قانع و دڵی

لە کتێبی:
شاخی هەورامان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 2 خولەک  1475 بینین
دڵێ نەناڵێ بۆ هیچ نەخۆشێ
ئازاری نەبێ، بۆ هیچ پەرۆشێ
هەر بۆ ئارەزووی خۆی تێ بکۆشێ
بۆ زامێکی هۆز، زوخی نەنۆشێ
یاخوا ئەو دڵە هەر ئاوارە بێ
بە تیغی دوژمن، پارە پارە بێ
دڵێ بمخاتە کۆڵانە و کۆڵان
دایم کور کەی بێ، بۆ دیدەی کچان
قەت ڕا نەچڵەکێ، بۆ بێ دەستەکان
گوێی خۆی شل نەکا، بۆ ناڵە و گریان
یاخوا ئەو دڵە هەر ئاوارە بێ
بە تیغی دوژمن، پارە پارە بێ
دڵێ ڕەحەت بێ، کە چووە سەر کورسی
ئیتر نەنواڕێ بۆ حاڵی برسی
تەماشای خەڵک کا، بە زەردو سیسی
ئەبێ ئەو دڵە، بۆ لێی بپرسی
یاخوا ئەو دڵە هەر ئاوارە بێ
بە تیغی دوژمن، پارە پارە بێ
دڵێ من و تۆ بکا لەل برای
هەرچی خۆت خەیتە ژێر سایە و پەنای
بێزت لێ بکا و، بڵێ تۆ گەدای
من دەوڵەمەندم! تۆ کەی ئاشنای
یاخوا ئەو دڵە هەر ئاوارە بێ
بە تیغی دوژمن، پارە پارە بێ
دڵێ ژان نەکا بۆ ژانی هاوسێ
لەبەر فیز کردن، هیچ کەس نەناسێ
نەبیسێ ناڵەی کوێر و کەساسێ
تو خوا، ئەو دڵە بۆ هەر نەماسێ
یاخوا ئەو دڵە هەر ئاوەرە بێ
بە تیغی دوژمن، پارە پارە بێ
دڵی تێکۆشێ بۆ ماڵی دنیا
کەس نە گرێتە خۆی، بەتاقی تەنیا
لە بیر باتەوە گشت خزم و برا
هەر وک دوعاکەی پێشوو کە وترا
یاخوا ئەو دڵە هەر ئاوارە بێ
بە تیغی دوژمن، پارە پارە بێ
دڵێ ڕازی بێ بە کزی یاران
هەر خۆی پارێزێ لە دەستەی دەوران
جارێ. بۆ هیچ کەس نەیەتە گریان
بۆ خەڵک نەقرچێ و نەبێ بە بوریان
یاخوا ئەو دڵە هەر ئاوارە بێ
بە تیغی دوژمن، پارە پارە بێ
دڵێ بچێتە سەر شەربەتی ئاڵ
بە بیر یا نەیەت، خەم دراوسێ ماڵ
ئەو بیرە بخواو منیش ئاوی کاڵ
ئەو گەنم بخواو منیش گاڵی تاڵ
یاخوا ئەو دڵە هەر ئاوارە بێ
بە تیغی دوژمن، پارە پارە بێ
دڵێ نەسووتێ بە ئەحواڵی من
هیچ فەرقی نەخا، چ دۆس چ دوژمن
با، هەر گێژ بخوا لە دەریای بێ بن
ڕبی ئەو دڵە، داڕزێ و کون کون
یاخوا ئەو دڵە هەر ئاوارە بێ
بەتیغی دوژمن، پارە پارە بێ