم ئەبێ، کە تۆ لەگەڵیاندا ڕێک کەوتی و ئەوانت هێنایە ئێرە ئەوسا ئەوانیش مەجبوور ئەبن لەسەر تۆ شەڕیش بکەن و ئیشی چاکیشت بۆ ڕێک بخەن. وڵاتەکەشمان بەتەواوی بکەوێتە ڕەحەتییەوە. ئەویش وتی ئاخر قسەکانی ئێوە زۆر باش و مەعقوولە منیش لەلام باشە بەڵام من هەتا ئێستا غەیری قسە نەبێ هیچی ترم لەوان نەدیوە، فەعالیاتێکان نییە، ئەوان بەچوار عەسکەری ڕەشوڕووت و برسییەوە هاتوون هەر خەریکی ڕاووڕووت و خەڵق ڕووتاندنەوەن، ئەوان هەر پارە کۆ ئەکەنەوە و خۆیان ئەژێنن، ئیشەکانیان هیچی لە حکوومەت ناچێ. من بەچ شتێکی ئەمانە پشتئەستوور ببم و چۆن لەگەڵیان ڕێک بکەوم و ئەمنییەتیان پێ بکەم. ئەمجا کابرای ڕەنگزەرد هەڵی دایە وتی: قوربان ئەمە تۆ چی ئەفەرمویت، ئەمەش نەوعە سیاسەتێکە کە ئەوان ئەیکەن، ئەمە لەبەر ئەجنەبی و قسەی دوواڕۆژە بەم ڕەنگە هەڵئەسووڕێن، ئەگینا ئەم حەرەکاتانە هەموو بەئەمری (ئەنقەرە)یە، دەقیقە بەدەقیقە ئەمر لەوێوە وەرئەگرن، ئیستقلال بێ و ئیمتیاز بێ و موختارییەت بێ، هەر ئەوان بیدەن بۆ هەموومان مەسڵەحەتە، ئەگەر بێت و لەگەڵ ئەواندا ڕێک نەکەویت ئەوە موحەقەقە فەلاکەت بەسەر خۆت و میللەتەکەت ئەهێنیت، ئەگەر بەم قسانەی من باوەڕ ناکەیت ئەوە قاقەزی ڕەسمی (دەستی کرد بەم باخەڵ و بەو گیرفانیا بەعزێک قاقەزی شڕی دەرهێنا و سەیری کردن و هینی ئەم باخەڵی خستە ئەو گیرفانیەوە و نەختێک خۆی خەریک کرد، دواییی دەستی دا بەدەستا و بەناخۆشییەکەوە وتی: ئا وەڵڵا نەمهێناوە).

کوڵەبنەکەی لای خواروو کە دانیشتبوو بەدەنگێکی نووساوەوە کەوتە جوڵەجوڵ وتی: بێ قەزابیت ئەمە ئیشە تۆ ئەیکەیت، ئاخر چەندم عەرز کردی لە بیرت نەچێ، ئەویش وتی: دەسا چی بکەم وا لە بیرم چووە خۆ ئێوە بەچاوی خۆتان دیوتانە و خوێندووتانەوە، ئەوانیش بەجووتە وتیان ئاخر بۆ ئێستاش لازم بوو کە ئەمیش بیبینێ، وتی: قەید ناکات بەڵام بۆ جارێکی تر هەر ئەیهێنمە خزمەتی خۆشی کە بیخوێنێتەوە، (انجا که عیان چ حاجت به بیانفارسی) ئەمە مەسئەلەیەکی ئاشکرا و دیارە بەبەرچاوەوە هیچ کاغەزیش نەبێت، هەر ئەمە ڕێگەیەکی ڕاست و ڕووناکە، ئایا لە نوقتەی دیانەت ئایا لە سیاسەتدا، یا لە هەر خسووسێکی ترەوە کە بیخوێنیتەوە و بیگرێ، لەمە زیاتر چارە نییە، پەنا و پشتیوانی ئێمە هەر تورکە و تورک... باوک و باپیرە گەورەمان هەر لەگەڵ ئەواندا بوون، خۆشمان هەر پەروەردەی دەست و تەربییەی ئەوانین، گەورەمانن و ساحێبمانن. خەلاسە ئێمە لەگەڵ ئەواندا نەبێ ناژین و ئیدارە ناکەین، ئەوان ئیسلام و ئێمە ئیسلام، ئایا بەحەسەب دیانەتەوە وە یاخود بەحەسەب شتی ترەوە بێت، هەر ئەوان چاکن، قسە هەزارە و دووانی بەکارە، ئێمە و تورکیان وتووە، ئەگینا ئێمە چۆن لەگەڵ حکوومەتی ئینگلیزدا هەڵئەکەین، ئەوان لە پاش دوو سێ ساڵ ئەمانخەنە سەر ساجی عەلی، هەموو چێوی سواڵمان ئەدەنە دەست کەس کەس ناناسێت، هەر کەسە بۆ خۆی گەورەی خۆی ئەبێ، گەورە و بچووکی نامینێ، قەدر و ئیعتبار لە ناو ئەچێ، ئەمڕۆ ئەم وڵاتە کە هەر جەنابت ئەناسن، ئەوسا کەس هەر ئاوڕت لێ ناداتەوە، تۆ چیت و من چیم، گەورەکەش لەم قسانەی کە بەدڵی بوو، زۆر موتەئەسیر بوو، وتی: ڕاستە منیش باوڕ ئەکەم و ئەزانم کە وایە و بۆ ئێمە هەر ئەمە چاکە و لەوە چاکتر و باشتر چارەیەک نییە، بەڵام ئێستا ئەڵێن تورک ئەو تورکە نەماوە کە ئێمە دیومانە، ئێستا ئەوان دەخلیان بەسەر دیانەت و شەریعەتەوە نەماوە، خەلافەتیان هەڵگرتووە و خەلیفەیان دەرکردووە، هەرچی ئاداب و ئاینی ئیسلام هەیە هەموویان وەرگێڕاوە، شێخ و مەلایان هەموو دەرکردووە، تەکیە و مزگەوتیان داخستووە، ژن و پیاو پێکەوە لە چایخانە و مەیخانە سەربەست هەڵئەستن و دائەنیشن، شەبقەیان لەسەر کردووە، قورئانیان تەرجەمە کردووە بۆ تورکی، مەسئەلەی تەڵاق و نیکاحیان گۆڕیوە. کەوابوو فەرقی ئەمان و ئەوان چییە، بگرە ئەجنەبییەکە چاکترە. ئەم جار هەرسێکیان هەڵیاندایە بەپێکەنینەوە وتیان: قوربان هەڵبەت تۆش بەم پڕوپاگەندانە باوەڕت کردووە. ئەم قسانە غەیری بوختان و درۆ نەبێ هیچی تر نییە، خۆ شوکر جەنابت دنیات دیوە و لە سیاسەت ئەزانی، ئەمە گوایە بەم قسانە فکری خەڵق لە حەق تورک ئەگۆڕن و تێکی ئەدەن، ئەگینا بەهەموو شتێک تەئمینت ئەکەین کە ئەم قسانە هەمووی ئیفترایە و بێ ئەسڵە ئەگەر دین و ئیسلامییەت بێ لای ئەوانە، تۆ چۆن ئەبێ باوەڕ بەم قسانە بفەرمویت. ئیتر کابراش بەم قسانە هاتە سەر بارێکی تر، بەهاژە و هووشەی ئەمانە تەواو بڕوای کرد وتی: کەوابوو بائێمە یەکێک بنێرین بۆ لای ئەوان کە موزاکەرە و گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات و قەرارێکی قەتعی و قەول و تەعهەدات تەواو وەربگرێ، ڕێگە و دامودەزگا بۆ ئێمە دابنێن بەنەوعێکی وا کە بۆ ئێمە چاک بێت ئەوە بەو جۆرە باشە و منیش بەم ڕەنگە زۆرم پێ خۆشە، هەرچەندە ئەترسم ئەم جارەش بێ فائیدە بێ چونکە ئەمە سەری چەند جارەیە کە پیاو ئەنێرین و بێ فائیدەیە، ئەم جارە ئەبێ بەڕەنگێکی وا و یەکێکی وا بنێرین کە بێ نەتیجە نەمێنێتەوە. ئەوانیش وتیان زاتەن مەقسەدی ئێمەیش ئەوەیە کە یەکێکی تێگەیشتوو ڕاست و پاک بچێ و موافقی مەتلەب مەسئەلەی ببڕێتەوە و جوابی قەتعی بهێنێتەوە با ئەم جاریش وەکوو جاران نەبێت.

ئێستا وا فڵان حازرە (ڕوویان کردە کوڵەبنەی دەنگنووساو) ئەویش هەستایە سەر پێیان وتی بەڵێ من حازرم، ئەفەرموون لە سبحەینێ زووتر نییە من ئەڕۆم و هەرچۆنێک ئارەزوو ئەکەن و قەرار ئەدەن ئەیبڕمەوە. دووانەکەی تریش وتیان زۆر باشە لازمە لەم خسووسەوە چی پێویستە ئەو شەرایت و قەول و قەرارە بنووسرێتە کاغەز و ببەیت لەگەڵ خۆت، گەورەکەیش وتی باشە. ڕووی کردە کابرای زەردە وتی تۆ کاغەزێکی باش و درێژ بنووسە لەم خسووسەوە زۆر بەدیقەت و بیهێنە من ئیمزای ئەکەم، ئەمیش حازر بێت هەتا دوو ڕۆژی تر بڕوات، خوا حافیزی بێت. لە پاشان گەورەکە ڕووی کردە کابرای کە لە ئەوەلی مەجلیسەوە هاتبوو لای سەرووی گرتبوو وتی: تۆ لەم خسووسەوە چی ئەفەرمویت ئەویش وتی: هەو چۆنێک ئێوە لاتان باشبێت ئەوا منیش لام باشە. کوڵەبنە کەچەڵەکەی لای خوارەوە وەستابوو، ئەویش هەڵی دایە وتی: بەخوا شت لەمە باشتر نابێ. ئیتر لەسەر ئەمە قەرار درا و گەورەکە بەدڵ و دەروونێکی ساف و بێگرێوە وتی: لە سبحەینێ زووتر نییە کاغەز بنووسرێ کابرایش سبحەینێ بەخێر بڕوا. ئیتر ئەوان بەڕوویەکی پێکەنیناوی و دڵێکی خۆشەوە هەستان ڕۆیشتن، مایەوە گەورەکە و کابرای لە ئەوەڵ مەجلیسەوە هاتبوو لەگەڵ کوڵەبنەی کەچەڵەکە، ئەم جار گەورەکە وتی: ئێستا وا باشە بزانین ئەم جارە ئیش چۆن ئەبێ، کابرای کوڵەبنەی کەچەڵە وتی قوربان سەری تۆ خۆش بێت باش ئەبێ و ئەبێ باش بێت، کابرای تریش وتی: ئومێد وایە هەر باش ئەبێ، لە پاشان گەورەکە کوڵەبنەکەی بانگ کردە پێشەوە بەهێواشییەکەوە پێی وت: تۆ ئێستا بچۆ ئەو پیاوانە حازر بکە، مەیەلە کەس پێ بزانێت، لە ماڵی خۆتان دایان بنێ، تەمیەیان بکە کە نەیەڵن کەس پێ بزانێ و خۆت لەگەڵ فڵاندا تەرتیباتیان بۆ دابنێن هەتاجێبەجێ ئەبن. ئیتر چونکە نەختێک بەچرپە قسەیان ئەکرد، هەموو قسەکانیانم گوێ لێ نەبوو. دوایی کوڵەبنەکە وتی: قوربان سەری تۆ خۆش بێ هەرچۆنێک ئەمر و ئارەزووی تۆ بێت وا جێبەجێ ئەبێت، ئیتر ڕۆیشت بۆ دەرەوە.