حەواسم هەر وەکوو زوڵفت چلۆن شێواوە شێواوە

از کتاب:
دیوانی زێوەر
اثر:
زیور (1875-1948)
 1 دقیقه  1244 مشاهده
حەواسم هەر وەکوو زوڵفت چلۆن شێواوە، شێواوە
دڵم وەک خاڵی ڕوخسارت چلۆن سووتاوە، سووتاوە
ئەگەر تۆ سەیری سەرچاوە و گوڵستانت هەوەس دێنێ
سوروشکم ڕەنگی گوڵزارە. وەرە سەرچاوە، سەرچاوە
لە بەختی من ڕەقیب یاڕەببی چەندە شووم و بەدبەختە
بەرەو ڕوو هەم شەرم ناکا؛ ئەڵێ: بەو لاوە، بەولاوە
بە مەحزی خاکساریی دەفعی کینەی ناکرێ هەرچەند
سەرم وەک ئاسمان ئەرزی لەڕێیدا ناوە، داناوە
ئومێدی چیم بە دنیا بێ هەتاکەی مەستی غەفڵەت بم؟
زەمانی تۆبەیە، تا شیشەی پڕ بادە نەشکاوە
فەلەک ئاش و زەمین بەرداش و ئینسان دانەیە، یاخۆ
ئەجەل باز و بەدەن کەبکە سەدای ها ڕاوە، هاڕاوە
ئەلا ئەی باغەبان بۆ بۆنی گوڵ سەودازەدەم ئەمڕۆ
کە هەم بۆی یارە، وا زێوەرتخلص لە دەردا ماوە، داماوە