شایییەکەی ڕەشەی خەجەلاو

لە کتێبی:
هەمیشە بەهار
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 11 خولەک  1000 بینین

هەموو فەسڵێ فەسڵی خوایە. ئەو ساڵە کە ڕەشەی خەجەلاو شایییەکەی دایکی حەمەی جوانەمەرگی کرد هەر لەم فەسڵەدا بوو. لە دێیەکەی خۆمان لە سەربانەکەی ماڵی «پوورامینە»م جلێکیان ڕاخستبوو، هەتاو خۆش بوو، من و «خلە»ی خوشکەزام و «نەجە»ی سەرکار تازە لەناو شایییەکە هاتبووینەوە، هیلاک بووین، هەروا دانیشتبووین. دەمەتەقێمان ئەکرد، کوڕوکاڵیش لەوبەرەوە لە بەر ماڵی سۆفی ڕەمەزانا وا دەستیان گرتووە و هەڵئەپەڕن.

کوتوپڕ لە کلکەی ئاوایییەکەوە سێ سوار کردیان بەناو دێدا. خەڵکەکە سەرگەرمی شایییەکە بوون، سوارەکان ڕووەو لای ئێمە هاتن. کە سەیرم کرد وا «.... ئاغایە» و دوو خزمەتکاری بە شوێنەوەیە. ئێمەش ڕاپەڕیین، خلە، خێرا پەلاماری وڵاخەکانی دا و جڵەوەکانی لە دەست گرتن و منیش چووم بە پیریانەوە و بانگم کرد لە پوورامینەم مافوورێک بێنێتە سەربان و نەجەشم نارد بۆ ناو شایییەکە، کە پێیان بڵێ وا ئاغا تەشریفی هێناوە. ئاغە خێرا هەڵیدایە وتی: بە سەری بابم ناچێت، لێ گەڕێ با شایییەکەیان لێ تێک نەچێ. من ئەمەوێ ئەوان هەموو دەمێ لە کەیف و ئاهەنگدا بن. ئەو وەختە کە «خانم»م دا بە ڕەشە، «خەجەلاو» سەد لیرەی هێنابوو- بە پێکەنینەوە وتی: دەویت بابە زۆر کەمیشی هێنابوو- بەڵام وتم قەیدی نییە من وەکوو باوکیانم. چ ماڵی بووکە، چ ماڵی زاوا، هەردوو لایان لە ئاواییی خۆمدان. بیستم کە ئیمڕۆ شایییانە، وتم با بچم بۆ لایان، دڵیان پێ خۆش ئەبێ.

ئێستەش خۆم حەزم کرد لەناکاو بێمە ئاوایییەکەوە، بۆیە لە بارگەکە پێش کەوتم، وا لە دواوە حەمەی چایچیم بارگەکەی پێیە، ئێستە ئەگاتە جێ. هەر لەم سەربانە زۆر خۆشە، قاڵی و شتە ڕائەخەن، حەمە چا لێ ئەنێ، با کوڕەکانیش تێر هەڵپەڕن، ئەو وەختە بێنەوە دانیشن چایەکەی ئەم نیوەڕۆیەیان لێرە بخۆنەوە. با تۆ نەڵێیت ئاغە مسکێنەکانی خۆی خۆش ناوێ. بە سەری بابم چواردە گوندم هەیە- لام وایە زەلامەکانی هەموو لەم شایییەدا کۆ بوونەتەوە- هەر یەکە لە دانیشتووی ئەو گوندانەم بە کوڕێکی جگەرگۆشەی خۆمی ئەزانم.

ئێمە لەم قسانەدا بووین، سەیرم کرد وا بنە و بارگە دەرکەوت، قەتارچییەک و حەمەی چایچی شەش ئێستریان داوەتە پێش و هاتن.

کە گەیشتنە جێ خێرا بارگەیان کردەوە، چوار ئێستریان بەڕە و قاڵی و دووشیان شتومەکی چا و شەکر و چا بوو، سەربانەکەیان پڕ فەرش کرد و سەماوەرە هەشت تەرخانەکەیان تێ خست، چوار قۆریەی عەجەم- هەر یەکە چای پەنجا کەسی ئەدا-، مەقەڵییەکی گەورەیان خەڵووز گەشانەوە و بە ڕیزە لە دەورەی مەقەڵییەکە دایاننان.

لەم هەرا و هوریایە خەڵکەکە زانییان وا ئاغە هاتووە، شایییەکەیان تێک دا و هەر یەکە بە لایەکدا لە ترسانا. هەندێ لە دەم سپییەکانیش هاتن بۆ پێشوازیی ئاغا.

کە ئاغە زانی وا خەڵکەکە شایییەکەیان بەتاڵ کرد خێرا «گردە»ی خزمەتکاری نارد پێیان بڵێ بە سەری بابم قایل نابم شایییەکە بەتاڵ کەن. من هاتووم بۆ خۆشیی ئەوان، نەهاتووم بۆ ناخۆشی، دەست بگرنەوە ئێستە خۆیشم دێم بۆ ناویان.

گردە چوو پێی وتن، خەڵکەکە شایییان بوو بە دوو شایی، چونکە تا ئێستە قەت بە خۆیانەوە نەدیبوو کە ئاغە قسەیان لەگەڵ بکا، نەوەک وا بەم جۆرە لەگەڵیان میهرەبان بێ. دیسان کۆ بوونەوە و دەستیان کردەوە بە هەڵپەڕکێ.

ئینجا ئاغە پێی وتم هەستە با بچین بۆ ناویان. بەڵێ قوربان. هەر وا لە دڵی خۆما لێکی ئەدەمەوە، یا ڕەبی ئەمە چی بێ؟ ببێ و نەبێ دەروویەکی بەخێرمان لێ کراوەتەوە. ئەگینە تا ئێستا ئاغە قسەی خۆشی جنێو و جەریمەکردن بووە.

هەر وا لە ڕێگادا دەستی گرتبووم و پێکەوە ئەڕۆیشتین، وردە وردە قسەی بۆ ئەکردم.

تۆ خۆت ئەیزانی کە من چەندە بۆ ئەم مسکێنانەم باشم و چەندە حەز بە سەربەرزی و خۆشگوزەرانییان ئەکەم. هەرچەندە چاوم بە مەڕ و ماڵات و بەرەجووتیان ئەکەوێ بست بست گەشکەی پێ ئەکەم. هەر ئەم دڵپاکییەی منە وا ئەوانیش ئەم خێر و بێر و دڵخۆشییەیان هەیە. خوانتەعالا فەرموویەتی: هەتا گەورە لەگەڵ گچکەدا چاک بێ و دڵی ساف بێت لەگەڵیان، من بۆ هەردوولایان چاک ئەبم.

حەرام بێ ئەو وای ئەوت، ئەو مسکێنە بەسەزمانانە ساڵ دوانزە مانگەی خوا شان و قۆڵیان ئەکوتا لەبەر زۆر و ستەم و جەریمە هیچیان بۆ نەئەمایەوە. ئەو شایییەش کە کردبوویان وەڵڵا هەر لەبەر بێعاری بوو.

چووین. کوڕوکاڵ کە سەیریان کرد وا ئاغا چوو بۆ ناویان ئیتر لە خۆشییانا سێپێیی و فەتاح پاشا دایانگرت. ئێمەش لەسەر سەرەنویڵکەکە لەگەڵ ئاغادا دەستمان کرد بە سەیرکردنیان. ئاغە جار جار ڕووی ئەکردە «شاکل»- سەرچۆپییەکەی بە دەستەوە بوو- ئەیوت: ها، شاکە! لام وایە هەڵپەڕکێت لە بیر چووەتەوە، چاک گەرمی ناکەیت. شاکەم، شاکە بوو، کە گوێی لەم گفت «و» لفتە ئەبوو ئەوەندەی تر شێت ئەبوو. قوڕبەسەرە خۆی پڕووکان.

***

سێ چوار دەورێک وەستاین، لە پاشا ئاغە ڕووی تێ کردن ڕۆڵە بچن وچانێ بگرن، وا لە سەربان چایان لێ ناوە، چایەک بخۆنەوە، دەستیان بەر دا، تێکڕا چوون بۆ سەربانەکەی ماڵی پوورامینەم.

حەشامەتێکی زۆر بوو، جێگەکە تەنگ بوو. خێرا ئاغە بانگی کردە گردەی پیاوی: کوڕە هەتیو لە بانەکەی تەنیشتیانەوە ڕایەخیان بۆ ڕاخەن با لەسەر عەرز دانەنیشن. خۆ، مناڵگەلیش لەبەر قسە و ڕووخۆشیی ئاغا ئیمانیان لا نەماوە. ئێمەش چووین لەلای سەرەوە تێکڵاویان بووین و دانیشتین.

ئینجا ئاغە بانگی کردە حەمەی پیاوی: کوڕە چایان بۆ تێ کە و جگەرەکەشیان پیا بگێڕن با تۆزێ بحەسێنەوە! باقە جگەرەیان لە بارگەکە دەرهێنا و خستیانە گۆڕێ. دەسا خلە و بلە لەباتیی سەبیلە لاشکاوەکەی خۆتان جگەرەی بۆنداری شاور بکێشن.

دیواخان گەرم بوو، ئینجا ئاغە یەکە یەکە ڕووی کردە خەڵکەکە و دەستی کرد بە قسە لەگەڵکردنیان: سۆفی ڕەمەزان مناڵەکان چۆنن؟ ئیمساڵ شوکر باش بوو خەرمانی «دەشتەشین» گەنمێکی باشی لێ دەست کەوت. «خاڵەباس» نازانم بۆچ وا مەڕەکانت- لەگەڵ ئەوەشا کە من مێرگەکەی دەشتەپانم بۆ قەدەغە کردوون- هەر لە کورتی ئەدەن؟

بە یەک دەنگ: ئاغا سەری تۆ سەلامەت بێ ئەوانە هیچ نین، ئێمە هەر خوا تۆمان بۆ پایەدار کا، مەڕ و جووت و هەموو شتێ هەر بۆ قەزاوەگێڕیی تۆیە.

ئاغە: مەجۆل ڕۆڵە! نازانم مسکێنەکان هەموویان هاتوون یان نە؟

مەجۆڵ: بەڵێ قوربان، لە سایەی سەری ئاغاوە. ڕەشە، ئیمساڵ باش بوو بە خۆیا ڕابینی ئەم شایییە بکا و زەلامی هەر چواردە گوندەکەی ئاغا بانگ کا.

ئاغە: خۆتان ئەیزانن کە من چاوم لە ماڵی ئێوەوە نییە. هەموو دەمێ حەز ئەکەم لە هەموو شتێکا لە پێش خۆمەوە بن. تەنانەت فیکرم وایە ئیمساڵ کە چوومەوە بەغداشوێن، چەند مەکینەیەک بکڕم، ئەو وەختە هەموو گوندەکان بە تەواوی ئەکەونە ڕەحەتییەوە. ئەمەش هەر مەبەستم ئێوەیە، با ئەوەندە لە عەزیەتا نەبن.

دیسان فیکرم وایە کە چوومەوە «مەجلس» باسی ئەو زەوییانە بکەمەوە کە تا ئێستا بە دەست بەرەی «هۆمەرە کوێر»ەوە بوون، کە ئەوانەم چنگ کەوتەوە ئێوە چیی ترتان زەویوزار بوێ، ئەتاندەمێ. من لە دنیادا ئەمەوێ بە هەموو جۆر خەڵکی لێم ڕازی بن، نەخوازەڵڵا ئێوە کە مسکێنی خۆمن وەکوو کوڕم وانە. بە سەری ئێوە ئەم چەند ساڵە کە من «نائب» بووم لەو مەجلیسەدا هەرچی ئیش و ئەرکی ئەم کوردانە بووە هەمووی بەسەر شانی منەوە بووە، جارێک نەمدی نائبێکی کە لەسەر شتێک وە جواب بێت، بۆ تووتن بوایە، بۆ زەویوزار بوایە، بۆ مەتکەب و ڕێگەوبان بوایە، هەر من بووم و هەر من. کە لە مەجلسیش ئەهاتمە دەرەوە ئیتر ئەوە هەر بە شوێن ڕاییکردنی ئیشی ئەو عالەمەوە بووم بۆ لای ئەم و بۆ لای ئەو، تکا بۆ ئەم و پاڕانەوە بۆ ئەو. بەڵام ئەوەتە میللەتەکەی ئێمە قیمەتی پیاو نازانن. من لە هەر شوێنێک بوومایە لەسەر دەست هەڵیانئەگرتم. لەگەڵ ئەوەش من چاوم لەوە نییە، هەتا نەفەسم تێدا بێ خزمەتی خۆم هەر ئەکەم.

ئێستەش هەرچەندە هەوەجەی ئەوەی نییە بەڵام گەورە لە هەموو دەمێکا ئەبێ ئامۆژگاریی گچکەی خۆی بکا و چاوی لێیانەوە بێ و چییان بۆ قازانجە پێیان بڵێ.

وا ئیمساڵ دیسان هەڵبژاردنەوەی «نائب» هاتۆتەوە گۆڕێ. من ئەگەر پێتان نەڵێم خیانەتتان لەگەڵ ئەکەم. کە وا بوو هەر کە مەعمووری حوکمەت هات بۆ ناوتان هەر من هەڵبژێرن، چونکە هەر منم کە بە کەڵکی ئێوە و غەیری ئێوەش بێم. نائبەکانی تر خۆ ناشوکری نەبێ هیچیان ورتەیەک لە دەمیانەوە دەرنایە، لێم تاقیقە کە من لەو «مەجلس»ەدا نەبم هەموو وڵاتەکەمان ئەفەوتێ و لەناو ئەچێ.

کە ئەمەی وت هەموو خەڵکەکە بە جارێ دەستیان کرد بە دۆعا و پاڕانەوە بۆی و «خوا لە ئێمەت نەسێنێ». ئێمە ئەوە ئەزانین کە گەورەیەکی تر وەکوو جەنابت بە مەرحەمەت و خێرخواتر بۆ هەموو کەسێ نییە، چی بفەرمووی ئێمە حازرین. ئەمە سەربەرزییە بۆ ئێمە کە گەورەیەکی وەکوو جەنابتمان ببێ و لە هەموو شوێنێ قسەی بە ڕەواج بێت.

بەڵام خەڵکی چی؟ ئەو هەژار و کەساسانە کە تا ئێستە هەر لەژێر باری جەورا چەوساونەتەوە، ئێستە بە پیاڵە چایەک و دوو قسەی وا بۆش هەموو کەوتنە هەلەکەسەما. خۆ ئێجگار کە ناوی مەکینە و زەوییەکەی هۆمەرە کوێریش هاتە پێشەوە ئیتر هیچی تێدا نەمایەوە. ئەگینە مەجلسی چی و قسەکردنی چی و ئەرک و ئیش جێبەجێکردنی خەڵکی چی؟ ئەوانە چووزانن مەجلس چییە و قسەکردن لە «مەجلس»دا چییە؟

لەپاش هەندێکی تر لەم قسانە، ئاغە بانگی کرد کوڕە حەمە! چایان بۆ تێکە با بیخۆنەوە و بچنەوە سەر شایییەکە، من ئەزانم شایییەکەیان لە هەزار شت پێ خۆشترە. هەموو بە جارێ ئەوەندی تر دەستیان کردەوە بە دۆعاکردن بۆی.

ئەوان چایان خواردەوە و چوونەوە بۆ سەر شایی، ماینەوە هەر من و ئەو و حەمەی چایچی و خزمەتچییەکان. دیسان لەلایەن نایبییەکەیەوە وردە وردە دەستی کردەوە بە قسەکردن بۆ من کە چۆن ئیش ئەکا؟ چۆن قسە ئەکا؟ چۆن بە دەمی هەموو کەسێکەوەیە؟

***

ڕۆژ درەنگ بوو، وتی ئیتر من ئەچمەوە. وڵاغەکەیان بۆ هێنا، سوار بوو، بە تەنیشت هەڵپەڕکێکەدا لێی دا ڕۆیشتەوە. کە گەیشتە عاستی ئەوان پێی وتن: من ئەزانم ئێوە ئەوەندە گەوجن لاتان وایە من پێم ناخۆشە ئێوە لە شایی و هەڵپەڕکێدا بن؟ ئەوا من ئەڕۆم ئیتر ئارەزووی خۆتانە چی ئەکەن بیکەن.

هەموو بە جاری ۆتیان: قوربان ئەوە چی ئەفەرمووی؟ بە سەری تۆ ئەو سەحاتە خۆمان بە بەختیار ئەزانین کە گەورەی خۆمان لە ناومانا بێ.

بە پێکەنینەوە:

گاڵتەتان لەگەڵ ئەکەم، منیش خۆشیی ئێوەم ئەوێ. ماڵاواییی لێ کردن و ڕۆیشت. کوڕگەلیش کەوا ئاغەیان گاڵتەی لەگەڵ کردوون ئەوەندەی تر پێیان لێ بەرز کردەوە. ناهەقیان نەبوو، لە حەیاتی باووباپیریانەوە ئەمە گاڵتەیەک، ئەمە قسە و گفتولفتێک. ئەم هاتن و قسانەش دیار بوو بۆ چی بوو.

لە بارەکەی تریشا، بەڵێ ڕاست بوو ئاغە نائب بوو لە مەجلیسدا، بەڵام من هەر وا جارجار ئەچووم بۆ گوێگرتن، چونکە شوێن هەیە بۆ گوێگران. بەو قورعانەی تۆ ناوتەتە سەر ڕانی ڕاستت، لەو چەند ساڵەدا، نە بیستم، وە نە دیم کە ئاغە لەو مەجلسەدا ورتەیەک لە دمی بێتە دەرەوە. ئێستە و ئەوسا زمانەکەش فێر نەبوو لایەقەلی بزانێ خەڵکەکە قسە لە چیوە ئەکەن. سا چاک یا خراپ پەنجەکە هەر بەرز ئەکرایەوە، ئیتر تێ بگەین یا تێ نەگەین شەرت نەبوو. ئیتر ئیش ڕاییکردنی چی، قسەی چی، بە شوێن ئیشوکاری ئەم و ئەوا هەڵسووڕانی چی؟

ها، ئەوەم لەبیر نەبوو، پیاو درۆ نەکا چاکە، ڕۆژێکیان لەو ڕێکەوتانە بوو کە منیش چووبووم بۆ گوێگرتن، هەرچەندە شوێنی گوێگران جیا بوو لە شوێنی نائبەکان، بەڵام وا ڕێ کەوتبوو لێوە نزیک بووم، گوێم لێ بوو دەنگێکی لێوە هات وتی:

«پەککو لەوی گەرمایە، بە قوڕێ گیرێ ئەو شارە لۆ گەرمای» کابرای تەنیشتی لێی تێ نەگەیشت، لێی پرسی کە ئەوە چی ئەڵێ؟ ئەویش تێی گەیاند وتی «ئەوی شارە عاڕە، عاڕە پەککوو واتە حاڕە.»

بە ڕەحمەت بێ مامەڕەشە شایییەکی خۆشی بۆ کردین.