دڵداریی لادێ

لە کتێبی:
شاخی هەورامان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 8 خولەک  893 بینین
دڵداریی لادێ سەیرێ جوانە
بۆت بەیان بکەم زۆر چاک بزانە
کاتێ کوڕ و کچ تەمەن شەش ساڵن
یەک بۆ یەکتری دراوسێ ماڵن
بەجووت ئەگەرێن لە دەشت و سەحرا
بێ دایک و باوک بێ خوشک و برا
یا چێچەقولێ یاخۆ چاوشارکێ
گۆرانی وتن یاخۆ هەڵپەرکێ
یا ماڵە کۆچێ یاخۆ گیا کەندن
بۆ باوک و برا نان بۆ دەشت بردن
لە ڕێدا ترسی مەشکەدۆ ڕشتن
تاوێ راکردن تاوێ دانیشتن
هەتا ئەگەنە سەرگێرە و خەرمان
ئەچنە ناوەراست کۆری دەشتەوان
نانیان دائەنێن بەجووت دووبەدوو
ئەگەرێنەوە هەروا زوو بەزوو
کاتێ دێنەوە بە گاڵتە کردن
هاشاوڵ بۆ گوێی یەکتری بردن
کە ئەگەن بەئاو شەڕە ئاو پرژێن
تاوێ پێکەنین تاوێ شەرە جوێن
ئەم چەپۆکێ لەو، ئەو چەپۆکێ لەم
ئەدەن لە یەکتر بەبێ زیاد و کەم
کە ئەگەنۆ ماڵ هەر یەک ماڵ خۆیان
دایکیان خێرا نان دێنێ بۆیان
هەتا تەمەنیان دە، دوانزە ساڵە
پێکەوە ئەبن ئەو دوو منداڵە
ئەمجا کچ تۆزێ تووک ئەوەرێنێ
دەم وچاو ئەشوا و عیشوە ئەنوێنێ
لە مورووی سەوز، لەشین و لە سوور
لەرزانە ئەکا برق بدا لە دوور
پێچکەی کەڵانە یا قۆشەی عەجەم
ئاوێزان ئەکا لە زۆر و لە کەم
بۆ کیسەی سەر سنگ سمڵ و ڕێحانە
تا بۆنی خۆش بێ ئەو کچە جوانە
کڵاشی پەرۆ بەبەن ڕەش چنراو
کوڵەنجە، چیتی سوور، کۆن و داڕزاو
قەڵاقۆچکەکەی بستێ جاوی سوور
کەچی روومەتی بە چەشنی بلوور
سونکە سابونێ لەل لەتێ شانە
لەتێ ئاوێنە لە گیرفانیانە
کوڕیش بستێ خام فەقیانەی ملی
کەواکۆن باوکی بۆ بەرگ و جلی
نیوگەز چیتی سوور هەڵئەدڕێ سێ جار
ئەیداتە سەریەک درێژ وەکوو مار
ناو ئاخن ئەکا لە پەڕۆی کۆنە
هەر من ئەزانم ئەو پەڕۆ چۆنە
چەپاڵێ ڕەشتی، مێزەری سەری
چەپکێ گوڵ ئەدا لەبەر کەمەری
بستە خامەکەی ئەخاتە سەرشان
دێت بۆ چاو بڕکێ، گوێ بانە و گوێ بان
ئەگا بەکچە لە ڕێی کانی و ئاو
مەرحەبا گیانە، مەرحەبا سەرچاو
ئەڵێت بە کچە خۆزگەم بە جاران
هەر پێکەوە بووین شەوسوو ئێواران
بە پێکەنینۆ کچ دێتە وتار
چاو بڕکێ ئەکا لە گەڵیا جار جار
تاوێ ئیشارە، تاوێ پێکەنین
کچ لە ترسانا بۆ باوک نواڕین
کوڕ ئەڵێ بەکچ، وایە نیازم
گەر بۆم ڕێکەوێ هەر تۆ ئەخوازم
حەزت لێ ئەکەم، سووچی خۆم نییە
دڵ لەسەر تۆیە، دەسەڵات چییە؟
کچ ئەڵێ بە کوڕ لاچۆ درۆزن
کەم گاڵتەم پێ بکە، پەن مەدە بە من
کوڕ کە ئەزانێ وا کچ حەز ئەکا
بە پێکەنینۆ سوێندی بۆ ئەخوا
وەو سەی سادقە، وەو میری سوورە
دڵم هەر بۆ تۆ چەشنی تەنوورە
وە برایم سەمین وا لە گەرمیان
وە کابلەسووری ماڵ لە مەریوانشوێن
وە نەبێ یۆنس، وە هۆمەر مەنان
دەستت نابڕم سەوڵی خەرامان
بەڕاستی ئەڵێم گاڵتەت پێ ناکەم
داوای هەرچی کەن زوو بەزوو ئەیدەم
بەڵام پەریخان، هیچ کەست نەمرێ
دەمەکەت بێنە ماچێکم بەرێ
پەریخان:
بێفەڕ ئەو باڵا ئەو قول و قاچە
بەم ڕۆژە ڕوونە کەی وەختی ماچە؟
عالەم دیارە، ئابڕوومان دەبەن
لە ئاواییدا ئەمان کەن بە پەن
شەریف:
ئەمجا کوڕ ئەڵێ گیانی شیرینم
بەوەڵڵا بۆ تۆ دڵ ئاگرینم
ئەمشەو وادەمان کەلاوەی لاماڵ
بگەین بە یەکتر سا بە هەر ئەحواڵ
پەریخان:
هەتیو ئەترسم دایکم بزانێ
تێر و پڕ لێمدا هەتا ئەتوانێ
کاکم بزانێ لەت لەتم ئەکا
باوکم خراپتر لە ناوم ئەبا
شەریف:
کچێ مەترسە، دنیا تاریکە
هاتمە کەلاوە بۆت ئەکەم فیکە
کە فیکەکەت بیست هەڵسە بێ بۆ لام
ئیتر خوا حافیز وا من بە تەمام
***
لەویا جیا ئەبنۆ، ئەچنۆ ماڵ خۆیان
بەروبەر ئاوسێ ئەڕوانن بۆیان
ئەمجا ئەم کوڕە زۆر بێ قەرارە
هەر چاوەڕێیە لە بۆ ئێوارە
کاتێ کە شەو هات دنیا بوو تاریک
کوڕ لە کەلاوە ئەکا فیکەفیک
کچ کە گوێی لێ بوو، خێرا هەڵئەستێ
هەتا کەلاوە هیچ ڕاناوەستێ
کوڕ ئەڵێ هاتی؟ نووری چاوەکەم
ئارامی دڵی لێقەوماوەکەم
کە ئەگەن بە یەک دەست لەمل کردن
دەم بۆ ڕوومەتی یەکتری بردن
دەستێ لە سەر مل دەستێ لە سینە
بە دەم ماچ، بە دەس مەمکە گوشینە
کچ ئەڵێ لاچۆ، وەی وەی دایە گیان
وازم لێبێنە بۆ خاتر قورحان!
هەتا یەک سەعات هەر دەست بازییە
کچ و کوڕ لە یەک زۆر زۆر ڕازییە
لە پاش سەعاتە ئەچنەوە بۆ ماڵ
هەر کەس بۆ جێی خۆی سا بە هەر ئەحواڵ
دایکی کچ ئەڵێ ڕۆڵە لە کوێ بووی
بۆچی دیار نەبووی توخوا بۆ کوێ چووی؟
کچ دێتە وەرام بە هەزار قورحان
نیو سەعات چوومە لای باجی ڕێحان
توخوا دایە گیان، یەکجار نەخۆشە
هێندە هیلاکە دڵ بۆی پەرۆشە
دایک ئەزانێ کە بۆ کوێ چووە
بەڵام دەنگ ناکا، پیشەی خۆی بووە!
دایک پەریخان:
کچی خۆم دەخیل ئامان سەد ئامان
باوکت نەزانێ، چووی بۆ لای ڕێحان
بێت و بزانێ سەرت ئەبڕێ
بە چەقۆیە کول زگت ئەدڕێ
کوڕ
کەوتە بەیانی کوڕ بە قیتەقیت
ئەخاتە ملی دەسەسڕێ چیت
بۆستە خامەکە ڕائەوەشێنێ
بە بەردەم کچا عشوە ئەنوێنێ
ئەو شەو تا بەیان هیچ نەبوە خەوی
ئەچی بۆ دەرگای یارەکەی شەوی
ئەگەنۆ بە یەک ئەم دوو دڵدارە
ئەنواڕن بۆیەک هەتا ئێوارە
نیوەڕۆ دوا کچی بەڵەک چاو
گۆزە هەڵئەگرێ بۆ سەر کانی و ئاو
دیسان کوڕ ئەچێ بۆ ڕێگەی کانی
لە کۆڵانا شان ئەدا لە شانی
وادە وەر ئەگرێ بۆ شەوی دووهەم
ئەچنۆ کەلاوە بەبێ دەرد و خەم
کە لە کەلاوە نزیک یەک کەوتن
ئیتر حەرامە خواردن و خەوتن
لە پاش دەسبازی و هەرا و زەنایان
دێنە سەر تەگبیر بۆ ئیساولایان
بڕیارێ ئەدەن هەردوو دووبەدوو
نە ئەو ژن بێنێ نە ئەم بکا شوو
بەیانی کوڕە زۆر بە بێ باکی
دەردی دڵی خۆی ئەڵێ بە دایکی
دایە بزانە بێترس و ئازاد
کە من حەز ئەکەم لە کچ مام موراد
بڵێ بە باوکم، نەڵێ مناڵە
گەر بۆم نەیەنێ ژیانم تاڵە
دایک لە سەر جێ لە کاتی نووستن
وتی بە مێردە، گوێ بگرە لە من
شەریفی کوڕت زۆر بە خاتر شاد
داوای ژن ئەکات، پەخەی مام موراد
باوکی شەریف:
ئافرەت شەریفم هێشتا مناڵە
وازی لێبێنە دە دوازدە ساڵە
دایکی شەریف:
ئەی هو پیاوەکە من خۆم ئەزانم
حەزی لێ ئەکات دەردی لە گیانم
باوک:
جا بەڵکوو ئافرەت کچ نەبێ ڕازی
خوا خۆی ئەزانێ، کێ بێ دڵخوازی؟
دایک
نە نە پیاوەکە، ئەو خراپترە
پەخە بۆ شەریف تەواو حازرە
باوک:
کچی مام موراد هاوماڵ من نییە
کچم ناداتێ دەسەڵات چییە؟
خۆی بەزل ئەگرێ، کچ نادا بە من
مەمخەرە تانەی گشت دۆست و دوژمن
ئەو چوار پێنج بزن و مەڕێکی هەیە
یەک دوو پەلاس و بەڕێکی هەیە
دوو دێزەی سوور و خوانەیێ گڵین
شەکردانێ دار، بەرماڵی شاڵین
گوریسێکی گۆش، پەتێکی چڕاو
هەمانە کۆنێ لە گاڵ داگیراو
بێڵێکی دارین بێژنگێ دڕاو
گۆزەیێ تازە و گوزەیێ شکاو
کچم پێ نادا، خۆیشم خنکێنم
بەرامبەر بە ئەو من چۆن ئەنوێنم؟
دایک شەریف:
سا وەک تۆ ئەڵێی، قاروونە قاروون
چش دەوڵەمەندە، جەحەنم بە توون
باجی ئامانی ژنی حیسابە
ئەزانێ کچی دڵی کەبابە
با بۆت بەیان کەم زۆر جوان و زەریف
حەز ئەکا پەخە بیدە بە شەریف
باوکی شەریف:
ئافرەت ئەو کچە بە نوشتەی قازی
بە ماڵی ئێمە قەت نابێ ڕازی
چونکە ئەو کچە نازک و نازدارە
بێچوە دەوڵەمەند لە دێ دیارە
با بیشم دەنێ، من هەر نامەوێ
بۆم بە خێو ناکرێ بۆ تەنیا شەوێ
هەتا ئەم چەرخە وا بخولێتەوە
زامی هەژاران زوو بکولێتەوە
تۆیشم پێ زیادە، بووکم بۆ چیە؟
زۆردار نایەڵی هیچ سوودی نییە!
ئەرنا من خۆم و شەریفی کوڕم
بە نووکی گاسن کێو هەڵئەدڕم
گەر زۆردار نەیبا، بۆچی وا لاتم؟
شڕ و شیتاڵ و زەبوون و ماتم؟
بووک کەوشی ئەوێ کە بیکاتە پێی
جاجمی ئەوێ کە شەو بنوێ پێی
دایک شەریف:
نە نە پیاوەکە، کچە مەمنوونە
دڵی بۆ شەریف زار و زەبوونە
باوک شەریف:
کەوتە بەیانی مامە ڕەمەزان
کەوشی کردە پێی کۆڵان بە کۆڵان
سۆفی مەولان و کاکە ئەوڕەحمان
کوێخا باوەیس و لالە نەریمان
بۆ ماڵ مام مراد سەرپاکی بردن
بۆ دەنگوباسی خوازبێنی کردن
باوکی پەخە:
مام مراد وتی: دەروێش ڕەمەزان
کچم نازارە، ئامان سەد ئامان
بۆت بەخێو ناکرێ مەچۆڕە ژێری
بەڵکوو کەنیشکێ تری بۆ بێری
باوک شەریف:
وتی: هاچیت کرد سا بێ قەزابی
تۆ گەورەی منی ئەبێ ڕەزابی
دەروێش و سۆفی کە ڕوویان تێکرد
گفتیان لێ سەند، زوو بە دەسوبرد
دەسی ماچ کرا موبارەک بادی
یەک بۆ یەکتری بە ڕەویەی شادی
لە پاش چەن بەینێ زەماوەن کرا
پەریخان بۆ لای ماڵ شەریف برا
خەتای قانونی چەوت و چەوێڵە
قانوون کام قانوون؟ هەر فڕوفێلە
گەر شەریف زۆردار وازی لێبێنێ،
هەر ساڵێ بووکێ ئەتوانێ بێنێ
دەس ساق و چاو ساق، بۆ ئیش زۆر مەزبووت
بەڵام لە بەر جەور، تەواو ڕووت و قووت
دەسڕەنجی شەریف ئەر زۆردار نەیبا
ساڵێ قیمەت کچ پەیدا ئەکا
لۆکەی ساڵانەی سەلەمی حاجی
تووتن نیوەکار، بە ناعیلاجی
بەش مامە شێخیش ئەبێ جیا بێ
یا لە تەکیە بێ، یا خانەقابێ