ئەی نەشئەی خەندەی زارت شیرینکاری حەیاتم
لە کتێبی:
دیوانی وەفایی
بەرهەمی:
وەفایی (1844-1902)
2 خولەک
1345 بینین
ئەی نەشئەخەندی زارت شیرینکەری حەیاتم
عیشوەی زولف و عیزارت موژدەی شەوی بەراتم
فەرمووت: تۆم نەمری نایێم، ناژیم نەیێیتە سەر جێم
وەعدەکانت بەخێر بێ، هەر چاوەڕێی وەفاتم
خۆزگەم بەوەی لەدووی تۆ، هەر دەنواڕێتە ڕووی تۆ
مردم بە ئارەزووی تۆ، قوربانی ئاشناتم
بە تیرێک دوو نیشانە، شایانی شای تورکانە
قوربانی دەست و بازووی ئەو چاوەی سورمەساتم
ئەو تیرە دات لە جەرگم، دەرکەوت ئاساری مەرگم
فەرمووت: کە دێ، بە سەر بێ، بەختم نەبوو نەهاتم
چی عیشقی تۆی لە دڵدا، دەستی لە ئاب و گڵ دا
داغی شێواوی ڕووتم، کوشتەی ڕەقس و سەماتم
تیرت قەراری دڵ بوو، ئارامی دا بە جەرگم
با دڵ دڵی نەمێنێ، ئەو جارەکەش فیداتم
ئەی ساقی خەراباتی، قەترێک ئاوی حەیاتی
ئامان دەستی منت دامان! سووتاوی نێو زوڵماتم
ساقی چاوت بنوێنە، زوهد و تەقوام بستێنە
قوربانی جامێک مەی بێ، هەموو سەوم و سەلاتم!
موتریب! هادیی ڕۆحانی، لێدە تاری سوبحانی
شاباشی سۆزەی نەی بێ، هەموو جومعە و جەماتم
ڕیشێکی گێژ و وێژ بێ، بە ڕیا دوور و درێژ بێ
موشکل ئەو پووشە ویشکە، بێتە مایەی نەجاتم
دڵ پڕ خەو و خەیاڵات، دەم بە زیکر و موناجات
زەحمەت بە ڕۆژی تاریک، خۆش بێ وەقت و سەعاتم
دەمێکە دڵ بڵاوە، بەو زولفە پێ بە داوە
یا خودا بە ڕووت گوشا بێ، غەریبی دوور وڵاتم
نەمزانی گوڵ دەپشکووت، شیرین بە لێوی یاقووت
یا تۆ بە خەندە فەرمووت حوققەی شەهد و نەباتم
گوڵ عەتری خۆی بڵاو کرد، دونیای پڕ لە گوڵاو کرد
لاڵ بوو زوبانی بولبول، کوشتەی زات و سیفاتم
خۆشخوانی مەجلیسی گوڵ! بێنەوە جۆش ڕۆح و دڵ
بێحاڵە زۆر «وەفایی» فیدای دەنگ و سەداتم