ئەی شەماڵ

لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 2 خولەک  1147 بینین
ئەی شەماڵ! ئەی شەماڵی شاخی شیمال!
ئەی فیدای جیلوە و شنەت سەر و ماڵ
حورمەت و حەسرەتی منی بەدحاڵ
بگەیێنە بە شاخی باخی میسال
جارێ ئیفایی ڕەسمی تەعزیم کە
بۆسەیی لاتەناهی تەقدیم کە
***
چونکە ئەو شاخە زەوقی میللییەت
عەشق و سەودا و خەیاڵی حوڕڕییەت
تیا دەژی فیکری بەرزی کوردییەت
لە بەهەشت زیاترە بەقودسییەت
چونکە ئەو شاخە بەرزە گوڵگوونە
مەعدەنی ڕۆحە شاخی ئاڵتوونە
***
تورک ئەڵێ: قەبری کوردە ئەو شاخە
بام بڵێ، چونکە باتینەن باخە
باخی مەردانی چوست و گوستاخە
جێی وەتەنپەروەری جگەرداخە
تورکەکان نەشئەیان دەرئاغۆش کرد
بۆچی تەئریخیان فەرامۆش کرد
***
هەر فیدائی لە ئینقیلابا چوو
پێی مەڵێ مردووە بڵێ زیندوو
چونکە بێ شوبهە موودەتێکی زوو
شێری مەیدان لە نەسلی پەیدابوو
قارەمان و دلاوەرانی پەسین
وەتەن ئیحیا ئەکەن بەعەزمی مەتین
***
گڵ و بەرد و درەختی خون ئالوود
میللەتێکی جەسیم ئەخاتە وجوود
ناسیری کوردە حەزرەتی مەعبوود
کوردی مەزڵوومی دەستی تورکی عەنوود
ماڵ و منداڵی کوردی بێ چارە
بام پەرێشان کرێن و ئاوارە
***
ئەی شەماڵ! پێی بڵێ: لە بەعدی سەلام
بەرزتری تۆ لە عەرش و کورسی لە لام
قابیلی تۆیە حورمەت و ئیکرام
نووری تۆ نووری مانگ و ڕۆژە تەمام
مەئمەنی خاسی قەومی کوردانی
ئەبەدی مەنزیلی شەهیدانی
***
ئوفوقت ئەرخەوانییە کە بەهار
ڕەنگی سوورت شەفەق ئەکا ئیزهار
ئینعیکاسی تەسادومی ئەنوار
تاجی قەوس و قەزەح ئەکا بە نیسار
لالەزارت کە سوور و ڕەنگینە
عەکسی خوێنی شەهیدی ڕێی دینە
***
ئەو مەقامە، مەقامی، لاهووتە
سورمەیی چاوی قەومی مەبهووتە
جێی زیاراتی ئەهلی ناسووتە
ئەو گڵە بۆ حەیاتی دڵ قووتە
کورد نەڕەنجێ لە خوێنی ڕێژراوی
نەخشی سەر ڕۆحە بەردی خوێناوی
***
قەومی ساحێب مەتانەت و بە سەبات
چونکە بێ قەدرە لای هەوای حەیات
حورمەت و غیرەتی ئەکا ئیسبات
باقییە عەزمی تاکوو ڕۆژی مەمات
عاقیبەت شاخی بەرزی کوردستان
عەلەمی کوردی تیا ئەکا جەولان