شەهید کەماڵی ڕەسولی‎

لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
 1 خولەک  862 بینین
‏هەرچی هەمبوو چوو لە دەستم خۆشەویستی تۆ نەبێ
نەم دەزانی کۆچی تۆ وام پێ دەکا ئەوڕۆ نەبێ
خورپە لە دڵم دێنێ ئەو دەرگایە هەرکەس دێتە ژوور
بەرد بەزەی پێم دادێ پاکی بەردی سەر گڵکۆ نەبێ
شینی تۆ ویشکاوی پێ هێنا بە یەکجاری دەنا
هەر قەتارەی بەستووە فرمێسکی من ئەوشۆ نەبێ
چاوی ویشک بێ تۆ ئامانجی مژۆڵ بێ چاترە
خوێنی با لێ بڕژێ دڵ بۆ تۆ ئەگەر بۆسۆ نەبێ
هەر کەسێ نەیدیبێ نازانێ خەمی لێک هەڵبڕان
ئاگریش کەم وایە هێندەی تیز نەبێ پشکۆ نەبێ
کێ بەپاکی و کردەوەی پیاوانە وەک تۆی پێ کرا
کوا هەبوو ڕووخۆشی وەک تۆ مانگی سەر ئاسۆ نەبێ
چارەنووس هات و جودایی خستە ناو ئێمە «کەماڵکەس»
تۆ لە دەستم چووی و هیچم پێ نەما ڕۆ ڕۆ نەبێ