قسەی شاگردێک

لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 1 خولەک  758 بینین
هەموو بەیانی کە لە خەو هەستم
پاک ئەیشۆم چاو و ڕوومەت و دەستم
بەفر و با نەبێ سەریشم ئەشۆم
یەک دوو پارچە نان بە چاوە ئەخۆم
جلی شەونووستن لە خۆم لا ئەبەم
بە جلی مەکتەب بەدەن ڕێک ئەخەم
ئەمجا هەڵدەستم بۆ چوونە مەکتەب
ئەڕۆم بەڕێوە بە حەیا و ئەدەب
دەفتەر و کتێب قەڵەم هەڵدەگرم
بە وردە وردە ڕێی مەکتەب ئەگرم
لە ڕێگا لەگەڵ کەس هەرا ناکەم
بە بەردەفڕکێ خۆم ڕیسوا ناکەم
ئەچمە ناو مەکتەب لەگەڵ ڕەفیقان
گۆرانی ئەڵێم یارییش ئەکەم جوان
کە وەختی دەرس بوو ئەچمە دەرسخانە
لەلام خۆشترە لە سەد چاخانە
گوێ لە دەرس ئەگرم ئەیکەمە بەرم
ئەیشینووسمەوە لەناو دەفتەرم
ئاوا بێ مەکتەب جێگای خوێندنە
جێگای تەربیە و هونەر سەندنە