گاڵتە و قەشمەری

لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 2 خولەک  871 بینین
ڕووی کردە کار گاهی تەڕەققیی وڵاتەکە
یەعنی وڵاتی کوردە بەبێ دەستەڵاتەکە
تەدریسی عیلمی فەلسەفەیە، فەننی تازەیە
وەحشەت لە شارەوە گەیییە قاتە قاتەکە
جاران کە سوخمەیەکی نە ئەردروو بە هەفتەیێ
ماکینە دەستە ئێستەکە، وەستا خەیاتەکە
ئەربابی عیلم و دانیش ئەوەند زۆر بووە بەناو
لایان خەیاڵی باتیلە پردی سیراتەکە
کەوش و کڵاش و کاڵە و پێتاو فڕێ درا
کەوشی فەرەنسە ڕەونەقی خستە وڵاتەکە
جاران کە عەشقی جینسی لەتیف باوی سەندبوو
ئێستاکە نووری مەجلیسە بەزمی لیواتەکە
سەیری کە چۆن تەریقی تەرەققی کرایەوە
ئاڵا فەرەنگەیە حەرەکاتی سەعاتەکە
ڕێوی نەبێ کە ترسی لە ڕاوکەر هەیە کەمێ
کەس خەونی لانە ماوە موحیتە نیشاتەکە
دین بوو کە سەددی ڕێگەی ئەم ئەهلە وەحشە بوو
کەس سواری نابێ کەوتووە وەک لاکە لاتەکە
چاخانەیە، سنووقە، مەقاماتی تازەیە
دێرێکی کۆنە مەسجید و سەوم و سەلاتەکە
لایان وەهایە دوژمنی دین بن، تەرەققییە
نایانەوێ نزیکی خوابێ، حەیاتەکە
شەو کەیفە، عەیشە، عوشرەتە فیکری تەمەددونە
ڕێگای سەعادەتی ئەوە، دێ، بۆ حەیاتەکە