پێشەکی

لە کتێبی:
چوار نامیلکەی عەلی شەریعەتی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  549 بینین

خوشک و برا کوردەکانم!

وا چوارەمین نامیلکەیە کە لە دوکتور شەریعەتی وەردەگێڕم. ئەگەر بە وردی و ژیرانە باش سەرنجت نەدابێتە سێ نامیلکەکانی پێشوو، بۆت هەیە گلە بکەی و بە سەرمدا ببۆڵێنی: ئەرێ کاورای کوردینووسی بەچکە سوننی! تۆ چیت داوە لەم شەریعەتیە شیعەیە و بۆچە وازمان لێ ناهێنی؟! بەڵام ئەگەر تێگەییشتبی ئەڵێ چی، نەک هەر گازندەم لێ ناکەی، بگرە پەسندیشی دەکەی.

با بزانین چۆن؟

لەوەتا دنیا دنیایە و زەوی لە سەر پشتی گایە، هەر دەستوور و ڕێ و شوێنێک کە پیاوچاکانی مرۆدۆست هێناویانە و ویستوویانە پڕایی گەل لە سایەیدا بەختەوەر بن، زۆر پێ نەچووە مرۆخۆرانی حیلەباز - بۆ ڕووتاندنەوەی هەژاران - چەرخیان داوە و کردوویانەتە داردەستێک سەری نەیارانی خۆیان پێ کوتاوە.

ئەو کەسانەی پێغەمبەر بوون بۆیە هاتوون، زوڵم و زەڵاڵەت نەهێڵن؛ نامەی پڕ لە عەداڵەتیان لە عاسمانەوە هێناوە. کەچی هەر لە پاش ماوەیەک گزیکاران بە لای خۆیاندا هێناوە و بۆ گەل خواردن و خۆبواردن لە مافی چارەڕەشان و بێبەشان، دەکار کراوە.

مێژووی مەسیح بخوێنەوە! کە خۆی چۆن بووە و چی ئەڵێ؟ لە مێژووی دووهەزار ساڵەی خاچپەرستیش وردەوەبە! تا بزانی پاپ و کەشە و کاردیناڵان چۆن بە ناوی تەعلیماتی مەسیحەوە، بوونە گورگی ورگدڕ و دە بەستەزمانان ڕۆهاتوون؛ ملیان لە تاڵانیان ناوە! چەند ملیۆن کەسیان کوشتووە و چەند ڕووبار خوێنیان ڕشتووە.

یان بڕوانە ئەو ئیسلامەی کە بەرنامەکەی قورعانە، دەگەڵ ئاکاری ئەوانەی کە نزیکەی چاردە چەرخە بە ناوی موسوڵمانەتی حوکم دەکەن پێکی بگرە! تا بزانی تا کوێ یەکتر دەگرنەوە؟! هەر لە دەورانی ئەمەوی تا سەفەوی، تا دەگاتە ئەم ڕۆژگارەی کە بۆ خۆمان تیا دەژین، چەند خاوەن زۆر و هەژارخۆر -بە ناوی دین- خواردوویانین و دەمانخۆن. هەر ناکەسێک و تەرەسێک دەستی ڕۆیشت، بە زۆری کوتەک و قامچی، خۆی ناو دەنێ ڕاسپاردەی عاسمان و بەڕێوەبەری قورعان و بەرانبەر بە ئارەزووی خۆی، مانای ئایەتان دەگۆڕێ و خۆ بە سەر موسوڵماناندا دەسەپێنێ. کێ دەوێرێ هاوار بکا؟ کێ زات دەکا لە دەست زوڵم بناڵێنێ؟ هەر دەسبەجێ ئایەتێکی بۆ دێننەوە و بە کوتک لێی حاڵی دەکەن کە: هەر بێژێ لەل، کافرە و ڕەوایە خوێنی بڕژێنن.

شەریعەتی دەستی ئەو دەستە دەسبڕەی خوێندۆتەوە؛ مانای قورعانی زانیوە؛ تێگەیوە ئیسلامی پێشین زۆر لە مێژە بە مێزەر و تاڵەڕیشی دنیاپەرستان خنکاوە؛ لە خواش نەبێ لە هیچ کەسێک نەترساوە. زۆر بە ڕاشکاوی وێراویە شووشەی ئاوڕووی گزیکاران لە بەردێ دا و پشتی زۆریان لە هەردێ دا. لە ڕاستیدا من ئێرەیی بەم بوێریەی دوکتور شەریعەتی دەبەم. جا ئەگەر خۆشم ئازا نیم، لە پیاوی ئازا خۆشم دێ. پێم خۆشە ئێوەش وەکوو من ئەو مەرد ئازایە بناسن. خوا بکا هەر ئازا و ڕزگار بن.