هاوین
لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
3 خولەک
1105 بینین
مۆرە هەر وا دەچەقێ سێ و چوار
تەختەنەرد هەر دەگەڕێ وەک پەڕگار
تاوی هاوین وەکوو گەنجی بێ بن
دێ کە دابەش بێ لە دۆست و دوژمن
تیشکی زێڕین دەگرێ بەرز و نەوی
سەری زێڕ کفتی گەرم دادێ زەوی
هەر کوێ حەستەم و دوورە تاوێ
پەڕی ئاواڵەیە پڕشنگ داوێ
سەردەکێشێ لە کونی کۆشک و تەلار
سرتە دەدزێ لە دەمی دوو دڵدار
هیچی لێ ون نییە هەر چی جوانە
شانە، تا بازنە، تا پاوانە
وەک دڵی گەنجی ئەویندار بە بەهار
گەرمە هاوینێ لەشی ڕووت و هەژار
باغ و بێستان و ڕەزی کرچ و کاڵ
بە هەتاو و بە شنەی پیرە شەماڵ
ڕەنگی ساوایی دەگۆڕن دەگەنێ
سێو بە ڕووی توکنی بێ پێ دەکەنێ
دار دەڕازێتەوە وەک بووکی سوور
بەندەکی میوە دەکاتە بەرموور
دایکی دڵسۆز و قژ ئاڵۆزی ترێ
کۆرپەڵەی شیرنی دە باوەش دەگرێ
باری لێ قورس ئەبێ داری ئاوس
چەتر ئەنگێوێ ئەبێتە تاوس
بە نەزەر هەرمێ سنووری دەشکێ
دەس لە شاتوو بدەن ئابڕووی دەتکێ
بە مەمەی زەردەوە دەیکەن بە گرۆ
سینگی نارنج و بەرۆکی لیمۆ
لاکەون پەلکی هەنار و هەنجیر
پەردە نامێنێ لەلای جوان و پیر
سیکەرۆ بێ منەتە لق بلەقێ
هوڵوو نامەردە زراوی دەتەقێ
قەرەڵوو ناکرێ دەرچن ڕەش و ڕووت
دە گەڵای شین دەخزێن تاق و جووت
شۆڕەبی گەر لە بەروبۆن بەرییە
سێبەری وی وەکوو باڵی پەرییە
خشڵی زێڕی هەیە گێلاس دیارە
بۆی هەیە ناز بە پەرەنگی گوارە
هەر سپینداری ڕەبەن هیچی نییە
قوژبنێ دەگرێ لەجێی نۆبەچییە
سەری جووت بەندە لە ئیشدا قاڵە
دوێنێ جووتێر بووە ئەوڕۆ پاڵە
دەغڵ و دانی دەگەنێ دێم و بەراو
وەردی هەر ماوەتەوە نیوە تەواو
زوو دە فریای نەکەوێ جۆ دەپەڕێ
دەبێ چی ئیشی ترە لێی بگەڕێ
جێی ورینگە دەگرێ ئاخ و داخ
باوی دێ داس و هەسان و کەڵەشاخ
لایە دروێنەیە لایەک گێرە
سەرەتای کوێرەوەری وەرزێرە
سواڵە گوڵ پەرشە لەجێی خۆی کە بزووت
دانی لێ دەڕژێ ئەویش وەک گوڵ ڕووت
گەنمە زەردە کە بە ساڵی تەڕەساڵ
ئاوەدانی بەوە عەمبار و چاڵ
بەرەکەت دەڕژێ لە دار و دیوار
نە کەویش دێتە ژمارە نە تەغار
بەختی ناسازی فەقیر و داماو
نووستووە و ڕۆژێ دەبینی کە هەتاو
سەردەکێشێ وەکوو ڕۆژان لە سوێ
کێ هەتیوبارە شکارتەی دەپوێ