فەلسەفە

لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 1 خولەک  948 بینین
چاوەکەم حوسنت زیاد ناکا بەلاپێچی سەرت
کافییە بۆ سەیدی دڵ غەمزە و نیگاهی دڵبەرت
تۆ زوبانت تیژ بکە بۆ جەلبی قەڵبی عالەمێ
فائیدەی ئێستا نەماوە نووکی تیژی خەنجەرت
مادەری پیری وەتەن ئوفتادەیە و بێ دەستەڵات
نەوجوانا! خزمەتێ بنوێنە دەرحەق مادەرت
ئەی مودەڕڕیس عیلمی دین و فەننی دنیام پێ بڵێ:
تا ڕەواجی بێ لە لای ئەم خەڵکە جوببە و مێزەرت
ڕێگەیەکم پێ نیشان دە پێی بژیم لەم عەسرەدا
وەرنە من باوەڕ ئەکەم زاهید! بەڕۆژی مەحشەرت
پێی دەڵێن: ئەم عەسرە عەسری ئینتیباهـ و ئیرتیقا
تۆیش کەچی هەر نووستنە هەر ڕاکشانە جەوهەرت
تۆ کە ماری پێوە داوی چاری تریاکێ بکە
کەی شیفایە ناڵە ناڵ و کەوتنی سەر بوستەرت
تا هەوای سەیری موغەننی و نەغمەیی تارت ببێ
ڕۆژی ڕووناکت شەوێکی تازە نەحسە ئەختەرت
ڕێگەیێ باشت نیشان دەم تۆ لە جێی تاقە و غەزەل
ئیفتیخارە گەر لە بەرکەی شیعری باشی «زێوەرناسناوی ئەدەبی»ت