ئەی ڕۆحی ڕەوانم
بۆ یەکێ لە ڕیجالە سیاسییەکان نووسراوە
لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
1 خولەک
855 بینین
ئەی ڕۆحی ڕەوانم مەبە لەم وەزعە موکەددەر
بێهوودە مەکە خۆت بە خەیاڵاتەوە موغبەر
حاجەت بە ئیشارەت نییە، وەک ڕۆژ ئەدرەوشێ
شوعلەی زەفەرە، عاقیبەتی جەیشی موزەفەر
نیزیکترە ئەو ڕۆژە لە قەوسەینی ئەو ئەدنا
دنیا کە ئەبێتە گوڵ و گوڵزاری موعەتەر
هەر قەومی پەرێشانە ئەناڵێ بە جەفاوە
هەر میللەتە جەرگ و دڵی جنراوە بە خەنجەر
هەر چاوی ستەمدیدەی ئەقوامی زەعیفە
پڕ قەترەی خوێناوە مەلوولانە، موکەددەر
هەر خونچەی سیسی دڵی کوردانە دەڵێ کەی
ئەکرێمەوە ڕۆژێ بە هەوایەکی موعەتەر
ئەم عالەمە بەم ڕەنگە بپاڕێتەوە لای خوا
بکوڵێ دڵی ئەم خەڵقە وەکوو جۆشی سەماوەر
ئامالی بەشەر بەستە بێ بەم ڕۆژەوە باللهعەرەبی
شوبهەم نییە ئەو نەسرە کە نووسراوە لە دەفتەر
تۆ ئەو دەم و ڕۆژەی عەلەمی نەسری نیهانی
ئەشنێتەوە وەک ڕۆحی زەفەر دیدە لەسەر سەر
بڕواننە ئەم کوردە بە چاوێکی عەدالەت
ئیتر بەسە گەردن کەچی و ژینی موحەقەر