سێوەنگ و مام ڕێوی

لە کتێبی:
هەمیشە بەهار
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 8 خولەک  902 بینین

سێوەنگ هەموو جار کە لە قوتابخانە ئەگەڕایەوە، کتێبەکانی ئەهێنا سەرلەنوێ ئەو شتانەی ئەخوێندەوە کە باسی خێروبێر و «کان» و شتە بەنرخەکانی وڵاتەکەی تێدا بوو. بەمە زۆر ئەگەشایەوە، کە سەیری ئەکرد ئەم هەموو شتە نایابانە لە خاک و بەراوی وڵاتەکەیدا هەیە، لە لایەکەوە ئەم هەموو کانە «نەوت»ە، لەلایەکی ترەوە ئەم هەموو «دەرماناو» و وردە بابەتانە کە هەر یەکە دەرمانی هەزار دەردە. بست، بست گەشەی ئەکرد.

ڕۆژێک لە ڕۆژان باسی ئاوەسپیی سەنگاو و دەرماناوەکەی درۆزنەی خوێندەوە کە ئەمانە چەندە بە کەڵکن و چەندە بۆ نەهێشتنی دەرد و عیللەت قازانج بە خەڵکی ئەگەیەنن. تارای خوشکی بانگ کرد و پێی وت: تارا گیان، تەماشا کە ئەم نیشتمانەی ئێمە چەندە شتی خواکرد و نایابی تێدایە کە پیاو هەروا سەرسام ئەبێ. ئێمە پێویستە لەسەرمان ئەم ئاو و خاکە کە مەڵبەندی باوباپیرمانە لە هەموو شت بە لامانەوە خۆشەویستتر بێ. ئەم هەموو خێراتە کە لە وڵاتەکەی ئێمەدایە لە هیچ لایەکی تر نییە. تاراش وتی: بە خوا سێوەنگ گیان ڕاست ئەکەی. نیشتمانەکەمان هەر بستە خاکێکی ئاڵتوونێکە، لام وایە هیچ وڵاتێکی تر نییە ئەوەندەی ئەم وڵاتەی ئێمە بە خێروبێر بێت، جا لەبەر ئەوە منیش ئەڵێم چەندە باوک و دایکمان خۆش ئەوێ ئەبێ ئەوەندەش نیشتمانەکەمان خۆش بوێ. بەڵام خۆزگا سێوەنگ گیان هەندێ لەم شوێنانەمان بە چاوی خۆمان ئەبینی. سێوەنگیش وتی: باشە بەڵکوو ئیشێکی وا بکەین باوکمان بمانبا بۆ سەر دەرماناوەکەی درۆزنە. ئینجا تارا وتی: ئێستە من ئەچم بە دایکم ئەڵێم بەڵکوو بە باوکم بڵێت بمانبا، تۆش بچۆ بە لای باوکمەوە، سێوەنگیش وتی باشە.

لەپاشا تارا چووە لای دایکیەوە و پێی وت: توخوا دایە گیان بەڵکوو بە باوکم بڵێیت بمانبا بۆ سەر دەرماناوەکەی درۆزنە، با چاومان پێ بکەوێ. دایکیشی وتی: جا بۆچیتانە ڕۆڵە؟ ئەویش وتی: دایە گیان! خێراتی وڵاتەکەمانە، حەز ئەکەین بیبینین. دایکی قسەی کچەکەی زۆر پێ خۆش بوو، وتی: باشە ڕۆڵە گیان پێی ئەڵێم.

شەوێ، کە هەموویان لە سەربان دانیشتبوون، خەریک بوون چایان ئەخواردەوە و قسەی خۆشیان ئەکرد، دایکی تارا ڕووی کردە باوکی سێوەنگ وتی: توخوا پیاوەکە، مناڵەکان زۆریان دڵ بەوەوەیە کە دەرماناوەکەی درۆزنەیان چاو پێ بکەوێ، بەڵکوو بیانبەی بیبینن. خێرا سێوەنگ هەڕای کردە بندەست باوکیەوە و دەستی کردە ملی و وتی: توخوا بابە گیان، ئەگەر نەمانبەی، حەز ئەکەین بیبینین. باوکیشی وتی: ڕۆڵە بۆ چیتانە، جا چیی تێدایە؟ سێوەنگیش وتی: بابە گیان لە خێراتی وڵاتەکەمانە، چاومان پێی ڕوون ئەبێتەوە کە سەیری بکەین. باوکی هۆش و فیکری کوڕەکەی زۆر پێ خۆش بوو. ماچێکی کردەوە و لەپاشا وتی: باشە ڕۆڵە گیان بەیانی ئەچین. ئیتر سێوەنگ و تارا ئەو شەوە لە خۆشییانا خەویان لێ نەکەوت.

کە بەیانی ڕۆژ بووەوە، باوکیان ئۆتۆمبێلێکی بۆ گرتن، هەر چواریان سوار بوون و لە کفرییەوە بۆی ڕۆیشتن تا سەر ئاوە سپی.

ئاوە سپی کەوتووەتە بەری ڕۆژەڵاتی کربچنەوە. تەماشایان کرد ئەمە ئەشکەوتێکە. لەوێوە چوونە ژوورەوە سەیر ئەکەن ناوەکەی چاڵاوێکی زلە.

بە چواردەوری ئەم چاڵاوەدا دڵۆپ دڵۆپ ئاوێکی سپی هەر وەکوو دۆ ئەتکێتە خوارەوە. بۆنێکی ئەوەندە تیژ و کاریگەری لێوە دێت مێشکی پیاو ئەبا بە ئاسمانا و تا نزیکەی سێ میل بۆنەکەشی ئەڕوا.

تومەز ئەم ئاوە «کان»ی گۆگردە و بۆ هەر دەرد و عیللەتێک پیاو جارێک خۆی پێ بشوا لە کۆڵی ئەکەوێ. ئەوانیش بەهەر جۆر بوو خێرا تۆزێ خۆیانیان پێ شت و هاتنە دەرەوە. لەبەر بۆنی ئاوەکە نەیانتوانی زۆر تێدا بمێننەوە. ئینجا سوار ئۆتۆمبێلەکە بوون و گەڕانەوە بۆ سەر دەرماناوەکەی درۆزنەشوێن.

درۆزنە گوندێکە لە سەنگاو و بە ئەندازەی چوار میل کەوتووەتە شیمال کربچنەوە. دەرماناوەکەش چکێ لە درۆزنەوە دوورە. کە چوونە سەری، سەیریان کرد ئەمە کانییەکە ئەویش وەکوو ئاوە سپی بۆنێکی ناخۆشی لێوە دێت. ئەم ئاوە بە جۆگەکەدا ئەڕوا. بە چوار ڕەنگ، ڕەنگ ئەداتەوە؛ بە ڕیز لە پێشا سوور، سەوز، سپی و ڕەش، ئەمانە هەموویان بە تەنیشت یەکەوە بە یەک جۆگەڵەدا ئەڕۆن، هیچیان تێکڵاو بەوی کەیان نابێ.

سێوەنگ و تارا لە چاوپێکەوتنی ئەم ئاوە بەم جۆرە زۆر سەریان سڕ ما. لە باوکیان پرسی: بابە، ئەوە چۆن ئەم ئاوانە تێکڵاو بە یەک نابن؟ باوکیشیان وتی: ڕۆڵە ئەمانە لە بنەوە سەرچاوەکانیان بە تەنیشت یەکەوەیە بەڵام لە کاتی هەڵقوڵینا لە یەک کونەوە هەڵئەقوڵن. لەبەر ئەوە هەر یەکە کانی شتێکی سەربەخۆیە و هەر یەکە هێزی تایبەتی خۆی هەیە و ئەم هێزانە لە بەینی خۆیانا دوژمنی یەکن، هێزەکان نایەڵن ئاوەکە تێکڵاو ببێ.

ئەمانە ئەگەر پەروەردەکردن ببێ، هەر یەکە کانی شتێکی وان کە لە کەم وڵاتدا چنگ ئەکەون، مەگەر هەر لەم وڵاتە خۆشەویستەی ئێمەدا نەبێ. ئەمانە کانی ئاڵتوونی ڕەشن، بەڵام داخەکەم ئێمە خۆمان لێیان بێبەشین و خێر و خێراتەکەیان بۆ دەستێکی ترە. ئیتر مناڵەکان زۆریان پێ خۆش بوو کە شتی وا نایاب لە وڵاتەکەیانا هەیە، هەر ئەیانوت: خوایە ئەم نیشتمانە جوانەمان پێ بە زیاد نەزانی. خوایە ڕۆژێکمان نیشان بدەی کە خێری وڵاتەکەمان بۆ خۆمان بێ و خەڵکی بەسەریەوە پیاوەتیی لێ نەکەن و ئێمەش تیایا بێبەش بین!..

***

لەپاش ئەمانە سوار ئۆتۆمۆبێلەکە بوون و گەڕانەوە. لە ڕێگەدا سێوەنگ تەماشای کرد ئەوا ڕێوییەک کلکی لێ کردووە بە عەلەم و بە هەڵەداوان تەپوکوت لەو ناوەدا ڕووەو توونی بابە عەمرە ئەڕوا و تۆز ئەکات. وتی: تارا تەماشا کە ئەو ڕێوییە چۆن بە پەلە هەڕا ئەکا؟ توخوا بابە گیان ئۆتۆمۆبێلەکە ڕاگرە با بچم لیێ بپرسم بۆچ وا کەوتووەتە ئەم دەشتە؟ باوکیشی ئۆتۆمۆبێلەکەی ڕاگرت، سێوەنگ دابەزی، چوو، سەر ڕێی مام ڕێویی گرت و پێی وت: مام ڕێوی. ڕۆژ باش. ئەوە بۆچ وا بە پەلە هەڕا ئەکەیت؟ مام ڕێوییش وتی: کەسی مامی لێم گەڕێ با بە دەردی خۆمەوە بتلێمەوە، زۆر بە پەلەم و لێم قەوماوە.

سێوەنگ وتی: نابێ مام ڕێوی، هەر ئەبێ پێم بڵێیت، بەڵکوو من چارێکت بکەم. مام ڕێوییش وتی: کەسی مامی! ئەڵێن لەو خوارە حوشتر بە بێگار ئەگرن، منیش لە ترسی ئەوە ئەچمە توونی بابە عەمرە خۆم ئەشارمەوە. سێوەنگ قسەکەی مام ڕێویی زۆر بە لاوە سەیر بوو. وتی: جا مام ڕێوی حوشتر بە بێگار ئەگرن تۆ بۆچ وا کەوتوویتە جامبازە؟

مام ڕێوییش وتی: کەسی مامی. شار بێ شالیارە، کە گرتمیان، تا قەباڵەی خۆم ئەخوێنمەوە پێستم ئەکەنن. نەوەڵڵا چاک وایە تا پێستیان نەکەندووم خۆم ڕزگار کەم، ئەو وەختە کێ لەوە ئەپرسێ من ڕێویم یان حوشتر؟!

ئینجا سێوەنگ وتی: مام ڕێوی! لەگەڵ من ئەچینە ناو ئۆتۆمۆبێلەکە. کە چووینە ماڵەوە لەگەڵ تارای خوشکما نوێنت بۆ ڕائەخەین و میوانداریت ئەکەین و جوان جوان حەشارت ئەدەین، ئەگەر هاتن خەبەری حوشتریان پرسی ئەڵێین کەس لێرە نییە تەنها مام ڕێوی نەبێ، ئەویش نەخۆشە، هێناومانە بۆ سەر دوختۆر. مام ڕێوییش وتی: نەء، کەسی مامی، لێم گەڕێن با بە ڕێی خۆمەوە بڕۆم، ئەگەر خاسخوایەک هات وتی: نەء ئەمە حوشترە، ئەو وەختە ئەگەر پەلم بە پەلی هەورەوە بێ هەر ڕزگارم نابێ. لەپاشا سێوەنگ وتی: دە باشە مام ڕێوی، خوات لەگەڵ.

مام ڕێوی لێی دا ڕۆیشت و ئەمیش گەڕایەوە بۆ ناو ئۆتۆمۆبێلەکە و قسەکەی بۆ تارای خوشکی و باوک و دایکی گێڕایەوە. تارا لەم کارەساتە ئەوەندە پێ کەنی هێزی لێ بڕا.

لەپاشا گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، لە ڕێگادا سەیریان کرد وا ڕاوچی کەوتوونەتە ئەو دەشتە، ڕاوە مەلیچک ئەکەن. گۆشتی مەلیچک زۆر خۆشە.. سێوەنگ مناڵێکی ژیر و وردبین بوو، بە تارای خوشکی وت:

تارا! مام ڕێوی وتەنی با ئێمەش خێرا ڕاکەینەوە بۆ ماڵەوە، ئەگەر هات و بە ئێمەشیان وت ئێوە کێشکەن بڵێین چی؟ تا ئێمە بڵێین کوڕە چۆلەکە نیین، سێوەنگ و تاراین، گۆشتەکەمان لەناو دەمیانا تام ئەداتەوە.

ئیتر خێرا هەڕایان کردەوە بۆ ماڵەوە. ئەو نوێنە کە ئەیانویست بۆ مام ڕێویی ڕاخەن بۆ خۆیانیان ڕاخست.