ئێوارەی پاییز

لە کتێبی:
لە غوربەتا
بەرهەمی:
محەممەد عومەر عوسمان (1957-2019)
 1 خولەک  3130 بینین
ئێوارەیە و
گڤەی «با» دێ..
هەور ئاسمانی گرتووە
ئێوارەیە و
داری پاییز ئاهەنگی مردن ئەگێڕێ..
گەڵا سەرچۆپی گرتووە
***
ئێوارەیە و
منی تەنیا لەناو کۆمەڵێ تارمایی ڕێبوارانا..
لەسەرمانا.. ئەلەرزم و
هەنگاو ئەنێم بە ژێر باڵی ڕەهێڵە و شەستەبارانا
***
ئێوارەیە و
منی بێ پاڵتۆ.. بێ چەتر..
دەربەستی تۆف و سەرما نیم
ئێوارەیە و
کەس بۆ خەمی من ناسووتێ..
ئای لەو ڕۆژەڕەشانەی دیم!
***
ئێوارەیە و
خۆشەویستی و ترسی پاییز..
هەموو گیانمی گرتۆتەوە
ئێوارەیە و پاییز لە دڵی تەزیوما..
ئاگرێکی پڕ بڵێسەی کردۆتەوە
***
ئێوارەیە و
زۆر حەز ئەکەم لەجێی باران..
گەڵای زەرد بەسەرما داکا
ئێوارەیە و
باوەش ئەکەم بە گەڵای مردووی پاییزا..
ئەو پاییزەی ڕەنگی قژ و ڕەنگی چاوی ئەو.. ون ناکا
***
ئێوارەیە و
تاوێکی تر گۆڕەکەی ئەگرمە باوەش
لێی ئەپرسم.. ئاخۆ شەوان سەرمای نابێ؟..
ئاخۆ سڵ ناکا لە گرمەی هەور و لە لوورەی باڕەش؟