بە گوڵزاری ئیرەم قوربان دەپرسی گەر لە ئەحواڵم

لە کتێبی:
دیوانی وەفایی
بەرهەمی:
وەفایی (1844-1902)
 2 خولەک  2426 بینین
بە گوڵزاری ئیرەم - قوربان - دەپرسی گەر لە ئەحواڵم
نەخۆش و سەرخۆش و مەست و خوماری چاوەکەی کاڵم
پەرێشانم، بڵاوم، تێک شکاوم، خاو و شێواوم
دەڵێی شاماری زولفی تۆم لە دووی تۆ شێت و عەبداڵم
بە نازی چاوەکەی وەک بازی، بازی دام هەتا پیر بووم
دەترسم هەر بە بازی بمکوژێ ئەو یاری منداڵم
نە داغی جەرگی خۆم زانی، نە مایەی بەرگی خوێنینم
شەهیدی دەشتی عیشقم، لالە ڕەنگم، من کەڕ و لاڵم
دڵەی بێهۆش و گۆشم موددەتێکە هەر دەناڵێنێ
خودا ڕوحمێ بکەی بەو مورغی حەپسی بێپەڕ و باڵم
بفەرموو «با» پەرێشانم نەکا زولفت لەسەر ڕووی تۆ
ئەمان یا کاشفی زوڵمەت، دەخیل ئەی شەوچرای ماڵم
بە خۆت سەرمەشقی زولف و دەرسی باڵات داوم ئەز چ بکەم
نیشانە و دەسخەتی خۆتە ئەگەر ئەلفم ئەگەر دالم
ئەمن ئیفتادە بووم تۆ خۆت بە ڕەحمت دەست گیرم بووی
پەشیمانی نە شێوەی تۆیە، ئەی خورشیدی ئیقباڵم
ئیشارەی چاو و عیشوەی زولفەکەت بوون مورشیدی ڕێگام
ئەگەر دەیری موغان قیبلەم، ئەگەر زوننارە بەرماڵم
بە تیغی غەمزە ئەمن و تەرکی ڕووی تۆ؟ قەت مەڵێ قوربان
ئەگەر قیمەم بکەن هەر ڕۆژ پەرستم، هەر بە یەک حاڵم
ئەمن هەر تۆم دەوێ، من چم لە ڕۆح و چم لە دین داوە؟!
بە قوربانی تەماشایێکی تۆ سەد جار سەر و ماڵم
لە تاو دەردی دڵی دێوانە خوێن دەگریم و نازانم:
نە خەستەی چاوەکەی مەستم، نە ڕەنجەی پەنجەکەی ئاڵم؟
بە مەرگی من بە ڕەمزێکی بڵێ بەو چاوە حاڵیم کا
ئەتۆ نازدار و بیماری، ئەمن بۆچ زار و بێحاڵم؟!
کوتی: بۆ کوێ دەبەی ڕۆحت «وەفایی»؟ دەوریان گرتی!
نیزامی پەرچەم و سەربازی زولف و عەسکەری خاڵم