شەهیدی خەنجەری عەشقم برینم کارییە ئەمشەو
از کتاب:
دیوانی سابیری
اثر:
صابری (1881-1944)
2 دقیقه
1198 مشاهده
شەهیدی خەنجەری عەشقم برینم کارییە ئەمشەو
لەبەر چاوم عەجەب نیل و فوڕاتێ جارییە ئەمشەو
لە سەردا سەیلی ئەشکم هات و خانەی سەبری ڕووخاندم
مهەندیس عاجیز و حەیرانە لەم میعمارییە ئەمشەو
ڕەفیقان ئاوی تەدبیرێ وە یا قورسی تەباشیرێ
سەراپا جیسم و جانم ئاگری لێ بارییە ئەمشەو
لە دووری یووسفی سانی میسالی پیری کەنعانی
مەدینەی میسر و جان و دڵ لە شین و زارییە ئەمشەو
نەما سەبر و دڵ و جانم جنوون و سینە بوریانم
بە لوقمان ناکرێ دەرمانی ئەم بیمارییە ئەمشەو
تەبیب و خێش و بێگانە هەموو لەم دەردە حەیرانە
نە دەرمانێ، نە تەدبیرێ، نە کەس هاوارییە ئەمشەو
خەزانی غەم گەڵاڕێزانی خستە باغچەیی عەیشم
لە بەرگی خوڕڕەمی نەخلی ئوممێدم عارییە ئەمشەو
خەتابارم مەکەن خزمینە لەم گریان و ناڵینە
جگەر سووتان و دڵ برژانی من ناچارییە ئەمشەو
کەسێ مەجنوونی لەیلایێ نەبێ لەم حاڵە تێناگا
ئەگەرچی عیللەتی من دوور لە یارم هارییە ئەمشەو
حەکیما ڕەنگ و ڕوخسارم ئەزانی بۆ چی وا زەردە؟
بە سەردی مەیلی یارم دڵ لە بورجی نارییە ئەمشەو
لە شەڕحی شەمسی ڕووت دەرسی بخوێنێ موستەعید فەورەن
مودەڕڕیس، هەم موجەووید، هەم مەجاز و قارییە ئەمشەو
ئەگەرچی ڕووت و موحتاجم ڕفاندی جەردە تاراجم
بیحەمدیللا دوڕ و مەرجان لە دەورم بارییە ئەمشەو
بەیانی حیکمەت و ئادابی دەرسی شەرحە شەمسی ڕووی
لەکن عەللامە ئیزهاری بکا فەننارییە ئەمشەو
گەزافی عەشقی لێدا سابیریتخلص با موستەحەقی بێ
بە چنگی شاهبازی عەشقەوە پاسارییە ئەمشەو