شاری سلێمانی

لە کتێبی:
سەرنجێ لە زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی کوردی
بەرهەمی:
عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ (1934-2019)
 8 خولەک  1168 بینین

تەنیا ئەوانەی مێژوو بە ئەنجامی ئارەزوو و خواستی تاقەکەسێک یا چەند کەسێک دادەنێن، دروستکردنی شاری سلێمانی بە ئەنجامی ئارەزوویەکی برایم پاشای بابان و ئاڵوودەییی ئەو پاشایە لەگەڵ چاوی ڕەشی ئاسکی کانێسکاندا دەزانن. بەڵام ڕاستیی مێژوو ئەوەمان پێ دەڵێ کە پێویستییەکی مەوزووعی وای کرد کە لە ئامانجی پەرەسەندنی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی میرنشینی باباندا پێویست بە شارێکی گەورە و پێشکەوتوو هەبێ کە ببێ بە پایتەختی ئەو میرنشینەی دەیویست پەرە بسێنێ و پەل بۆ میرنشینەکانی تری کورد بهاوێژێ و ئەو ئاواتەی بهێنێتە دی کە بۆ مێرانی بۆتان و سۆران نەهاتە دی: ئاواتی یەکخستنی کوردستان. باری جوغرافی و کۆمەڵایەتیی شاری قەڵاچوالان لەوەدا نەبوو کە ئەو پایتەختەی لێ پەیدا ببێت، بۆیە هەر لەو نزیکە شوێنی ئێستای شاری سلێمانی لە هەموو ڕوویەکەوە لێی دەهات کە ئەو پایتەختەی تیادا دروست بکرێ. بناغەدانەوەی شاری سلێمانی لە ساڵی ١٧٨٤دا ئەنجامێکی تەجروبەی چەند سەدەی کوردیشە لە شار دروستکردندا و دنیادیدەییی پادشای بابان خۆیشی لە نەخشەکێشان و بیناکردنی شاردا جێگەی خۆی گرت.

هەموو شارێکی تازە لە مێژوودا، بەتایبەتی ئەو شارانەی لە سەردەمی شارستانێتیی تازە و بەرەو پەیدابوونی پەیوەندیی سەرمایەداری چوون، لە بەرهەمدا دروست کراون، هەموو ئەنجامێکی پێشکەوتنی ئەو چەند سەدەیە لەوێدا دادەچەسپێنن و دواکەوتنەکەی ئەو چەند سەدەیە لە دەرەوەی شار جێ دێڵن.

بەم چەشنە لە شاری سلێمانیدا هەر لە سەرەتای دروستبوونیدا گەلێک شت پێک هات. شار لەسەر بناغەی زانین و شارستانێتی دروست کرا، بە چەشنێک کە لە شاری تازەی پێشکەوتوو بچێت و هونەری ئەرخیتێکچەری ئەو سەردەمەی ڕۆژهەڵاتی تیادا بەکار هێنرا.

هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە پڕۆژەی ئاو و زێرابی تایبەتی بۆ هەموو شارەکە کرا.

چەند چەشنە پیشەسازی لە شارەکەدا دامەزرا، کە لەو پیشەسازییانە دەچوون کە وا لە سەرەتای ڕاپەرینی پیشەسازی و پەیدابوونی پەیوەندی بۆرژوازیی ئەورووپادا پەیدا بووبوون. وەک سابوون دروستکردن و چنین و ڕستن و جۆڵایی و موتابخانە و دەباخانە . هەر وەک گەلێ سنعەتکاری تر لە شاردا پەیدا بوون، وەک چەخماخساز و کارگەچی و هتد. وە زۆری ئەم سەنعەتانە کاری تاقەکەسی یا تاقە وەستا نەبوون، بەڵکوو زۆرتر ئەوە بوو کە وەستایەک چەند شاگردی لە ناو چوار دیواردا کۆ دەکردەوە و ئیشی پێ دەکردن، کە ئەمە لە ئیکۆنۆمیدا بە (مانیفاکتۆرە) دەزانرێ، کە یەکەم وێنەی کارگەی تازەی دەوری سەرمایەدارییەوە؛ یەکەم دەستگایە کە شێوەی «بەکۆمەڵ بەرهەمهێنان» بدا بە بەرهەم. ئەمە خاسیەتی یەکەمی ڕژێمی سەرمایەدارییە و ئەو هەنگاوەیە کە ڕژێمی سەرمایەداری بە سۆشیالیزمەوە دەبەستێ. هەروەک پیشەسازی لە یەکەم ڕۆژەوە لە سلێمانیدا سەری دەردەهێنا، هەروەها ئەو شارە بوو بە مەرکەزێکی پتەوی بازرگانییش.

بێگومان ئەم پێشکەوتنە ئابوورییە و ئەو هەوڵە سیاسییە پێشکەوتنی زانیاری و ئەدەبیاتیشی لێ دەبێتەوە و چەشنە وریایی و هوشیارییەک لەناو دانیشتووانیشدا دروست دەکات. بەتایبەتی گەر ئەوەش بزانین، کە سەرچاوەکانی مێژوو دەیگێڕنەوە کە وا پاشای بابان کاتێ شاری دروست کرد، هەواڵی بۆ هەموو دێهات و سەرتیرەکان نارد کە هەر لایە چەند ماڵ بنێرن بۆ ئەوەی لەم شارە تازەیەدا نیشتەجێ ببن. دیارە کە هەرگوندە و هەر سەرتیرەیە ئەو کەس و خێزانانەیان ناردە شار کە حەزیان لە ژیانی شارستان و پێشکەوتن دەکرد و لەگەڵ ئەو ژیانەدا دەگونجان و وەک دەڵێن شایانی ئەوە بوون ڕووی خۆیان و تیرە و گوندەکەیان لەبەردەمی پاشادا سپی بکەن.

ڕاستییەکی عیلمیی ئەوتۆش هەیە کە لێرەدا هاتە دی؛ ئەویش ئەوەیە کە هەمیشە هوشیارترین دەستەی جووتیار ڕوو دەکەنە شار، ئەوانەی بتوانن لە گەڵ ژیان و ڕێکوپێکیی ئیشیکردن و گوزەرانی کرێکاردا بگونجێن .

گەر ئەمە لە باسی زەحمەتکێشانی شاردا ڕاست بێت، ئەوا بۆ سنعەتکار و بازرگان و توجاریش دەبێتە شتێک کە ڕووی داوە. زۆر لە پیاوە پیرەکانی سلێمانی و لە خێزانە کۆنەکانی باش ئەوە دەزانن کە هەریەکەیان لەکوێوە هاتوون و بۆچ. هەر سنعەتکارێکی کوردی دەستڕەنگین کە سنووری گوند و شارەکەی خۆی پێ تەنگ بووبێ، هاتووە لێرەدا هونەری خۆی بنوێنێ و پێش بکەوێ. سلێمانی بوو بە مەرکەزێک کە خاوەنپارەی زۆر شوێن بەو جێگەیەی بزانن کە سەرمایەکەیان بەئازادی پەرەی تیا بسێنێ، بۆیە لە کوردی هەمەدان و لە ئازەربایجانی و جوولەکە و کلدان ڕوویان کردە سلێمانی تەنانەت لە تۆماری یادگارا باسی زۆر مۆسیقاژەن و گۆرانیبێژیش هەیە کە بەم مەبەسە ڕوویان کردە سلێمانی.

لە ڕووی زانست و خوێندەوارییشەوە هەر لە سەرەتاوە چەند مزگەوت درووست کرا و مزگەوتی گەورە بوو بە مەڵبەندی خوێندن و بە سەرپەرشتیی پاشای بابان و لە پارەی میرنشینی ڕێوشوێن بۆ گوزەرانی سەدان فەقێ دانرا، کە لە هەموو کونجێکی کوردستانەوە دەهاتن.

فەقێی زانستخواز و زیرەک بۆ خوێندن، مەلای لێهاتوو و هەڵکەوتوو بۆ دەرسوتنەوە ڕوویان کردە ئەو مەڵبەندە. دیسان ئەوەش ئاشکرایە کە ئەو مەلا گەورانە لە کوێوە هاتن و بۆچ. وە چۆن هەندێکیان لە سلێمانیدا پێ گەیشتن و بەناو هەموو وڵاتی ئیسلامدا ناوبانگیان بڵاو بۆوە. هەر لەم بارەیەوە کێشەی نێوان تەریقەتی قادری و نەقشبەندی بە شەقڵێکی پێشکەوتنی شار دەزانرێ.