خەنجەری قانع و هەنگ
لە کتێبی:
دەشتی گەرمیان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
2 خولەک
611 بینین
ئەی هەنگی بچکۆلانە!
باڵداری خاوەن لانە
ئەبینم بە ڕۆژ و شەو
وای لە هەوڵ و تەقڵەدەو
ساتێک ئارامت نییە
نازانم هەوڵت چییە؟
کام باخچەی پڕ لە گوڵە
جێی گۆرانیی بوڵبوڵە
تیا ئەگەڕێی بە ئازاد
ئەسووڕێیتۆ بە دڵشاد
بچکۆلە و زەرد و سووری
خاوەن هەست و شعووری
تۆش وەک ئەم گشت باڵدارە
لەم هەرد و کۆهسارە
بۆ ناکەویتە سەیران؟
ڕابوێری وەک ئەوان
تاوێ سەیرانی سەر گوڵ
ساتێ هاتوچۆی سەر چڵ
کام گوڵێ گەش و جوانە
بۆ تۆ جێگەی سەیرانە
چییە ئەم هەوڵ و هەرا
نە دایکت هەس، نە برا
نە خاوەنی سامانی
نە خاوەن کۆشکی جوانی
نە دووکان و سەرات هەس
بێ خزم و خوێش و بێ کەس
بۆچی بە چەشنی بوڵبوڵ
سەیران ناکەی لە ناو گوڵ؟
یا وەک باقی مەلەکان
ناگەڕێی لە ڕووی ئاسمان!؟
وەرامی هەنگ:
کاکی کوردی دڵسووتاو!
وەڵامت بەمۆ تەواو
سەیران سوودێکی نییە
شتی بێسوودیش چییە؟
سەیران بە کارم نایە
بۆ ژین نابێ بە مایە
بەهاران وەختە بمرم
بۆنی خۆشی گوڵ ئەگرم
بنێشتی داری قەزوان
لە گوێ چەم و لە کێوان
بەفراوی ناو شاخەکان
عەتری گوڵی باخەکان
کۆ ئەکەمۆ تا پاییز
ئەیکەم بە شانی تەمیز
تەمەڵ نانووم بە هاوین
زستان دەس کەم بە گرین
لە بەری ڕەنجی ساڵم
لە هێزی شانوباڵم
پاشەکەوت ئەخەم هەنگوین
هەنگوینی جوان و شیرین
زستان ئەحەسێمەوە
سەربەست ئەسووڕێمەوە
برسی ناکەوم ڕەنگزەرد
داوا ناکەم لە نامەرد
من بە ڕەنج و کردەوە
گۆی هونەرم بردەوە
ڕەنجی هێزی بازووی خۆم
زستان بەبێ خەم ئەیخۆم
هەرکەس تەمەڵ بێ لە کار
نابینێ پارە و دینار
دایم موحتاجی نانە
ماڵەوماڵ سەرگەردانە
ئەو کەسانە هاوینان
ڕائەبوێرن بە سەیران
زستان بێ جێگە و خواردن
ئەکەونە چاڵی مردن
خەنجەر! گوێ ڕاگرە لێم
بگرە دڵ هەرچی ئەڵێم
ئەگەر ئارەق بڕێژی
بۆ برسی و گێژ و وێژی؟!
هەستە باڵت هەڵماڵە
بۆ ئیش بیکە بە گاڵە
مەوێستە لە ئیش کردن
هەتاکوو ڕۆژی مردن
ئەبی بە خاوەنی نان
ئەحەسێیتۆ بە ئاسان