گوڵی خوێناوی

لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
 3 خولەک  1657 بینین
کۆڵمت گەش و ڕووناکە، دەڵێی تیشکی هەتاوە
جوانچاکی کراسێکە بە بەژنی تۆ براوە
ئاسک سڵە، نەک هێندی تۆ نەشمیل و ڕەزاسووک
گوڵ پێ دەکەنێ نەک وەکوو تۆ وا بەحەیاوە
بسکت دەگەڵ ئەو ڕوومەتە تێکەڵ بووە هەر وەک
باغی گوڵە پەڕژینی بە ڕەیحانە کراوە
سەد حیکمەتی گەر خوێندبێ، نازانێ بە دەردم
هەر کەس بە گڕی ئاگری تۆ هەڵنەچزاوە
جوانیت بەسە، بەرموورەکەی ئەستۆت بپسێنە
من کوردم، ئەزانم کە لە بەندی چ کراوە
تا گوارە لە گوێت دێتە لەرین، دێتەوە بیرم
هەر لاوێ کە لەو خاکە لە سێدارە دراوە
ئەو لالە کە دەیبینی وەکوو ڕوومەتت ئاڵە
هەر خونچەیەکی خوێنی شەهیدێکە ڕژاوە
هەرچی هەیە هەر باسی برۆ و بسک و خەت و خاڵ
هەر بەینی من و تۆیە کە کەس لێی نەدواوە
هەر مەرجی من و تۆیە وەتەن ماوە وەکوو خۆی
هەودایە وەتا من هەم و تۆ هەی نەپساوە
سەیری کە لە دەست هەڵمەت و پارێزی کوڕی تۆ
دوژمن لە هەموو لاوە چلۆن مێشکی پژاوە
دەنگی کوڕی تۆ دوژمنی هێناوەتە لەرزین
دەنگێ کە ئەڵێی هەورە بەسەر شاخ و چیاوە
هاواری گەلی تۆ ئەوە دەرچوو لە نهێنی
ئەو پەردە بە گوللەی کوڕە پێشمەرگە دڕاوە
سەرکەوتنی تۆی دیوە وەتەن، دوژمنی ڕووڕەش
وا ڕۆژی ڕەشی هات و چرای ڕوونی کوژاوە
ئەو جۆگەلە خوێنانە کە دەڕژێنە خڕ و دۆڵ
فرمێسکی کوڕی تۆ نییە وا لێڵ و قوڕاوە
خوێنی دڵی دوژمنتە وەتەن تاکوو نەڵێن پێت
تۆڵەی نەبی و عیززەت و میرە نەکراوە
کاوانی گوێ بگرە لە دەنگی گەلی ئازات
سەر هەڵبڕە لەو خاکە ببینە چ کراوە
تاوانی وەکوو تۆی چووە پێشمەرگە کە ساتێ
نەسرەوت و هەتا خوێنی نەئەستاند نەحەساوە
تۆڵەی بە چی دەستێندرێ گەنجێکی وەکوو تۆ
تا بن سەری ئاڵای گەلەکەی لێ نەچەقاوە
ئاڵا دەبێ جێی بن سەری تۆ بێ کە نەڵێ کەس
ئەو پەرچەمە ڕەنگینە بە خوێن ئاو نەدراوە
شانازی ئەکا کورد کە لە مەیدانی خەباتا
بارزانی قەڵای ئاسنی کوردی بە پەناوە
بارزانی سەرۆکی مەزنی کۆمەڵی پارتی
کوردێک کە هەتا هەبووە بەسەربەرزی ژیاوە
ئیلهامی لەوی وەردەگرێ پارتی خەباتگەر
وا بۆ وەتەنی گیان و ڕوحی هیچە بەلاوە
ژەنڕاڵێ کە هەر ئەو تەمەنی پیر و جوانی
داناوە لە ڕێی ئەو گەلەدا و کۆڵی نەداوە
ئەی خۆش بی وەتەن بۆ کوڕێ گرتووتە لە ئامێز
ئەی نەڕزێ دەسی تۆڵەستێنت کوڕی کاوە