لە ستایشی باخ
لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
2 خولەک
704 بینین
چ گوڵزار و چ باخێکە؟ چ ڕەنگین و چ نەخشینە؟
بەهارستانی کیشمیر و نیگارستانی ماچینە
گوڵی «شەستپەڕ»، گوڵی «ووجری»، گوڵی «لاولاوی» خونکاری
یەکێ زەرد و یەکێ سوور و یەکێ ئاڵ و یەکێ شینە
بە ئەنواعی عەجائیب خۆی نومایان کرد لەبەرچاوم
کە سەف سەف گوڵ لەسەر گوڵ چین لەسەر چینە
مەگەر هیجرانی یاری دیوە ڕیحانەی سیا پۆشە
وەیاخۆ عەکسی ڕەنگی پەرچەمی مەفتووڵ و موشکینە
لەسەر یەک پێ گوڵی «سۆسەن» ئەڵێی خۆی ساقیێی باخە
بە جیلوە ئینتیزاری ئەمری شاهی پڕ لە تەمکینە
ئەوەند سوڵتان و شاهەنشاهی ساحیب ڕاییحەی تیایە
عەبیر بێزار ئەکەن لێرە وەکوو من میسک و میسکینە
لە بەرگی گوڵ تەماشاکە بە میسلی سوندوس ئەنوێنێ
بەڵێ غیلمانی فیردەوسە گوڵی بەم ڕەنگ و ئایینە
هەتا چاو بڕ ئەکا لالە عەباسی ئەسفەر و سوورە
هەتا دیققەت ئەکەی لاولاوی وەک نیلۆفەڕی شینە
بە شێوەی چاوی مەخمووری گوڵی لاولاوەکەی مەستە
بە ڕەنگی چیهرەیی زەردم گوڵی شەست پەڕ چ شیرینە
ئەڵێی شوبباکی ئەولادی حوسەینە ڕەنگی پەرژینی
کەوا سەرتا بەپا سەوزە نموونەی دەشتەکەی چینە
بڵێن بەو مەهـ جەبینەی لالە ڕوخسارە: ئەویش بابێ
هەتا خەڵقی بڵێن: ئەم جێگە جەمعی ماە و پەروینە
بڵێن: بەو زاهیدی خەڵوەتنشینی غافڵی عەشقە
کە بێ لەم جێگە ساکن بێ ئەگەر ئەو تالیبی دینە
دەخیڵم ساقی ئەمڕۆ بێ مەیی وەک لێوی خوت بێنە
دڵت عاجز نەبێ جێی عوشرەتە نەک عوسڕەت و قینە
دەخیل ئەی بادی شەبگیری لە هەر جێ تووشی بولبول بووی
بڵێ: «زێوەرناسناوی ئەدەبی» بەتەنها مایەوە مەشغووڵی ناڵینە