گۆڤاری ئاوێنە

لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
 1 خولەک  909 بینین
دڵ بە دەردانەوە پڕ لە خوێنە
خەم هەیە بیر و خەیاڵ شێوێنە
دەست بخە دەستم ئەگەر دۆستی منی
هەستێ بنوێنە، خەیاڵێ بێنە
لە وتەی بەرز و بەپێز و ناسک
چیت لە دڵدا هەیە، بیدرکێنە
وەرە ناو کۆڕی وتووێژی من
فۆلکلۆر بێنە، مەتەڵ داهێنە
بیکە هاوار و بە دەنگێکی بە قەو
کێ لە خەودایە هەڵیئەستێنە
زێڕ و زێو هەر یەکە نرخێکی هەیە
‏تۆ کە گەنجت هەیە، مەیفەوتێنە
نەمدی دامێنێ لە ڕووی جوان و دزێو
وێنە ناگۆڕێ لە کەس «ئاوێنە»