لە وڵاتی گڕگڕە جارێک کابرایەکی وەرمەک...
از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
1 دقیقه
730 مشاهده
لە وڵاتی «گڕگڕ»ە جارێک کابرایەکی «وەرمەکان» ی، کەوێکی نایابی ئەبێ. بە دیاری ئەیبا بۆ «حاجی میرزا مەجید باوکی نبوسرەت نیزام» لە «مامێزەک». ئەویش چل تمەنی ئەو سەردەمەی بە ناوی بەخششەوە ئەداتێ. ئەڕوا، پاشان بانگی ئەکاتەوە پێی ئەڵێ چاکەی ئەم کەوە چییە؟ ئەڵێ قوربان قەت شتی وا نەبۆتەوە: کە ئەبرێ بۆ ڕاو، هەر کە ئەخوێنێ، هەر کەوێک لەو دەورەدا ئەبێ هەموو کۆ ئەبنەوە، پاشان ڕاوچییەکە بە تفەنگی ساچمەزەن هەموویان ئەکوژێ. کەوی وا هەر نەبۆتەوە.
حاجی میەرزا ئەڵێ: ها تێ گەیشتم، بە یەکێ لە پیاوەکانی خۆی ئەڵێ ئەم کەوە سەربڕە. کابرای کۆنەخاوەنی کەوەکە، کڵپە لە جەرگییەوە هەڵئەستێ، تا ئەڵێ قوربان چی ئەکەی، پیاوەکە سەری ئەبڕێ، ئەمجا ئەڵێ: «برام، ئەم کەوە خۆخۆرە، ئەکاتە کارێ کە هاوخوێنی خۆی لە ناو بەرێ و ئەبێتە لە ناوچوونی جنسی خۆی، هەرکە وابێ ئەبێ لە ناو ببرێ»