ئەشکەوتی خەزاڵێ
لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
1 خولەک
765 بینین
ڕێ سەرەوژوورە گەلێک بڕناکەم
بۆ وچان جێیەک ئەبێ پەیدا کەم
لەسەر «ئەشکەوتی خەزاڵێ» ش تاوێ
با خەیاڵی سەرەڕۆ خۆی باوێ
سێبەری فێنکی هەیە بۆ ڕێبوار
وەکوو یەک ڕادەگرێ پیادە و سوار
ماڵی بۆ دەربەدەران ئەنوایە
خانەخوێی دەربەدەری هەر وایە
زگی پڕ سوچ و کەلێن و قوژبن
سەر بەڵام پوچەک و بێ نێوئاخن
کەچی بەو حاڵەوە چی بێتە گوێ
ئەویش ئەیڵێتەوە بۆت سەر لەنوێ
هێشتە هەر ئەیڵێ کە «عەوڵا ناسر»
پێی لەخۆبوردنی نا ناو ئاگر
کاتێ وا دەستی لە ژینی خۆی شووت
چەند بە سەربەرزی دەمرد و دەیگوت
حەز دەکەن مەبنە مەکۆی داخ و دەرد
پشت مەبەستن بە هەڤاڵی نامەرد