پیتی «خ»

لە کتێبی:
چەپکێ لە گوڵاڵەسوورەی شارەزوور
بەرهەمی:
عەلی شارەزووری (1930-1982)
 5 خولەک  1436 بینین
خاڵانم ژمارد یەک و دوان و سیان
«زالوو»ەکەی لێوی منی خست لە زوان
***
خاڵانم ژمارد یەک و دوان و سیان
خاڵی چەناکەت کردمی سەرگەردان
***
خاڵداری ... بووکی گەورەماڵی
بمدەرێ ماچێ گەورە نیت مناڵی!
***
خاڵداری ... دوو خاڵت پێوە
بمدەرێ ماچی لەو دەمولێوە!
***
خاڵداری ... خاڵ وردی وردی
ڕەحمەت لەو دایکە پەروەردەی کردی
***
خاڵ کوتێ هاتووە ئەڵێن: خەڕاتە
هەرچی خاڵ ئەکەوتێ یەژی سەعاتە
***
خاڵی قول یەکێ، هینی چەنە دوان
زالووەکەی لێوت منی خست لە زوان
***
خاڵێکت کوتا لە گونجی لێوت
بەئەنقەس کوتات بۆ ماچی شێوت!
***
خاڵێ لە تۆ دیم یەک لە عەتاران
یەک لە سۆسەنخاڵ سەرباشقەی خاڵان
***
خاڵێ لە تۆ دیم یەک لە ئێران
نەمدی خاڵێ تر وەک خاڵی جەیران
***
خاڵێ لە ناو بەین ئەبرۆی تۆ بەنە
یەکجار ئەو خاڵە ڕیشەی دڵ کەنە
***
خانم خەوتووە چون خەرمانەی گوڵ
پەنجەی ڕەشتووە، نای وە بانی دڵ
***
خانم و خورامان هاتن وە جووتە
بۆ سەر شەخس ئەچن بۆ «بناوەسووتە»
***
خاڵێ ها وە بان گۆنای «ئایش»ۆ
«هەڵەوجە» تێرێ وە «دەرەشیش»ۆ!
***
خاڵێ ها وە بان گۆنای «عاسە»وە
بەرزنجە تێرێ وە «مۆریاس»ەوە!
***
خاڵێ ها وە بان گۆنای «فاتە»وە
«قولوەڵڵا» لەبیر شێخ ئەباتەوە
***
خانگێکت بۆ بکەم لە بەردی مەڕمەڕ
باوەشێنت کەم وە ڕیحانەی تەڕ
***
خڕخاڵ و بازن، گۆ و دەڵەکە
گشتی لە سینەی یارم کەڵەکە
***
خڕنگە هۆ خڕنگە، خڕنگەی جامەکان
من کەی دەستم برد بۆ شەمامەکەت؟!
***
خەنجەری دەبان نەبڕی حەیاتم
دایکی حەو کوڕ بیت هەر بە تەماتم
***
خوا بیوڕێ ماچ وە زۆرداری
دەم خۆی نەیهێنێ وە منەتباری!
***
خوا بیوڕی مەیل وە قینەوە
سووتاین وە تاسەی یەکترینەوە!
***
خوا بیوڕێ نامەی «...»
لە دەلاقەوە دەسی بۆ بەری
***
خوا بینووسێ قەڵەم بیکا کار
بێوە بۆ ڕیشدار کچ بۆ هەرزەکار
***
خوا بیوڕێ نەوای دوور بە دوور
دەم نەنێی وە بان گۆنای زەرد و سوور!
***
خوا خوایە و پێغەمەر ڕاسە
شووە گولەکەت بۆ مردن خاسە!
***
خوا خوامە مانگ بوێ ئاوا
دەستێ بکوتم بۆ باخی ساوا
***
خوا دایکت بگرێ باوکت ڕووسیا
تۆیان لە من کرد بۆ ماڵی دنیا
***
خوا گیان هەڵمدەی لەم بەر بۆ ئەو بەر
بمخەیتە باوەش فانیلە لەبەر!
***
خوای بانی سەر خستمیە جایێ
مەل وە مەلی خۆی وە لاما نایێ
***
خوای بانی سەر قار بگرێ لێتان
گەورە تا بچووک دەر نەکا لێتان!
***
خوای بانی سەر کەریم خانی لەک
مەعموورێ دەرکا بمانخاتۆ یەک
***
خوا نەکەرۆ بەد بە گیانت بۆ
بەد بە نێچیری دژمنانت بۆ
***
خوا نەکەرۆ تۆ شووت کەردەبۆ
تەشریفوو خێرت «هەولێر» بەردەبۆ
***
خوایە هەڵمدەی وەی «گۆ» لە مەیدان
بمخەیتە ناو بەین دوو دێی گەرمیان
یەکیان «میل قاسم» ئەویان «قەڵاتەوزان»!
***
خۆزگە ئەمزانی بۆ کێ ڕەشپۆشی
ئەڵێی دەمانچەی قاچاغفرۆشی!
***
خۆزگە لەم دنیا تۆیان بایێ پێم
حاشا لە بەهەشت دۆزەخ بایێ جێم!
***
خۆزگە لەم دنیا سێ شت نەبوایە
پیری و فەقیری و مردن نەبوایە!
***
خۆزگە لە هەووەڵ نەبوای بە یارم
نەبوای بە بایس دڵەی خەمبارم!
***
خۆزگەم بە سیروان ئەڕوا بەبێ خەم
«قەترە» ئەپێکێ وە ڕووی «قەرەچەم»
***
خۆزگەم بەو ڕۆژە چووین بۆ جەوتەکە
شەقەی ماچوموچ بن ئەشکەوتەکە
***
خۆزگەم بەو ڕۆژە شەڕەکە کریا
ڕیش وەک گوڵە جۆ دەسکەنە کریا!
***
خۆزگەم بەو ڕۆژە گەنمەکە ڕژیا
حەو مێی تەڵ وەسەر لەسەری کوژیا!
***
خۆزگە من ئەبووم لەجێی ئەو هەورە
ئەمکردە سێبەر بۆو ماڵە گەورە!
***
خۆزگە من بوایەم لەجێی ئەو تڵفە
شەکرم ئەنۆشی لەسای ئەو زڵفە!
***
خۆشی خۆشیتە گەنم پاک ئەکەی
بۆ کابرای ورگن خۆت هیلاک ئەکەی!
***
خۆشی خۆشیتە یەژی: مێردم هەس
بیکەی وە سەرتا قوڕ وە هەردوو دەس!
***
خۆشە لای خۆمان دارودەوەنە
یارمی هاتیا بۆ من وەتەنە
***
خۆشە هەورامان بە گوڵ ڕەنگینە
تەماشای نەمام سەما و زەمینە
***
خۆم بە خۆمم کرد بەردبارانم کەن
وێڵی باخ و بەی نازدارانم کەن!
***
خۆم بە خۆمم کرد کاری بێ کاری
لە دوای باڵاکەت تەرکە دڵداری
***
خۆم بە خۆمم کرد گاهو سەرم کەن
ئەو کچەم بدەنێ و لە دێ دەرمکەن!
***
خۆ من ئاوی «چەق چەق» نیم
تێکەڵ بم لە «قلیاسان»
خۆ من ڕادوێی حوکمەت نیم
دامنێن بۆ دەنگوباسان
خوایە دەزگری بە باڵم
ئەو کچە بێنم بە ئاسان!
***
خۆ من شێت نەبووم، بۆ شێتم ئەکەن
حەکیم ها لێرە، بۆ بەغدام ئەبەن
***
خۆ من کۆتر نیم وە قولەی بانەوە
بێوەژن بێنم وە خێزانەوە!
***
خەرمانەی داوە چون خەرمانەی گوڵ
چینێ باڵابەرز چینێ باڵاکوڵ
***
خەلە لە خەرمان مەڵۆ لە «باقە»
لەسەر سینەکەت کریام فەلاقە!
خەڵکی خەم دەکڕن من خەم دەفرۆشم
وێنەی سەماوەر بەکوڵ ئەجۆشم
***
خەوێکم دیوە دوێنێ نیوەڕۆ
بەهەشتم دیوە ڕاستە یان درۆ؟