بۆ عەلی کەمال بەگ
بەیانی حەقیقەت
لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
2 خولەک
640 بینین
تەبیعەتم کە هەڵ ئەنگووتووە لە وەزعی زەمان
خەیاڵی شیعر و غەزەل لێم پەڕیوەتە سەربان
کە سەیری حاڵەتی میللەت ئەکەم پەرێشانە
منیش لە بەحری غەما ئەبمە ماسیی مەلەوان
کەسێکی وا نییە غەمخواری قەومی بێ کەس بێ
ئەگەرچی زۆر هەیە ئەربابی سەروەت و سامان
کە خوێندمەوە غەزەتەی «ژین» عەلی کەمالمکەس دی
کە «شا» بەیتی قەسیدەی سەخایە بۆ کوردان
دڵم گەشایەوە، تەبعم کرایەوە دەردەم
لە شوکری هیممەتی ئەو زاتە پڕ شەکر بوو زوبان
وتم: حاتەم بەمەڕێ یا بە وشترە پیرێ
سەخای ئەکرد کە ئەویش تایبەتی بوو بۆ میوان
سەخای حەتەم کە لە دەرماڵی خۆی بوو جەبری بوو
لە عەشرەتی «تەی»ەوە نەیگەیاندە ناو شەیبان
عەلی کەمالە کە دوور و نزیکی گرتووتەوە
بە فەزڵ و جوود و کەرامەت، بەجورئەت و ویجدان
ئەمە کە نیعمەتی بێ «مەنن» و بێ «ئەزی» ئەڕێژێ
بەسەر ڕەفیق و فەقیر و هەژاری سەرگەردان
عەلی کەمالە بە مەردی و بە هیممەت و بە کەماڵ
مەحەللی مەفخەرەتە، ڕەببی هەر بژی بۆمان
قسەش لە «لوتفی» ئەکەم بێ دریغە لوتفی ئەویش
بە خۆی و خزمەوە خزمەت ئەکەن نیهان و عەیان