داگیرکردنی عوسمانی

لە کتێبی:
سەرنجێ لە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی کوردی
بەرهەمی:
عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ (1934-2019)
 3 خولەک  607 بینین

نزیکیی خاکی بۆتان و تەنانەت بادینانیش وای کردووە کە دەسەڵاتی تورک یەکسەر بگاتە هەموو کونجێکی ژیانی ئەو دوو میرنشینە پێشووەی کورد.

داگیرکردنی عوسمانی لە فەرهەنگی سیاسەتدا بەرامبەر بە نەزانی و نەخۆشی و دواکەوتنە. بەم جۆرە لە هەموو خاکی داگیرکراوی کورددا، عوسمانییەکان دەستیان دایە کوژاندنەوەی هەموو مەشخەڵ و چرایەکی زانیاری. لە جزیرە و ئامێدی و ئاکرێ و شووش و باڵەتە و سلێمانی و گەلێ شوێنی کوردستان، مزگەوتە گەورەکان جێگەی خوێندن و سەرچاوەی زانست و ئەدەبیات بوون، بەڵام داگیرکەری عوسمانی ئەو مەشخەڵەی ڤەمراند و گەر بۆ خاپاندن و دەسەڵات پتەوکردنی خۆیان کاریان بە ئایین و مزگەوت بووبێ، ئەوە هەوڵی ئەوەیان داوە کە لەجێگەی دەنگی موناقشە و زانین، دەنگی دەف و لەجێگەی چرای زانست، بریسکەی شیر و زرکی دەروێشی تیادا جێگیر بێت.

ناوچەی سلێمانی، سەرەڕای زۆر کارەساتی دی کە بووە هۆی دواکەوتن و ڕاگرتنی بەرەوپێشچوونەکەی دەوری بابان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ هۆ هەبوو کە ئەو مەشخەڵەی لە کوژاندنەوە ڕزگار کرد.

دووریی سلێمانی لە پایتەختەوە و بەزەحمەت گەیشتنی سوپا و سەربازی عوسمانی وای کردبوو کە هیچ کاتێک لە سلێمانیدا دەسەڵاتێکی پتەوی عوسمانی دیار نەبێت. گەر شێخی نۆدێ لە دەوری باباندا بە یەکێ لە کۆڵەکەکانی زانست بزانرێ، ئەوا کاک ئەحمەدیش لەم دەورەدا بەوەی تەریقەت و زانینی لەیەک دا، وای کرد کە ئەو مەشخەڵە نەکوژێتەوە. تەنانەت بەڵگە زۆرە کە پاش ڕووخاندنی بابانیش هەر بە کوردی دەرسی دەوتەوە. عوسمانییەکان بۆ بەڕێوەبردنی دەستگای دەوڵەت پێویستیان بە چەند قوتابخانە هەبوو کە کادر و فەرمانڕەوایان بۆ پێ بگەێنێت. بۆ ئەوەش کە خەڵکی هەندێ لای ئیمپراتۆرییەتەکەش بە چەند دەستگایەکی ئەوتۆ بێدەنگ بکەن کە خۆشیان سوودی لێ ببینن، لەپاڵ دانشگای سوڵتانی و عەسکەریی ئەستەمبوڵدا لە چوار شاری ئیمپراتۆریەتیدا چوار قوتابخانەی ڕووشدیەی عەسکەرییان کردەوە کە بۆ ئەو کاتە لە ڕیزی پلەی سانەویی خوێندنی ئەمڕۆ دەژمێررا، هەرچەندە ڕادەی خوێندنەکەی زۆر لەوە بەرزتر بووە. یەکێ لەم چوار ڕووشدییەی عەسکەرییە بەر شاری سلێمانی کەوت.

ئەم قوتابخانەیە، هەروەک پێشکەوتنەکەی پێشووی دەپاراست، هەروەها بناغەی خوێندنی هاودەم و تازەبابەتیشی یەکەم جار لە سلێمانیدا، بەڵکوو لە هەموو کوردستاندا، دامەزراند و هەر لێرەدا کۆمەڵێ قوتابی پێ گەیشتن کە دوایی ڕوویان کردە ئەستەمبوڵ و خوێندنیان تەواو کرد و زۆریان لەمەودوا بوون بە کەسی وا کە لە مێژووی سیاسی و کەڵچەر و ئەدەبیات و زمانەوانی و مێژوونووسینەوەی کورددا ناویان بدرەوشێتەوە. هەروەک کاربەدەستی وایان تیا هەڵکەوت کە لە ئەستەمبوڵدا پایەی زۆر بڵندی هەبێ و لە ڕووی شارستانی و کەڵچەرەوە هەوڵی ئەوە بدات گەر خزمەتی هەموو کوردستانیشی پێ نەکرێ، ئەوا خزمەتی سلێمانی بکات.