پاییز

لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
 4 خولەک  1044 بینین
گێژەڵوکە و شەڕەبای پاییزە
ئاشکرا دیارە سروشت لێی زیزە
ڕەنگ بزڕکاوە، هەناسەی سەردە
کزە، ئاڵۆزە بە داخ و دەردە
جێ هەوار چۆلە لە چیغ و ڕەشماڵ
دەگەڕێن ئێستە لەجێی وان قەل و داڵ
نە گوڕەی شوانە نە توڕەی بلوێر
نە بزەی بێری، نە هاوێر و بێر
نە هەوێزە، نە تەلانی بژوێن
نەخشەی سایە لەبەر دێ لە کولێن
نە کوچک مای نە چرا پاش سێرە
چاو بڕەکێنی دەگەڵ ئەستێرە
سەری سێپەک کە بەرز بوو جاران
کەوتووە ئێستە لەبن دیواران
نە زەمەندە، نە چیای سەوز و شین
نە چڵاوچڵ دەفڕێ مێش هەنگوین
نە کچان دانە مەڕی ئێواران
داوەتێکی دەگرن وەک جاران
کپ و بێ هەستە هەوار خامۆشە
جێ هەوار چۆل و چیا ناخۆشە
جاروبار خشپەیە دێ و نوزەی با
قانگەلاش دێنێ لەگەڵ خۆی دەیبا
باوی ئاونگ چوو لەجێی ئەو سیخوار
نیشتووە تۆزی لە شێوەرد و بەیار
پیرە زریان بە کزەی سارد و سڕی
وەک دەڵێن: بەرگی فەقیرانی دڕی
لە تەنیشت هەر کەسەوە ڕادەبڕی
وەکوو دوو پشکێ چزوی دادەگرێ
٭٭٭
پاییزی عومریش ئەوە نیزیکە
ماوەی ئەو ژینە نییە چی دیکە
سەر ئەوە بەفری سپی کەوتە سەرێ
ڕۆژ، گەڵای عومریش ئەوە هەڵدەوەرێ
باخچە بێ ڕەنگ و کز و ژاکاون
شەختەیان گەیوەتە سەر لێی داون
سوورەگوڵ سیسە گەڵای پەڕپەڕ بوون
خۆی کەساس دیوە مژۆڵی تەڕ بوون
سەردەمێ هەر چی بوو نازی ئەو بوو
ئەوی دڵدارە نیازی بەو بوو
گیان لە لەش دەردەچوو دەورەی دەتەنی
تا بەدەم سروەوە ئەو پێ دەکەنی
ئێستە تەنیایە گەڵا و پۆپی وەری
بەسەری ناڕۆم ئەگەر خوێن بگری
چونکە گوڵ بۆوە نییە گریانی
تەمەنی کەم بوو، ئەویش دەیزانی
ژین هەتا سەر نییە، مەرگی دەگەڵە
دڵپڕی وی لە چەپۆکی خەزەڵە
***
بولبولی دەربەدەر ئەجریوێنێ
هێزی تێدا نییە بچریکێنێ
لەرزی لێیە و بە وتەی بێ سەر و بن
شینی ئاواڵی دەگێڕێ وەک من
ئەویش ئاوارە بە داخ و کەسەرە
سەد پەژارە و غەم و دەردی لەبەرە
لایەکی داخی گوڵی بابردوو
لایە هێلانە بەرەڵڵا کردوو
لایەکی تیری توانج و تانە
لایەکی سەخڵەتی ئاو و دانە
گەردولوریش لەسەر ئەو حاڵەشڕە
بۆی نەهێشتۆتەوە ڕێی باڵەفڕە
هێند دژ و بێکەس و سەرگەردانە
وا کەسیرە بووە بەستەزمانە
هەر کەسێ بۆی بچێ باڵی دەگرێ
بە هەموو جۆر لە قەفەز توند ئەکرێ
دەیەوێ بەستە بڵێ و هێند پەستە
دەبزرکێنێ لەباتی بەستە
***
خەفەتی زۆرە لە زستان ئەگەڕێم
بۆ وڵات دەچمەوە، کوێستان دەگەڕێم
هەر لە باکوورەوە تاکوو باشوور
چۆمەڵ و دەشت و چیای سەخت و دوور
بە دڵی گەرم و بە هەنگاوی ورد
بازێ داوێم لە سنووری دەسکرد