شێعری محەمەد عەلی مەدهۆش

لە کتێبی:
دەشتی گەرمیان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 3 خولەک  1036 بینین
حەمەعەلی مەدهۆش کە هێشتا قانع نابینێ، بەڵام شێعرەکانی ئەخوێنێتەوە، زۆر مەراقی ئەبێت قانع ببینێ. بە ڕێکەوت وا ڕێ ئەکەوێت قانع ئەڕوات بە نزیکیا. حەمەعەلی کە قانع ئەبینێ، زۆر ڕووت و قووت و چڵکن و پڵکن دێتە پێش چاوی، ئەم شێعرانە ئەنووسێت و ئەیاننێرێت بۆ گۆڤاری دەنگی گێتی تازە، کە لە بەغدا دەرئەچوو شیعرەکان ئەمەیە:
بیستبووم قانع هەیە و شاعیرە
فەیلەسووفێکی زانا و ماهیرە
هەر ‌کەشکوڵێکم ئەکەوتە بەر چاو
یا گۆڤارێکم ئەدی ناو بە ناو
بە شێعری قانع ڕەنگین کرابوو
لە لای هەموو کەس تەحسین کرابوو
شێعریشیم لای خۆم زۆر زۆر نووسیبوو
ئەگەرچی خۆیشیم هەرگیز نەدیبوو
هەر ئەموت خۆزگە ئەم شەمامەیە
بۆنی وا خۆشە، ڕەنگی کامەیە؟
کوت‌وپڕ یەکێ لە هاوڕێکانم
دەستی برایی خستە سەر شانم
وتی: براکەم سەربێنە دەرێ
ئەوە قانعە، موژدەمان بەرێ
کاتێ هاتمە دەر، نواڕیم یەک پیاوێ
هەر وەک کۆتەرەی نیوەسووتاوێ
کەوشە چەکێکی وا لە سەر پێدا
هەر وا بێ‌دەماخ ئەڕوات بە ڕێدا
زەلامێ زلە و زەبەلاح و بەرز
چڵکن، خواروخێچ، وەک سێوی بن ئەرز
بیخەیتە ئاگر بۆسۆی لێ نایە
زۆر پەشیمانم، خۆزگە نەمدیایە
وتم هەی هاوار ئەم پیاوە بەرزە
هەر ئاوا ئەژی لە ڕووی ئەم ئەرزە!؟
ئەم فیکرە بەرزە و ئەم هۆشە جوانە
ئەبێ بۆچ وا بێ لەم کوردستانە!؟
لای بێگانەکان شاعیر زۆر جوانن
تەواو دڵ‌خۆشن، زۆر شادمانن
ئەی بۆچ لای ئێمە وا هێندە سووکن
کز و کەلەلا، تەواو بێ تووکن!؟
شاعیر خزمەتی گەل و هۆز ئەکەن
خۆیان بە قوربان بەرزیی کۆز ئەکەن
هاوەڵێکی خۆم لێم هاتە پێشێ
وەختە بوو لەبنا گوێچکەم هەڵکێشێ
وتی بێ‌دەنگ بە، دەمی خۆت بگرە
ڕەخنە لە سیمای عاقڵان مەگرە
کەی شاعیر لەمە چاکتر ژیاون!؟
پاکیان بە جەوری فەلەک خنکاون
نابینی هەرکەس خاوەن جەوهەرە
لەمە خراپتر ئەو دەربەدەرە!؟
وەڵامی قانع بۆ مەدهۆش
برای خۆشەویست، یاری نەدیدەم
شاعیری بەرزی زۆر پەسەندیدەم
لە برادەران بۆ منت پرسیبوو
لە ناو گۆڤارا شێعرت نووسیبوو
منت نەدیبوو کە ئایا چۆنم
پێت نەزانیبوو کە کەوڵەکۆنم
نووسیبووت هەرگیز بۆسۆی لێ نایە
زۆر پەشیمانم، خۆزگە نەمدیایە‍!
بەڵێ، ڕاست ئەکەی، هەمیشە ڕووتم
چڵکن و پڵکن، وەک مەڵکەمووتم
هەتا شاعیری کوردستانت بم
ئەبێ هەر شڕ و شیتاڵانت بم
بۆچی برا گیان هەر فاسۆن پیاوە؟
قۆندەرەی تازە، خاوەنی ناوە؟
کراس و کەوا خادمی هۆزە؟
مێزەری زلە هۆی بەرزیی کۆزە؟
برای شیرینم، خۆ تۆش شاعیری
زیرەک و زانا، تەواو ماهیری
مادامێک کە خۆت گەوهەرفرۆشی
بۆ کزیی شاعیر بۆچ تێئەکۆشی!؟
شاعیر وەک دەهۆڵ لە دوور دەنگ‌خۆشن
لە نزیکەوە دارێکی بۆشن
باوجوود، ڕووتی هیچ عەیبی نییە
کە پارە نەبوو، دەسەڵات چییە؟
پارە بە جۆرێک دێتە دەس ئینسان
شاعیر ئەو پارە ئەکا بە سندان
شاعیر بۆ پارە هیچ ناکا پەلە
ئارەزووی شاعیر هەر بەرزیی گەلە
کام شاعیرت دی دەس و چاو پاک بوو
لیباسی بەری فاسۆنی چاک بوو!؟
سەعدی، فەیلەسووف تەواو دنیا بوو
مامۆسای هەموو شاە و گەدا بوو
بە پێ‌خاوسی لەم ماڵ بۆ ئەو ماڵ
ئەسووڕایەوە، سا بە هەر ئەحواڵ
هیچ کەسێک نەیوت بۆچ سەعدی ڕووتە
بۆچی ناشیرین، وەک مەڵکەمووتە
ئیتر با بەس بێ برای شیرینم
منیش هەر ئەڵێم: یاخوا نەتبینم