چوارچرا

لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
 2 خولەک  1400 بینین
ڕێگە دەڕوا وەکوو هەودای خەیاڵ
دەمگەیێنێتەوە جێ کۆڕی بەتاڵ
چوارچرا لەوبەرەوە دەمکێشێ
سەری سەودام هەیە دەچمە پێشێ
باش کە دەڕوانمە تاریکایی
داوەڵی قۆچی دەکا تارمایی
چقڵە خۆی و لە گوڵی دەوری سڵە
چقڵی لێ لاچێ ئەوی دیکە گوڵە
شێرە بەردینە لەجێی پەرژینە
پشتی لەو داوەڵە ناشیرینە
نایەوێ چاوی بە چارەی بکەوێ
کەچی ناچارە لەبەر پێی دەخەوێ
داخم ئەو خاکە لەدەس پیس و چەپەڵ
ڕۆژێ سێدارەیە ڕۆژێک داوەڵ
هەرچی لەو ناوەیە هەریەک بە جوێ
لە شتی کۆن و نوێ بۆم دەدوێ
بە کون و قوژبنە ڕێی باریکە
وەک دڵی داوەڵەکەی تاریکە
هەستی دوچەشنە لە دڵ دێن و دەچن
خۆشەویستی و ڕقی دۆست و دوژمن
چەقوچۆ دەمگرێ دێمە لەرزە
گیانی «قازیکەس» دەفڕێ لەو بەرزە
لێرە هەڵنایە ئیتر چاوی تەڕم
کورنشێکی دەکەم و تێدەپەڕم