پاییز
لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
2 خولەک
2855 بینین
پاییزە هەر بە کزەی باوە خەزەڵ هەڵدەوەرێ
مەل لە هێلانە لە سەرمان سەری ناکاتە دەرێ
شەختە بردوویەتی دار و دەوەن و دەشت و زەوی
تۆزی سیخواری لەسەر نیشتووە هەوراز و نەوی
زەردە لێی داوە له دوورڕا دەتروسکێنێ سەهۆڵ
شەونم و سەوزە گیا بوونەتە فرمێسک و مژۆڵ
سەری شێواوە دەناو هەور و تەمێدا قەندیلشوێن
گوڵی نێو باوەشی پەڕپەڕ بوو، هەموو ڕۆیی بە دیل
سەر دەسووڕێنێ کلوی بەفر و بە زریانەوە دێ
دێ و لەسەر ویشکەڵ و پوشی گوڵی شەوبۆ دەکەوێ
بەند و سەرمایەکی وایە کە زەوی ڕێک دەکوشێ
دار و بەرد و لق و پنچک هەموو لێک هەڵدەوەشێ
خۆی دەپارێزێ بە لەونێکێ ئەوی زیندەوەرە
جێی لەبەر ئاگر و ناو ژوورە ئەوی گیانلەبەرە
غەیری پێشمەرگە کە هەر سەنگەرە جێی ڕۆژ و شەوی
سەنگری گرتوە بردوویە زراوی نەتەوی
هێندی لێ شیرنە ڕاسان و شەڕ و دەست و تفەنگ
کوڕی گۆڕین دەیەوێ ڕێکی کوشێ سەنگەری تەنگ
دەڵێ ئەی دوژمنی ناپاک ئەوە گۆیە و مەیدان
ئەبێ هەر قشڵەیەکت لێ بکەمە گردی سەیوانشوێن
من کوڕی کوردم و سەوداسەری کوردستانم
نییە لام نرخی لە پێناوی وەتەندا گیانم
پڕ لە شانازییە تا ئێستە هەموو دەفتەری من
جەرگی دوژمن دەبڕێ ڕۆژی هەرا خەنجەری من
بەفر و سەرما چییە، سەد هێندە کە بڕژێتە سەرم
نییە باکم کە ئەمن گوللە لە باوەش دەگرم
بەری من ناگرێ دوژمن بە گەف و تۆپ و تەشەر
نابێ ڕزگاری لە چەنگم ئەجەلی گەیوەتە سەر
شەرتە کردوومە دەگەڵ دایکی وەتەن، یا دەمرم
یان لە دوژمن هەقی فەوتاوی گەلم وەردەگرم