کاروانی ژیان
لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
5 خولەک
981 بینین
بەرەو شاری ژیان، شوێن کاروانی خەڵقی دێ کەوتم
کە ڕێ کەوتم، ملی ڕێم گرت و ئازانە بەڕێ کەوتم
بەرم دەشتێ بوو، تا چاو بڕ ئەکا دەریاچەیی قووم بوو
کە پێم لێ دابنایە، دائەچوو قاچم هەتا ئەژنۆم
هەموو دانانی هەنگاوێ، سەعاتی پێ ئەخایاندم
لە تۆ وایە لە ڕۆییندام، بەڵام بستێ لە ڕێ ناڕۆم
چ ڕێگایە، نەبوو شوێن پێی شتێ، شوێنی کەوم بۆ خۆم
نە ئاسارێ، نە شوێن پێیە ئەبینم من لەسەر ڕێما
نە دەنگی زەنگی کاروانێ ئەهات بیدات بەلای گوێما
بە هیچ پێیە لەسەر ئەم ڕێیە، نەخشی پێ نەنووسرابوو
هەموو خاکی بەجارێ هەر قووم و لمێکی بێ ئاوە
نە خشپەی مار و مێروولە، نە ورشەی باڵی باڵدارێ
نە گیزەی مێش و مێشوولە، نە گیاندارێ، نە ڕێبوارێ
جریوەی چۆلەکەش نایە لە هیچ لایە، مەگەر بایە
کە جار جارە ئەهات ئەیدا لە پووشی وشک و دڕک و داڵ
لە جێگەی خۆی ئەجووڵان، ئەیخزاندە ناو نەدیوی و چاڵ
لەگەڵ ئەم ئێش و ئازارە، لەگەڵ ئەم دەرد و زووخاوە
ئەوەندە خۆم کوتا بۆ پێشەوە تاکوو لە پێ کەوتم
بەڵام هەر بەو ئومێدەی زوو بگەم بەو مەنزڵی ژینە
کە ئەم کاروانە بۆی کەوتۆتە ڕێ ئیمڕۆ سبەینێ زوو
بەبێ تینی ملی ڕێم گرت و دەستم دایە ڕۆیشتن
هەموو گیانم بەجارێ کەوتە سەر ئاو و عەرەق ڕشتن
پەل و پۆم لێ بڕا، هێزم نەما، توێخی بەری پێم چوو
هەتا لەم دەشتە چۆڵ و هۆڵ و بێ ئاوە، نەجاتم بوو
تەماشام کرد لە دوور تارمایی شینایییە دیارە
وتم ئەم جێیە هیچ مومکین نییە شوێنێکی ئاودارە
بڕۆم چاکە لەسەر ئەم ئاوە ماندوێتی لەشم دەرکەم
لە پاشا ڕوو کەمە شاری ژیان و چارەیی سەرکەم
گەیشتمە پێشەوەو پێم نایە ناو ئەو سەوزی و ئاوە
تومەز بەحرێکی بێ پایانی قوڕ، گۆمێکی زەلکاوە
کە پێم دانا هەتا ئەژنۆم بەلیتەو ناو قوڕاوا چوو
کە ویستم پێم دەرێنم، تاکو پشتێنەم بەناخا چوو
سەرم هێنا و سەرم برد، لەم قوڕە ڕزگاری من نابێ
ئیرادەی خوا وەهایە، ڕۆژی ژینم لێرە ئاوابێ
تەماشام کرد ئەوا شوانێ لەگەڵ ڕانێ بەرەو ڕووم هات
دڵم خۆش بوو، وتم خودا ناردی، بۆ لام ڕابەری ئاوات
هەتا تیاما بوو هۆ... هۆم کرد و بانگم کردە مامەی شوان
سڵەمیوە و تەماشای دەوری خۆی کرد، والە و حەیران
لە پڕ هەستی بەدەنگ و شوێنەکەم کرد و بەدی کردم
بەگورجی گەیییە لام و پاش سەلام، ماندوو نەبی کردم
وتی تۆ شارەزا نیت، بۆیە وا کەوتوویتە ئەم ناوە
ئەمە ڕێگا نییە، دەریایەکی لیتاو و زەلکاوە
ئەوی کەوتۆتە ئەم شوێنە، بەجارێ واقی وڕماوە
ئەوی کەوتۆتە ناو ئەم بەحرە بێ پایانە خنکاوە
هەنام بۆ برد، وتم ئەی پیری خاوەن چاکە تۆ بیرێ
لە ئەحواڵی منی بێ چارە کە، دەرمانێ، تەدبیرێ
دەسم بگرەو لە ڕێی خوادا دەرم بێنە ئەوا ئەمرم
وتی: باشە، بوەستە تا بەرایی ڕانەکەم ئەگرم
بەرایی ڕانەکەی گرت و وەکو پیاو، هاتەوە بۆ لام
بەهەنکە هەنک و ڕاکردن. بەگورجی کەوتەوە فریام
گەیشتە لامەوە، پشتێنەکەی هەڵدایە بەردەستم
لەپشتی خۆم گرێم دا و قایمم کرد و زەریف بەستم
تەکانی دایە خۆی، پشتێنەکەی تووند گرت و ڕایکێشام
تەقەللایەکی زۆری دا لەگەڵما تا دەری هێنام
سوپاسم کرد و ئەو ڕۆیی، منیش پاش ئەو لەسەر خۆم چووم
کە شەنگ و ناتەوان چاوم کە لێکناوە، تومەز نووستووم
کە چاوم هەڵبڕی ڕوانیم گزنگی خۆری پڕشنگدار
لەنووری خۆی ئەوا ئەینێتە سەر شاخ و چیا ئەفسەر
سبەینێ زوو لە ڕوو چۆن پەرچەمی خۆی لائەدا دڵدار
لەڕووی گەردوون دەسی خۆریش خەریکە لابەرێ شەوگار
تەماشام کرد لە ئوفقی ئەم بیابانە، تەمێ دیارە
کە ڕوانیم تەم نییە، شاخ و نزارە، باغ و گوڵزارە
بەبێ هێزی ملی ڕێم گرت و داوێنم بەلادا کرد
بەرەو ڕووی ئەو نزارە، پێ و پلم هێزێکی پەیدا کرد
گەیشتمە دامەنی ئەو شاخە بەرز و جوانە تێفکریم
لەسەر ئەو لووتکە بەرز و جوانە، ئامانجی هیوا دیارە
گوڵستانێکە کانی و ئاوەکانی، چەشمەیی کەوسەر
هەتا چاو بڕ ئەکا هەر لالەزارە، هەر چەمەنزارە
وتم: ئەم جێگەیە بەم خۆشی و دڵگرییە یاران
ئەبێ ئەو شارە بێ وا دوێنێ بۆی کەوتۆتە ڕێ کاروان
بەڵێ بێ شک، ئەمە ئەو شوێنەیە کاروانەکەی بۆ هات
ئەمە ئەو شارەیە ناوی نراوە، شارەکەی ئاوات
بە ئومێدی ئەوەی ڕۆژێ بگەم بەو ژینە بێ ژانەی
بەبێ ئاژاوە هەندێ گەیوەتە ئەیوان و کاشانەی
دەسم دایە بەرەو ژووری چیا تا ناوەڕاستی چووم
نەگەیمە سەرچیا هێزم نەما، ئیتر لەپێ کەوتم
سەفەر بۆ شاری ژین گەرچی غەم و دەردە بەناچاری
هەموو کەس بۆی ئەچێ، ئەمما، یەکێ ئەیگاتێ بێ ئازار
یەکێ وەک سێبەری خۆی وایە هەر ئەڕوات و نایگاتێ
هەتا ئەو ڕۆژە شوومە، دای ئەهێڵنە گۆڕی تیرە و تار