چۆمی کۆدەڵ

لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
 2 خولەک  710 بینین
کۆدەڵ ئێستاشی سرەوتن ناوێ
سینگ لە بەرد ئەکوتێ پریشک داوێ
هەڵوەدا و شلوێ بە چۆلدا وێڵە
چاوە هەر لێڵ و دەراو هەر لێڵە
ئەو کە ساڵان خوڕ و مەند و گۆمی
قەڵپەزەی ئاوی لە ماڵی چۆمی
وات ئەزانی کە هەمووی کافوورە
ئێستە بە خوێنی شەهیدان سوورە
کەفی شێتانە دەچێنێ و دەگەڕێ
لە تەنیشت دار و دەوەن تێ دەپەڕێ
سەر بەسەر ئاودڕ و خڕ دادەگرێ
هێندێ دەڕوانێ لەوێش ڕادەبڕێ
نە «شەریف زادە» لە هیچ کوێ هەستی
دێتەوە گوێ نە «محەمەد ئەستی»
نە «حوسێن ڕابی» ئیتر لەو ناوە
هەڵمەتی نیوەشەوانی ماوە
نە لە جێیەک عەلی عەوڵا کۆڵی
ماوە هەڵماڵێ لە دوژمن قۆڵی
دێ و دەناڵێنێ لە دووری ئازیز
سەری شێواوی دەنێتە لم و خیز
نە دوایی دێ نە دەبڕێ شینی
وەکوو کۆست کەوتە دەچێ ناڵینی
دەگەڵ ئەسرینی من ئاواڵە ئەویش
هەردوولا لێڵن ئیتر بۆیە منیش
هەرچی فرمێسکێ لە چاودا ماوە
لێرە دەیڕێژمە ئەو سەرچاوە