بە من بڵێ چ میللەتێ

لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
 1 خولەک  508 بینین
بە من بڵێ چ میللەتێ لە مەقبەری مەماتەوە
لە مەحو و ئینکیسارەوە، لە دەورەیی نەهاتەوە
نەچۆتە ناو موجادەلەی حەیاتەوە
گەلی براو لاوی کورد، لە یاری دوور وڵاتەوە
شەوێ نییە بەهۆی «ئەسیر» لە غەربی ئاسیاتەوە
نەویدی خۆشی لە ئێسگە دەنگ نەداتەوە
دەمێ بە قەلبی زارەوە، بەچاوی ئەشکبارەوە
گەهێ بەعوود و تارەوە، بە هەیبەت و ویقارەوە
هیوا نەخاتە ناو دڵی وڵاتەوە
ئەڵێ کە ڕۆژی کورد ئەوا بەڕێوەیە لەدەم کەلا
لە ئوفقی نیشتیمانەوە، خەریکە وا شەبەق ئەدا
بەعالەما بەجارێ شەوق ئەداتەوە
مەوەستە ڕووکەرە هیوا، مەپرسە دەشتە یانە کێو
مەترسە تۆ لە سەغڵەتی فراز و زەحمەتی نشێو
کە هەوڵە هەر گرەو لە دەهر ئەباتەوە
بەسە زەمانی غیرەتە، چ وەختی خوابی غەفڵەتە
زەمانی هەوڵ و هەڵمەتە، هەلێکی زۆر بەقیمەتە
نەوەک فەلەک لە دەستی تۆی بکاتەوە
لە کۆسپی ڕێگە سڵ مەکە، بڕۆ بەرەو شەقامی ژین
لەگەڵ سەباتی کوردەواری پێچەوانەیە بەزین
خوداش لەو هەوڵە ئاوڕێ ئەداتەوە