٢

لە کتێبی:
بۆننامە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 11 خولەک  1013 بینین
لە شەواندا بۆنی لەتانی چواردەور و بۆنی تریفەی
فێنک و ترووسکاییی گوڵئەستێرە و بۆنی ناسۆر هەڵئەمژی.
بە ڕۆژ بۆنی ئاخاوتنی زمانێکی قەندەهاری و بۆنی سادەییی
مرۆڤە دڵ گەورەکان هەڵئەمژی.
سەر ئەکەیتە سەر ڕانی مێرگ
خەوێک دێتە باخەڵتەوە
بۆنی ڕەشکە و خەنەی لێ دێ، ئەو ئەڕوات و خەوێکی
دی بە کاوخۆ دێ و ئەم جارەیان ئەم خەونەیان
بۆنی پونگە و مەشکەی لێ دێ.
(تەواو هەر بە وێنەی قەتێ
تا وشەم نەجووڵێتەوە
لە خاکی جوێ ناکەیتەوە.
وەکوو بەڕووی دوانەی بەیەکەوە نووساو
وەهان پەنجەم و پەنجەی بەرد
تەواو هەر بەوێنەی خۆشاو
هەتا دەنگم نەخۆیتەوە
تامی نووسینی من ناکەیت.
گوێم لێ بگرە! خرمە خرمی دەنکە تەرزەی
سەر ڕەشماڵ و بارینی وشەی ناو سەرم
هەر یەک شتن.
تۆ ئەم خەیاڵانەم بۆن کە
یان بۆنی نانی سەر ساج و یاخود بۆنی
دەنکە قەزوانی شینی ناو کاسە دۆیەکیان لێوە دێ.
من بە سەری سەدەی بیست و یەکەمەوە شیعر ئەنووسم
بەڵام هەرگیز نیازم نییە کوڵەباڵ و
کەپەنک و فەرنجی و شاڵ و فەقیانە
لە شیعرەکانم داماڵم!)
بەڵام کەپووم نەبوو بە کەپووی کوێستان و گەرمیان و
کەپووی ژیان. تا بۆنە ناخۆشەکانم هەڵنەمژی.
هەتا بۆنە هەرە هەرە چەوساوەکان، هەرە هەرە بەدبەختەکان
هەرە هەرە خوێناوییەکان، هەرە هەرە زۆردارەکان،
هەرە هەرە دیلەکانم هەڵنەمژی و هەر هەموو کاسیان نەکردم!
بۆنی کۆڵانە گوللەکان لە ساڵی ڕشانەوەدا،
بۆنی هەڵقرچانی پێستی دەردەداران، بۆنی تاریکاییی زیندان،
بۆنی ترس، بۆنی نەبوونی، بۆنی قامچی، بۆنی
جەستەی ئەسپێونی سیاسەت و بۆنی کاکۆڵی ڕشکنی
باپیران و بۆنی باتڵاخی سەدەی درۆ و بۆنی قەنارەی
چواردەور و بۆنی ئیدریسی بدلیسی و بۆنی دزان.
بۆنی خیانەت و بۆنی کەلاکی تۆپیو یەک بۆنن.
بۆنی چڵک و بۆنی سووخۆرەکانی سیاسەت هەر یەک بۆنن.
بۆنی بۆگەنکە و دیکتاتۆر
بۆنی لوتاوێژ و بۆنی چەتەکانی میلیشیا و
بۆنی شەڕی براکوژی و بۆنی دز و ئاپخانەکان هەر یەک بۆنن
(بۆگەنکەی دز و پیاوکوژان لە لووتاوێژی ئەمڕۆدا. کامێرای شاراوەی شیعر و چەندین کورتە دیمەن و کورتیلە چیرۆکی ناو ئەم بۆننامەیە)
=یەکەم:
وەختێ باڵات هەرمێی ئەگرت
ئەو گوندانە بۆ ئەوینت دڵیان هەموو بەرچنە بوو.
(تۆ بۆنی بارانی پەڵە و
بۆنی سەمەلت گرتبوو)
وەختێ دەستت جۆگەی ڕوون و
سەرت گوڵەبەڕۆژە بوو
ئەو دەشتانە بۆ ئەوینت لەشیان هەموو
ئاوێنە بوو
(بۆنی لیڤای تازە زاو و
بۆنی سەوزەگیات گرتبوو)
گوندەکانیش، ئاخ گوندەکان!
ئەوەی مابوون
وەکوو کاوڕ سەرت بڕین
هەتاوت وردوخاش کرد و
ئاوت کوشت و
ئاوێنەکانت کوێر کرد و
بەرچنەت پڕ کرد لە برین.
تۆ ئێستاکە ئەو باڵایەی کرم ئەگری و
ئەو مێژووەی ئەتکی ڕۆژگارت ئەکەیت و
ئەو دەستەیشی
کە شەو داهات
مەمکی دایکی خۆت ئەدزی!
(تۆ ئێستاکە بۆنی ئاودەستی مزگەوت و
بۆنی کاولاشی ناو گوند و
بۆنی مەیتخانەت لێوە دێ)
دووەم:
درەنگانێ لە ژوورێکی لەش قوڕیندا
چرایەک ئەکوژێتەوە و
ژنێک هێواش درێژ ئەبێ و
لە تابووتی کوڕەکەیدا شیعرێکی ڕەشپۆشە و ئەنوێ.
لە خەویا ئەیبینێتەوە، دێتەوە ماڵ
باوەشی پڕە لە مۆمی داگیرساو و
قژی بووە بە گوڵ هەنار.
- بۆنی هاوینی لێوە دێ -
لە خەویا ئەیبینێتەوە، تاقانەکەی کەڵێکە سوور
دێتەوە ماڵ
لەسەر تەختی نێوچەوانی بە گەورەیی
ناوێک، ناوی جەللادەکەی هەڵکەنراوە.
ژنە بە دەم شەپۆلێکی زریکەوە دائەچڵەکێ و
هەموو لەشی ئەنیشێتە سەر بۆنی ترس.
چەند دەقیقەیەک درەنگتر لە ژوورێکی مەڕمەڕیندا
چرایەک ئەکوژێتەوە و
پیاوێک هێواش پاڵ ئەکەوێ و
لەناو لۆکەی خەودا ئەنوێ
- بۆنی دەسەڵاتی لێ دێ -
لە خەویا ژنێک ئەبینێ بووە بە هەورێکی شێت و
بووە بە شەوێکی شێت و
دێتە ماڵێ.
ژنەکە ئەناسێتەوە
وەختێ ئەگاتە بەردەمی
ژنە دەستی درێژ ئەکا و
چەرمی سکی ئەکاتەوە و
سەری کوڕەکەی دەردێنێ و
بەرامبەری ئەو ڕایئەگرێ.
پیاوەیش بە دەم هاوارەوە دائەچڵەکێ و
لەشی بۆنی تیژی ڕق و
چاوی بۆنی تۆڵە ئەگرێ
(بۆ بەیانی
هەر لەبەر ماڵە تابووتدا
لانگرۆزەرێ، گای ئاسنە و بە هەجۆکە و ڕائەوەستێ
لە پشتەوە چوار چەک باز ئەدەنە خوارێ و
ئەم جارەیشیان دەرگای تابووت ئەشکێننەوە و
بۆنی تاوانیان لێ دێت و ئەچنە ژوورێ!).
سێهەم:
- نابێ، ئەبێ شتێک هەبێ
ئەو بێشەیەی شێت کردبێ
ئەگینا بۆ دێتە سەر ڕێم یەخەم ئەگرێ!؟
- ئەی تەورەکەت لەبیر چۆوە؟!
- نابێ، ئەبێ شتێک هەبێ ئەو چەمەی تووڕە کردبێ
ئەگینا بۆ وا چەمووشە و ئەمداتە بەر چەپۆکانی ئاو و
وا خەریکە هەر بەڕاستی بمخنکێنێ.
- خۆت گێل مەکە
ئەی تۆ جۆگەیەکیت نەکوشت؟!
- نابێ، ئەبێ شتێک هەبێ ئەگینا بۆ باران ئەمساڵ
هەر سەرێکیشی لێ نەدام؟!
- ئەی شارای پار کێ سووتانی؟!
- نابێ، ئەبێ شتێک هەبێ ئەگینا بۆ
ئەو شەقامەی بیست ساڵ بوو هەر دەستی خۆم بوو
کەچی ئێستا کە ئەمبینێ ڕوخساری خۆی وەرئەگێڕێ و
لەو بۆنە خۆشەی جارانیم پێ نابەخشێ؟!
- خۆت گێل مەکە
ئەی ئەو شەوەت لە بیر چۆوە
چوویتە سەری چاوت دزی و ئاودیوت کرد؟!
چوارەم:
نەهێنیم لای شەوێک دانا
بۆ بەیانی کە چوومەوە
نەهێنیی بووبوو بە مەل و باخی گشتی
- بەڵام مەل و باخی گشتییان لێ دزیم -
لە باخیشدا چەند خەونێکی خۆم شاردەوە
وەختێ دەرمهێنانەوە، خەون بووبوون
بە نوقڵ و بە بووکەشووشە بۆ زارۆکان.
- بەڵام نوقڵ و بووکەشووشەیشیان لێ دزیم -
لەناو کونەشاخێکیشدا
هەندێ خۆزگەی خوێناویی خۆم شاردبۆوە
کاتێ دەرمهێنانەوە،
ئەو خۆزگانەیش بووبوون بە تارا و بە مۆم و
بووبوون بە پۆلێ حەیرانی دوای ڕاپەڕین
- ئەوانەیشیان هەر لێ دزیم -
لە ئیستەیشدا وا بەنیازم هەرچی سروودێکم هەیە
هەرچی باهۆزێکم هەیە لە قەڵای گیانی ئێوەدا بیشارمەوە
تا ئەو ڕۆژەی هەڵئەکەن و
مەل و گوڵ و باخی گشتی و تارا و مۆمم
لەسەر باڵی حەیرانەکان بۆ دێننەوە!
پێنجەم:
من ئەمبینیت
وەرز وەرزی بەفرانبار و باپووسکە بوو
کەچی لەناو لەپی دەستتا
گوڵە خۆری تیا ئەڕسکا و
شان و ملت بۆ باڵندە کێویلەکان هێلانە بوون.
لە گیرفانتا هەر بەتەنها پووکە پووکی نانەوردە و
لاڵانەوەی وردە چەو و، وردەبزەی منداڵان و
دوو سێ شیعری ڕاونراوی ئێمەی تیا بوو.
بەرباخەڵت ڕۆژژمێرێکی قوڕاوی و
دوو تاڵ قژی چیرۆکێک و
هەندێ قیژەی تەڕی دەشت و
چەند ئاخێکی ساردوسڕی شاری تیا بوو.
لە سەردەمی ژان و گوڵدا تۆ ئەتتوانی:
بە وردەنان دەغڵی ئەوینی ئەو خەڵکە هەمووی بکڕی.
بە وردەچەوی گۆرانی، شەدەی سەری هەرچی شەپۆلی ڕووبارە بیانبەستی.
بە تاڵە قژ، دارستانەکان بێنیتە جێگەژوان.
بە خوێندنەوەی دووکەڵێکی ناو ڕۆژژمێر
ساماڵ ببەیتە ئەشکەوت و
بە قیژەی تەڕ هەوری نەزۆک ببارێنی و
بە بەردەئەستێی هۆنراوەیش بەژنی شەوگار داگیرسێنی.
من ئەتبینم لە زەمانی
شەمشەمەکوێرە و قاچاخچی و
لە سەردەمی سیاسەت و زەلکاویشدا
سەرت بووە بە جامخانەی ئاڵتونچییەکان
ئەیناسمەوە: ئەو هیلالە هەڵواسراوە
دەموچاوێکی دزراوی مانگی بێوەژنی منە.
من ئەتبینم: گیرفانەکانت پڕن لە قاقای باڵەخانە و
پڕن لە باوێشکی خانووی زەوت کراو.
هەر هەموویان ئەناسمەوە، ئەو پێکەنینی یاقووت و پیرۆزانە
خوێنی بەرد و مەوجدانەوەی ئازارێکی شینی منە.
لە بەرباخەڵتا مێژووی دز کڕ کەوتووە و
ڕۆژگاری پیس هەڵئەهێنێ و
من ئەیبینم و ئەیناسمەوە: ئەو ملوانکەی مروارییەیش
کە لە ملی کۆشکێکتایە، ئەوەیش هەر سی و دوو دانەکەی
هەڵوەریوی شەقامێکی جەستەی منە.
تۆ بۆنی شەمشەمەکوێرە و
بۆنی بۆدڕی حەرام و
بۆنی لاستیکی سووتاو و
بۆنی ڕشانەوەت لێ دێ!.
بۆن ڕێگامە و
ئەمباتە ناو کون بە کونی ڕەنگ و دەنگ و تەماشاوە
تۆ هەتا بۆنی بەزەییت لەلا خۆش بوو،
ڕاکشابووی، قاچت نەبوو.
هەتا بۆساردی بێوەییت بۆن ئەکرد و
هەر بۆنەکانی هێورییت هەڵئەمژی
تۆ خەمسارد بووی، دەستت نەبوو
کە بۆنی یاخیبوونت کرد، ئیتر ئەوسا هەستایتە پێیان
کە بۆنی تووڕەبوونت کرد، ئیتر ئەوسا تۆ لەناو بۆندا هەڵتکرد.
بۆنی سوور لەشتی داچڵەکان، باگەڕی بۆن گێژی دایت و
بارانی بۆن تەڕیانکردی و بووی بە ئاسمان.
بۆنی یاخیبوون و بۆنی ئەسپە کەحێلەکان هەر یەک بۆنن.
بۆنی ڕاپەڕین و بۆنی هەڵۆ قرمزیەکان هەر یەک بۆنن.
من ئەبێ دانی پێدا نێم
بۆنی گەلێ وشە و ڕستەم
بۆنی ڕۆحیان تێکەڵ نەبوو
بۆیە هەر زوو با بردنی.
من ئەبێ دانی پێدا نێم
لەجێی ئەوەی شیعر بکەم بە مرواریی بنی زەریا
کەچی بۆخۆم، من کردمن
بە تەختە و پووش و پەڵاش و
ئاوەڕۆی لیخن بردنی.
لە تاقەکانی ژوور سەرما
من گوڵدانی بۆنم زۆر بوون
بەڵام بە یەک ڕۆژ دوای مەرگی (کانی عاشقان)
گشتیانم دەرهێنایەوە و لە بەردەمما ڕیزم کردن:
سەرلەنوێ بۆنم کردنەوە
گوڵدانی فرمێسکم، شکان.
گوڵدانی بەزەییم، شکان.
گوڵدانی هێوریم، شکان.
گوڵدانی بێدەنگیم، شکان.
ئەوەی بەتەنها هێشتمەوە
هەر گوڵدانی بۆنی گیانی «ڕاپەڕین» بوو.
چیا ئەڵێ:
بە دەم چریکەی بەردەوە، تۆیش باڵت گرت.
بە دەم ئاوازی ئاوەوە، ئەبووی بە پژەی گۆرانی و
لە ڕوخساری خۆشەویستیی هەڵئەپرژای.
بەفر ئەڵێ، حیکایەتی سپی ئەڵێ:
نەهێنی و کولوو و سپیبوون، خوا سپیی بوو
لە ئاسۆیەکی سپیدا بۆنی ڕەنگە سپییەکانی
ئەو دیو خەیاڵی خۆت ئەکرد
نەتئەزانی لەبەرچی لەناو سپیاتی تەماشاتا
«مەحویکەس» دێتەوە پێش چاوت؟! ئەتبینیەوە:
هەردوو دەستی لقە زیو بوون، ڕوانینەکانی پەموو بوون.
چاوەکانی گوڵە هەرمێی بەیانییان و هەورێکی خاو کاکۆڵی بوون.
نەتئەزانی ئەم خەیاڵە سپییەی تۆ
بۆچی بەردەوام پرسیاری سپیی ئەگرێ؟
نەتئەزانی بۆچی «مەحوی» هاتۆتە لات؟! لێی ڕائەمای،
سەری نیشانەی پرسیار بوو، پریشکی ئاگرێکی سپی لەناو ڕیشیەوە
ئەباری. برۆی پەپوولەی سپی بوون، لێی ڕائەمای:
هەستت ئەکرد هەموو جارێ مۆمی سپی ئەتوێتەوە و دیسان
دروست ئەبێتەوە!. لە «مەحوی»دا تۆ ئەتبینی:
زمان بووە بە نووری خوا، وشە بووە بە گەردیلەی تیرێژێکی
نەهێنیی خوا. هەستت ئەکرد ئەوەی کە مەحوی ئەیبینێ
تۆ نایبینی. هەستت ئەکرد ئەوەی مەحوی بۆنی ئەکا،
بۆنی ناکەی، تۆ ئەتبینی خەون ئەچێتە سەر ڕانی و شیعر
ئەنووسێ. وەجدێک ئەبێ بە خەرمانە و دایئەپۆشێ.
لەناو یەک دەنکە گەنمدا ئەبێ بە تاڤگەی شیر و لەسەر باڵی
یەک پەروانەیش بەرەو ئیشراق ئەسووتێت و ئەتوێتەوە و هەڵئەکشێ.
بۆنی مەحوی و بۆنی نەهێنیی مردن و
بۆنی باروونە و گومانە جوانەکانیش هەر یەک بۆنن.
بۆنی ڕەنگە سپییەکان و بۆنی کازیوە و ئیشراق و
بۆنی وەجدی پڕ پەپوولە و یەزدان یەکن.
«مەحوی» ئەمخاتە ناو گەرووی پرسیارەوە
ئەمکا بە سۆراخێکی وێڵ،
لەنێوانی ڕەحم و قەبرا.
«مەحوی» ئەمخاتە ناو دەنگی گومانەوە.
«مەحوی» ئەمخاتە ناو بۆنی گومانەوە.
«مەحوی» ناهێڵێ داسکەنێم لە مەنگیدا
ئەمداتە دەست گەرداوی شێت
ئەمداتە دەست پرسیاری شێت
لە نێرینەی وروژانی قوڵاییدا!.
ئەمداتە دەست گێژەنەکان
نامداتە دەست گوڵ و لم و
بە چەقەنەی دانە بەرد و ناو تەڵزمی بووندا ئەمبا.
ئەو پڕوپووچیی ژیان و ئەو پڕوپووچیی مردن و
تراویلکەی ئەم سەفەرەی
نێوان بێشکە و گۆڕەکەی خۆم نیشان ئەدا.
«مەحوی» ناهێڵێ داسکەنێم وەکوو «وەڵام»
«مەحوی» ناهێڵێ من هەرگیز سەقامگیر بم وەکوو «یەقین»
بۆیە ئەو منی کردووە
بە هەڵچوون و بە داچوون و
بە زمانێکی دڕدۆنگ و بە شیعرێکی پڕ لە «بەڵام»!