دۆستی بە ئومێد نەتیجەی پەشیمانییە

لە کتێبی:
باخچەی کوردستان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 1 خولەک  1029 بینین
دۆستی بە ئومێد، ڕۆژی دوانە
ئەویش نەک بە دڵ، بە سەر زمانە
ئەگەر بۆ تەماع دۆستی ئەکەی
نەوەڵا مەیکە! ئابڕووی خۆت ئەبەی
دۆستی بە ئومێد سێبەری دارە
سەد جێ ئەگۆڕێ هەتا ئێوارە
مەیل ئەو مەیلەیە بەبێ هیوا بێ
بە دڵێکی گەرم وەک برا بێ
بە قازانجی دۆست زۆر شادمان بێت
زەرەر ڕووی تێکا، زۆر پەرێشان بێت
دۆستی دۆست، دۆستە، بەبێ درۆیە
دوژمنی دوژمن، خۆ دۆستی تۆیە
ساڵێکیان من و ئاشنایێکم
لە ئاشنا چاکتر، وەک برایێکم
بۆ نەفعی شەخسی بوین بە ئاشنا
پشتی یەکمان گرت، هەر وەکوو برا
من ئومێد بە ئەو، ئەو ئومێد بە من
دۆستمان کوێر ئەکرد، چ جیایی دوژمن
ئاخری هیوامان لە یەک دەس نەکەوت
بووین بە زیددی یەک، وەک ئاگر و نەوت
من جنێو بە ئەو، ئەو بە من جنێو
ششاینە یەکتر، هەر وەک جن و خێو
من نەویم لە دار، ئەو نەوی لە بەرد
هەردوو خەجاڵەت، هەردووکمان ڕەنگ زەرد
ئاخری عاقیبەت کردمان بە هاوار
هاتنە سەیرمان مەخلووقی بازاڕ
هەر کەس عاقڵ بێ، قەت وەها ناکا
بۆ دۆستی وەها، ئابڕووی خۆی نابا