ئەم سپی و سوورە
لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
1 خولەک
836 بینین
ئەم سپی و سوورە چەشنی لەشکری ڕووس
ڕاو ئەنێن ساردیی شیتای عەبووس
وەکوو چەرچڵ هەور ئەگرمێنێ
ئەمر ئەکا دوشمنانی ئەفڕێنێ
قاسە قاسپی کەوە و چریکەی قاز
ڕوو لە کوێستان ئەکەن بە سەد ئاواز
چاووڕاوی نەماوە هیتلەرکەسی دەی
غەمی ناڕوا بەسەد قەرابەی مەی
حەق حەقی کۆتر و نەوای بولبول
مارشی فەسڵی بەهارە بۆ شای گوڵ
پیرەمێردیش بەهەڵپەڕین جوانە
چونکە نەورۆزی گردی سەیوانە
گردی سەیوان بە ئەرغەوان ڕەنگین
ئاسمان خۆزگە خوازە بێ بەزەمین
کوردە سا هەستە وەختی جۆماڵە
شاخی کوێستان کە ئیستە خاڵ خاڵە
شەتڵی تووتن بچێنە، گۆل ببڕە
پەردەی زوڵمەتی شەوت بدڕە
وادەی کارە بۆی مەنوو، هەستە
گیانلەبەر نەشئەدار و سەرمەستە
دەنگی بلوێری شوان و هۆهۆی جووت
ئەوەیە بۆ ژیانی میللەت قووت