«١٤»ی تەممووزی ١٩٥٨
لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
3 خولەک
824 بینین
ئیمڕۆ کە چواردەیە لە تەمموز جەیشی بێ ئەمان
ئازانە هاتە کایەوە وەک کێوی پڕ لە گیان
دەسیان بەجارێ دایە دەس یەکتر هەموو
جەیش و شەعب مەرامی بە مەردانە خستە ڕوو
وەک «دجلە» جەیش بەهێزی گەلی بێ حیسابەوە
بوونە شەپۆل و چوونە سەراپای ڕەحابەوە
شێرانە جەیشی داغ لەدڵ و شەعبی قارەمان
کەوتوونە خوێنڕژاندنی میللەت فرۆشەکان
وەختێ کە پێ ئەزانێ سەگی هاری لاشە خۆر
دێتە دەرێ لە دەمییەوە کوفر و جنێوی زۆر
وایزانی کەس نییە بە نەزەر کیبریایەوە
بۆ داچڵەکاندنی دڵی ئەو بێتە کایەوە
نەیزانی ئاخری نەفەسی زوڵم و زۆرییە
چواردەی تەمموز کوژاندنەوەی تیشکی خۆرییە
چی تیابوو کۆشکی گەورە، بە شا و ئیشگوزارەوە
کوژران، لە پاش ئەوە کە خەبەر کەوتە شارەوە
عالەم ڕژایە قەسرەوە، ناو ژوور و ناو تەلار
لاشەی گەماڵە گەورەکەیان خستە ناو هەزار
هەروەک سەگێکی بۆگەنی تۆپیو لە ڕێ گوزار
کەنناسەکان کە ئەیبەنە دووری کەناری شار
وا پەت خراوەتە قولە پێی ڕائەکێشرێ
ئەمری شەعب وەهایە کە نابێ بنێژرێ
لاشەی کرا بە داری سزادا بە پێکەنین
عەبدولئیلاهی زۆڵ و وەلی عەهدی نائەمین
کوژراو پارچەپارچە کرا دەست و پێ و لەشی
خوێنخوار و بێ شەرەف ئەمەیە ئاخری بەشی
نووری سەعید بە بەرگ و عەبایی ژنانەوە
کوژراو دەست و پێ و ملی لێک جیاکرانەوە
ئەو چاڵی قووڵی حیلفە کە بۆ کوردی هەڵئەکەن
خۆی کەوتە ناوی بێ سەر و پێ، بێ لەش و بەدەن
ئیعلانی حوکمی تازە بە جمهورییەت کرا
کورد و عەرەب شەریکە بەشن هەروەکوو برا
نێررایە شوێن عەدالەتی مەحکوومی دەس بەسەر
هێنرایەوە خرایە سەری، ئەفسەری زەفەر
ئەو عەدلی دەرکراوە لە دووری وڵاتەوە
چواردەی تەمموز بەخۆشی و سەربەستی هاتەوە
ویجدان و حەقپەرستی لە مەنفا گەڕانەوە
تەسلیمی دەستی حاکمی عادیل کرانەوە
ئەو کۆمەڵەی عەدالەتی خستبووە بەندەوە
گیران و دەست و پێ بە کەلەپچە و کەمەندەوە
زیندانە قووڵەکەی گەلی تیابوو بەداخەوە
جێگەی ئەوانە ئێستە بە ئۆف و بە ئاخەوە
کوێ ئارەزوو ئەکەی بچۆ سەربەست و دڵنیا
جاسووس و ترسی گرتن و لێدان و شەق نەما
ئەمجا بنوو بەبێ خەم و بێ ترس و بێ خەیاڵ
ئیتر نەما ژیانی زەلیلانە، ژینی تاڵ
خۆش موژدە بێ منیش تا ماوە ڕۆحەکەم لە لەشا
ئەم دوعایە بۆ «عەبدولکەریم قاسمکەس»ی باوکی هەژار ئەکەم
ڕەبی بژی بە سوودەوە بۆ خاکی نیشتمان
بۆ تۆڵە سەندنی گەلی مەزڵووم و ناتەوان