ئەی چرای زوڵمەتکەدەی دڵ ئەی جەلای نووری بەسەر
لە کتێبی:
دیوانی وەفایی
بەرهەمی:
وەفایی (1844-1902)
2 خولەک
1611 بینین
ئەی چرای زوڵمەتکەدەی دڵ، ئەی جەلای نووری بەسەر
تۆ و جەماڵی باکەماڵت، ئافتابی یا قەمەر؟
شەو ئەگەر تۆ ماهتابی، ئینتیزاری تا بەکەی؟
رۆژ ئەگەر تۆ ئافتابی، بۆچ لە هەوران نایە دەر؟
جیلوەیێکت پڕ بە عالەم بۆ شەهیدان عومری نەو
خەندەیێکت پڕ بە دونیا بۆ نەخۆشان گوڵشەکەر
ئاب و تابی ڕووتە مایەی سۆزش و گریانی من
گا غەریق و گا حەریقی میهری ڕووت وەک نیلووفەر
ئاوی چاوم بۆتە مایەی سۆزش و گریانی دڵ
گا نەخۆش و مەست و حەیران، گا بەهۆش و باخەبەر
وا فیگار و ڕەنجەڕۆم کافر بە حاڵی من نەبێ
بێقەرار و ئەشکبار و، دوور لە یار و دەربەدەر
هێند لەبەر ئاوری فیراق و ئیشتیاقت مامەوە
بوو بە کۆی زووخاڵ دەروونم، بوو بە خوێن جان و جگەر
دەستی من دامانی زولفت با لە ڕووت مەحرووم نەبم
ڕەوشەنە موشکیل گوشای شەو زیندەدارانە سەحەر
دوێنێ دەیفەرموو: بە هەویای وەسڵی ڕوخسارم مەبە
تا وەکوو زولفم نەبی گەردەن کەچ و دەستە و نەزەر
سەد شوکر هێنامیە بەر ئەبرۆ لە قەیدی زولفی خۆی
پاشی عومرێکی درێژ باڵی هومای ئاویتمە سەر
حۆری عەین، ڕوحولقودوس، یاخۆ مەلایک، یا پەری؟
یا ئەتۆ بووی وا خەرامان هاتی ڕۆحم هاتەبەر؟
خۆش بە ناز فەرمووی: «وەفاییناسناوی ئەدەبی» عومری خۆی هیچ ڕابوارد
یا بە قوربانی دەمم بوو یا بە سەرگەردی کەمەر