هۆنراوەم ناوێ
از کتاب:
زەبری هۆنراوە
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
1 دقیقه
826 مشاهده
هۆنراوەکانی تۆ جوانن
نێرگزی بەهاری گیانن
چیاوی دەروونی تینوون
ڕەزی ئاوات و ئارەزوون
تکەی ئەستێرەی گوشراوون
ئەگریجەی زەردی هەتاون
هۆنراوەکانی تۆ گەشن
کۆرپەی ناسکۆڵەی باوەشن
بەرزن وەکوو لووتکەی چیان
ڕەنگینن گوڵ و سەوزەگیان
بەڵام ئەی ڕووناکیی هەستم
من لە هۆنراوە وەڕستم
مەگەڕێ بۆ هۆنراوەی ورد
بۆ وشەی شیرینی دڵ کرد
هۆنراوەم ناوێ تۆم ئەوێ
پێم وتی من تۆم خۆش ئەوێ
ئەو دەمەی ئەو شیعرەی هەڵڕشت
نەک شیعر.... خۆی بوو منی کوشت