بادی نەورۆزی ئەوا هات گوڵوەشان و عەتربار

لە کتێبی:
دیوانی وەفایی
بەرهەمی:
وەفایی (1844-1902)
 2 خولەک  2509 بینین
بادی نەورۆزی ئەوا هات، گوڵوەشان و عەتربار
وەک شەمیمی ڕوویی دڵبەر، وەک نەسیمی زولفی یار
گوڵ قەرارێکی بە بولبول دابوو دیسان بێتە باغ
زۆر نەچوو، بای وەعدە بۆی هێنا نەویدی نەوبەهار
وەک شەهیدی زولف و ڕووی دڵبەر لەسەر یەک کەوتوون
تا قیامەت مات و بێدەنگ و خەمۆشن لالەزار
بۆی وەنەوشە و سونبوڵە سەحرا سەراسەر تۆ دەڵێی
بای سەبا عەنبەر دەبارێنێ لە دەشت و کۆهسار
مەیلی کردە جۆیباران سەروی گوڵروخساری من
جەننەتێکی دیکەیە ئەمڕۆ کەناری جۆیبار
سەربەسەر زیکر و حەدیسی گوڵشەن و سەرو و گوڵە
نەغمەیی گوڵبانگی بولبول، دەنگی قومری، سەوتی سار
بوو بە مایەی سۆزی جەرگ و دوودی ئاهی عاشقان
گوڵ بە ڕوویی ئاتەشین، سونبول بە زولفی تابدار
باغ دەڵێی مەیخانەیە، پیری موغان گوڵ، مەیفرۆش!
لالە سەرخۆش، ئەرغەوان پەیمانەکەش، نێرگس خومار
گوڵ بە ناز و عیشوە خەندان، بولبولی ئاشوفتەحاڵ
نەغمەپەرداز، مەست و حەیران، دڵ فیدا و جان نیسار
وەسڵ و گریان قورب و هیجرانە تەریقی عاشقی
فەسڵی گوڵ بۆیە لە سەرچاوان وەها ئاو دێتە خوار
هەر گوڵێ ڕەنگێکی بۆنی ڕەنگ و بۆی دڵبەر دەدا
ڕەنگی بێڕەنگی تەماشا کەن! بە چاوی ئیعتیبار
بۆ تەنی دڵموردەگان کاری مەسیحایی دەکا
سەبز و خوڕڕەم، دڵگوشا، جانبەخشە، دەشت و کۆهسار
عەتری بەردا غونچەدەم، نێرگس نیگاهی کردەوە
دوودی عوودی مەجمەری باغ بوو بە دەفعی چاوەزار
ئەشک و ئاهی من هەتا بێ زۆرترە ئاسوودەگیم
ڕاحەتی ڕۆح و دڵە، ئاب و هەوایی سازگار
دەم بە دەم سەرو و سنەوبەر وا کە هەر دێن و دەچن
عاشقن سەوداسەرن مەجزووبی گوڵ بێئیختیار
عوشرەتی هەردوو جیهان دێنێ «وەفاییناسناوی ئەدەبی» فرسەتە
گۆشەیی گوڵزار و جامی بادە و ڕوخساری یار