درۆ
لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
1 خولەک
1066 بینین
بڵێسەی خەرمەنی دەوڵەت درۆیە
شەرارەی مەزرەعەی سەروەت درۆیە
موجەسسەم بێ سەداقەت مانگە یا ڕۆژ
ئەمما مەعنای شەوی زوڵمەت درۆیە
ئەگەر ڕاستت ئەوێ ئەی نەوجەوانم
خەزانی باخەکەی حورمەت درۆیە
ئەتۆ بنواڕە مەیدانی زەمانە
عەلەمداری سوپای نەگبەت درۆیە
درۆزن ڕوو ڕەشە لای خەلق و خالیق
سەبەب بۆ لەعنەت و نەفرەت درۆیە
درۆیە دەفعەیەک ناشتا ئەکا چاک
بەڵێ تیغی ڕەگی خزمەت درۆیە
درۆیە واسیتەی تەخریبی ئەخلاق
چراغی مەجلیسی غەیبەت درۆیە
سەداقەت پیشەی ئەربابی نامووس
لەکەی داوێنەکەی عیسمەت درۆیە
لە گورگ و ورچ و فیل و شێر مەترسە
دڕندەی ساحێبی هەیبەت درۆیە
ئیلاهی! ڕاستی چی بێ خراپی
کەوا مەقبوولی ناو میللەت درۆیە
مەسەلمێنن درۆزن بچنە جەننەت
ئەگەر بێتو بچن جەننەت درۆیە