بازاڕ

لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
 4 خولەک  706 بینین
دەگەڕێ ژان لە دڵی بە بریندا
هێشتە شار هەر دە خەوی شیریندا
چاوەڕێم زەردە لە کەل بێتە دەرێ
شەوی تاریکی دەگەڵ بێتە سەرێ
شەو کە باڵی ڕەشی لادا لەسەری
سەیری شاری دەکەم و دەوروبەری
دوور و نیزیکی دەگرمە بەر چاو
هەموو جێگای بە سرنجێکی تەواو
چی بەسەر هاتووە شار، چۆن ماوە؟
هەر وەکوو پێشووە یان گۆڕاوە؟
ئەهلی باژێرەکە چۆنن دژ نین؟
وەکوو جاران بە گەمە و گاڵتە دەژین؟
ئەوبەرەوبەر لە یەک ئاگادارن؟
هەموو هەر وا لە عەجەم بێزارن؟
کە لەوێ ڕادەبرێ داگیرکەر
دەیدەنە بەر بە گەپ و تیز و تەشەر؟
با ئەگەر دێنێ هەواڵی ئەولا
دەتەقێن لینگە تەرازوو لە دوولا؟
دەگەڕێ دەنگ و هەموو شار دەگرێ؟
دووره دەست کێیە خەبەردار دەکرێ؟
لێک وەکۆ دێن و لە کۆشکی ڕەنگین
دەیکەنە سرتە بە پەردە و پەرژین؟
ڕۆنفرۆش چۆن کەرەکەی دەفرۆشێ؟
جاشی زۆر گەورە دەدا بە قرۆشێ؟
کەس هەیە بۆم بڵێ نەرمە نەرمە؟
ماملێ بەزمی شەوانەی گەرمە؟
لاوەکانی وەکوو پیری ژیرن؟
بە تەمەن گەنج و بە زانست پیرن؟
هەر مەبەست کۆمەڵە چەوسانەوەیان؟
بەژەوەندی گەلە لێکدانەوەیان؟
کۆڕێ دەگرن بە شەوی دوور و درێژ؟
لە هەموو بارێ دەکەونە وتووێژ؟
دەیکەنە پیلە لەسەر ڕاست و خوار؟
دەگەنە بنج و بناوانی کار؟
هەر دەڵێن داخۆ بە گەل، لەو تەمەنە
هەموو شت لایەک و لای دی وەتەنە؟
هەست ئەکەن چۆن لەسەر ئەو ڕێ دوورە؟
گەلێ پێیانەوە پشت ئەستوورە؟
کاکەمین ئەو سەرو بەندەی چۆنە؟
دڵی سووتاوی دەکا سەرکۆنە؟
داخۆ ساڕێژ نەبووە کۆنە برین؟
گەرمە شینێ گەلێ فرمێسکی وەرین؟
بە هەموو هەستەوە شینی گێڕا؟
یان لەبەر دوژمنەکەی نەیوێرا؟
کوڕەکانی بە فیدای کورد کردن
باجی خوێن بوو لەسەری لابردن؟
بەرهەمی عومری درێژی، نانا
گەوهەری ژینی لە ڕێی گەل دانا
بۆی دەسووتێ دڵ و دانامرکێ
هەست ئەڵێی ئاگرە بۆم نادرکێ!
بۆیە چی پێ نەکرا پێنووسم
هەر مەگەر دەست و دەمی ڕاموسم
دەبێ تا خوێن دە دەمارمدایە
خۆشەویستی بکەمە سەرمایە
لە ژیان کەم هەلی وا هەڵ دەکەوێ
بۆ ژیان گەل لەمە قوربانی بوێ
قارەمان لەو هەلە دەرفەت دێنێ
خۆی دەفەوتێنێ ژیان دەستێنێ
٭٭٭
گەلی تر ئەوڕۆ لە ئەستێرە و مانگ
بۆ هەموو سەر زەوی هەڵدێنن بانگ
کێ دڵی ژەنگی هەیە دەردەخرێ
یەکی بێگەردی لە جێی دادەنرێ
ڕێی لەسەر ئاو و هەوا کردووە گۆڕ
هاتن و چوونی فڕۆکە و پاپۆڕ
دەچتە سەر مانگ و لە ڕێ تل نادا
کانگە دەردێنێ لەبن دەریادا
کورد بەڵام هێشتە لەدەس بێگانە
خۆی ئەسیرە وەتەنی وێرانە
ماڵ و داهاتی بە تاڵان دەبرێ
سەری ببزێوێ قەلاچۆ دەکرێ
یان لە پای دارە بە دەست بەستراوی
یان لەبەر گوللە دەبەستن چاوی
خوێن و فرمێسک و ژیانی حەستەم
بەرهەمی کوردە لە چەرخی بیستەم
بۆ هەموو کەس هەڕەمەی کۆ کۆیە
بۆ مە تازە هەوەڵی ڕۆ ڕۆیە
٭٭٭
ئەوی تێک نەشکێ بەڵام هێزی گەلە
ڕقی گەل دوژمنی خستۆتە پەلە
با وڵات داگرێ با سەر ببڕێ
با زگی دایک و ساوای بدڕێ
سەرەڕای ئەو هەموو زوڵمە سەختە
من لەلام ڕێگە هەتا سەر تەختە
ڕۆژێ دێ خەنجەری گەل ڕادەوەشێ
زوێڵە چەرمی لە هەژار دادەبەشێ
ئەوە دەرسێکە ژیان پێی داوم
لە ژیان نابێ بترسێ چاوم
مێژوو ڕێی خۆی دەبڕێ ناچتەوە پاش
ناچتەوە بن سەوەتەی بەرخی هەراش
چەرخ ئەگەر ئێستە دژی مە دەگەڕێ
لاپەڕێکی ڕەشە زوو وەردەگەڕێ