ئەلئەمان سەر تا قەدەم سووتام و جانانم نەهات
لە کتێبی:
دیوانی وەفایی
بەرهەمی:
وەفایی (1844-1902)
2 خولەک
3112 بینین
ئەلئەمان سەر تا قەدەم سووتام و جانانم نەهات
چاو لە سورمەی خاکی ڕێ بووم، ڕاحەتی جانم نەهات
خاڵ و خەت گوڵزار و ڕەنگی شۆخی بێباکم نەدی
زولف و ڕوو هیندوو فەڕەنگی شاهی خووبانم نەهات
ئەی عەجەب گریام وەکوو هەوری بەهاران و کەچی
پێکەنینی ئەو گوڵەی کاکۆڵ پەرێشانم نەهات
چاوی خوێنین غەرقی پەروین بوو لە بێمیهریی گوڵم
مات و حەیرانم لەسەرچی ماهی تابانم نەهات؟
حەڵقەیی زونناری زولفی بوو بە میحرابی دوعام
تورکی کافرکێش و یاری ناموسوڵمانم نەهات
تەشنە لەب دێوانە بووم، سەرگەشتەیی زوڵماتی غەم
دڵبەری باڵا بڵندم، ئابی حەیوانم نەهات
کەعبەیی ڕۆحم، حەبیبی من، عەجەب پەیدا نەبوو
قیبلەکەی دینم، تەبیبی دەردی پەنهانم نەهات
نەی سیفەت ناڵینمە، بولبول تەریقەت شینمە
شای شەکەر لێوان گوڵ و ئەگریجە لەرزانم نەهات
بوو بە خوێن غونچەی دڵم، نەمدی هەوای خەندەی گوڵم
سووت دەر و ژوورم، سەدای بەرقی بەهارانم نەهات
چەند بە چەند گریام هەوای عیشقم لەسەر خاڵی نەبوو
غەرقی تۆفان بووم کەچی تەسکینی سووتانم نەهات!
وەک «وەفایی» تا بەکەی بگریم بناڵێنم بڵێم:
ئەلئەمان سەر تا قەدەم سووتام و جانانم نەهات