ئەستێرەیەکی هەشت نهۆم!
من وشەی لە پەروانە چووی بەردەوام خولخواردووی
بە دەوری تاڵە تیشکی ڕسکاو لە مێرگی لاپەڕەدا
منی پەلکە گیای دەم بە شنەی
خوێندنەوەی تەڕ و پاراو لە دەشتی لاپەڕەدا
ئەمە یەکەم جارم نییە گوڵەبەڕۆژەی سەرم
لە کێڵگە زیوینەکانی پڕ لە بریقوباقی دەنگ و ڕەنگ و
پڕ لە گۆمی مانای «کوردستانی نوێ» هەڵبکێشم و
لە دواییشدا دڵۆپ دڵۆپ خۆشەویستی و
تکەتکە بیرەوەریم لێ بچۆڕێتەوە،
ئەمە یەکەم جارم نییە، ماچم بکەم بە پەپوولەی باخی لاپەڕەکانی و
چاوانم بکەم بە دوو چراوگی دیاریی دەست و
یەکێکیان لەسەر ڕەفەی هەواڵەکانی لاپەڕەی یەک دابنێم و
ئەوی تریشیان بە باڵای زراف و قژی ڕەشی
دوالاپەڕەدا هەڵواسم.
ئەم جۆگە کەسکە هێشتا لە سکی شاخدا بوو
من گوێم لە پووکەپووکی ژانی بوو.
ئەم جوانووی خۆزگەیە هێشتا نەزابوو
کە «ڕێبازی نوێ» لە دۆڵی جافەتیدا و
لە گەرووی بەرگەڵوودا ئەیحیلاند و
ئێمەیش لەسەر ڕەوەزەکانەوە
گوڵی ژاڵەی نووسەری کوردستانمان تێ ئەگرت و
لە قەرەچوغەوە بۆ بەراییی دەشتی شارەزوورشوێن
زنجیرە چرای کتێب و ئاونگاوی شیعر و
چریکەی چیرۆکمان بە ئاسۆدا هەڵئەواسی.
ئەم هەورە هێشتا ئەیگرمان
کە ئێمە لە ئاوەژێ و سیروانەوە
گۆپاڵە باران و لێزمەمان ئەبینی و
ئەچووینە بەر تاڤگەی خەونەکانی.
لەو دەمەدا، ئێمە لەنێوانی هەموو دوو تاشەبەردێکدا
وشەیەکمان ئەڕواند.
ئێمە لە سەهۆڵبەندانی دەربەندەکەی بەرگەڵوودا
بە گەرمای خوێنی چاپخانە، زمانی کوردیمان گەرم ئەکردەوە.
ئێمە لە سیاساڵی نەهاتی و هەژارییەکی وەک داسک و دەرزیدا
کە پارووی ناو دەممان ئەکڕووزایەوە و
چون سەر و ملی کەوێکی برسی بەحاڵ نووزەی لێوە ئەهات،
لەو دەمەیشدا دەستی ڕاستمان تفەنگێک و
دەستی چەپیشمان ڕۆژنامەی گرتبوو.
ئێمە بە گەورەیی فێری خوێندنەوەی ڕۆژنامەکانی ژیان نەبووین.
ئێمە بە گەورەیی و هەر لە وەرزی تێروتەسەلیدا و
لەسەر قەنەفەوە فێری دڵداریکردن نەبووین
لەگەڵ مەرەکەب و چاپخانە و گۆڤار و
لەگەڵ قەڵەم و کاغەز و وشەدا، لەبن دەوارەکانی نەبوونیدا
ئێمە نانێکمان لەگەڵ وشەدا ئەکرد بە دوو کەرتەوە
خوێنەری ئێمە لەپێشدا هەر بەفری قەندیلشوێن بوو
خوێنەری ئێمە لەپێشدا هەر خوێنی شەهید و
خوێنەری ئێمە لەپێشدا هەر چاوی دووکەڵاوییی
گوڵەکانی بەر قوتیلکە بوو.
ئێمە لە ئەنفالدا جارێک پیرەمەگروونشوێن و جارێ سەفینشوێن
ئەبوون بە ڕۆژنامەمان و
جارێکی تر دەشتی گەرمیان گۆڤارمان بوو.
دەراڵی شاخ منداڵدانی ڕۆژنامەی ئێمە و
برسێتیی لانکەی حەرفی ئێمە و
کۆڵەپشتیی ڕەزاڵ ڕەزاڵی ئەوسای «پ.م»ەکانیش
جۆلانەی شیعری ئێمە بوون.
ئێمە لەو شەوانەوە هاتووین و
گەیشتووینەتە چلچراکەی کوردستانی نوێ.
من یەکەم جارم نییە لەم گوڵجاڕی یادەدا
بۆن و بەرامەی ئەوین بێ بە سەرما و
ئاوێزانی ئەم ئەستێرە هەشت نهۆمە ببم.
لە یەکەم لقی ئەم دارهەنارەوە
من قۆزاخەکەی کرمی ئاوریشمی پەلکی ئەو بووم.
لە یەکەم باڵەفڕێتەوە، ئەی باڵندەکەی لە شاردا سەرجووقاو
شیعری من هێلانە و لە یەکەم پەنجەرەتەوە تۆ قوببە و
من هیلالە نەحیفەکەی نالی بووم.
لە یەکەم تەوقەوە پەنجەکانم فڕین و
لەسەر پەرچەمت نیشتنەوە.
هێشتا یەک ساڵان بووی، تازە پێڕەوکە بووبووی
کەچی هۆنراوەیەکی تەمەنی سی و پێنج ساڵەم هات بەپیرتەوە.
تۆ بۆیە خۆشەویستی،
چونکە یەک ڕۆژ لە ژیانتا نەبووی بە ئاوێنەی
بەردەمی دیکتاتۆر و دوژمنان!
بەڵام ئەی ڕۆژنامەی لە ئازار زاوی حەوت ساڵەمان!
ئەی ئەو پۆستی نیگایانەی هەموو ڕۆژێ لەگەڵ نانی بەیانیاندا
ئەگەیتە لامان و لەگەڵ هەتاو و لەگەڵ باران و لەگەڵ بەفر و
لەگەڵ «با»دا ڕۆژباشمان لێ ئەکەی،
ڕووی کڵپەکانی شیعرم لە تۆیە!
تا گەورە بی لێپرسینەوەی من زۆرتر و ڕەخنەم توندترە.
ئەو نازەی لە منداڵیتا ئەمکێشا و بە هەموو خەوشێکتەوە
لە باوەشم ئەگرت، لە گەورەبوونتا نایگرم!.
لە ئێستەدا، چاو لە بچووکترین دێڕی دووکەڵاویی و
چاو لە بچووکترین هەڵەتی ڕێگات و
چاو لە هیچ پەنجەرەیەکی تاریکت و
چاو لە هیچ ڕیایی و مەرایییەکی وشەت ناپۆشم.
گەورە بوویت و ڕووبەرووبوونەوەیش لەگەڵتا گەورە بوو.
لە هیچ ڕستەیەکی لووتبەرزی دوور لەم خەڵکەت، نابوورم
هەر گوێی خۆ کەڕکردنێکت لە هاواری برینەکانم،
شەقاوێک لێم دوور ئەکەویتەوە.
تۆ بە ئازایی حەرفەکانتەوە خۆشەویستی.
تۆ بە جوداییی سەکۆی بیروباوەڕی ئازادەوە،
بە لەیەک نەچوونی سروودەکانەوە،
بە جیاوازیی ڕەنگەکانەوە، گەورە و ڕووناکی و
تا ژمارەی بەندەری دەریاچەکانت هەمەرەنگتر بێ
لای ئێمەیش ئەوینت بەرفراوان و
جوامێریت بەرینتر ئەبێ.
تۆ بە شەپۆلە ڕەنگینەکانی دیالۆگ و
پارکەکانی دیموکراتییەوە جوانی.
تا دەرزیئاژنی خەونەکانی خۆت بکەیت و
تا تۆڕی ڕەخنەی خۆت لە خۆت قایمتر لە جەستەتەوە بئاڵێت
ئاسۆگەی ئازادیت ڕوونتر و لاپەڕەت ئەبێتە بەهاری ناو بڕوا و
بژوێنی ملیۆنان گوڵ ئەبێت.
نزیک بەرەوە، نزیکتر لە دووکەڵی کاروانسەرای ئەو هەژارانەی
کە لە زامەکانی ئەنفال و کۆچ و شەڕی ناوخۆوە
پڕزە لێ بڕاو، گەڕانەوە ناومان و جێیان نەهێشتین
نزیک بەرەوە و نزیکتر لە ڕەشە خەڵک و ڕەشە خەم و
بەرگی ڕەشی برینەکان.
من خۆشەویستیت تێکەڵ بە تاڵترین دەرمانی ڕەخنە ئەکەم.
ڕەخنە و ڕەخنە و ڕەخنە
با بیکەین بە باران و با بیکەین بە مۆم و
با بیکەین بە پشکۆ!
ڕەخنە و ڕەخنە و ڕەخنە
با بیکەین بە پەیژە و با بیکەین بە شاڕێ و
با بیکەین بە پرسیاری نوێی هەموو ڕۆژێکمان و
با بیکەین بە ئاسۆ!
نزیکتر بەرەوە، نزیکتر و نزیکتر
لە تەمی خەمی سەر ماڵانی هەژاران و
لە نووزەی گوڵەگەنمی نەخۆش و لە سترانی بێوەژن و
لە خانووە قوڕەکان و
لە دەفتەری وێنەکێشانی منداڵان و
لە ژووری نیوە ڕووناک و
لە سکی نیوە تێر و نیوە برسیی هونەرمەندە نەدارەکان.
نزیکتر بەرەوە
نزیکتر و نزیکتر لە زریکەی خوێنی مافی ژنانی سەربڕدراوی
چەند جار لە خاچ دراوی، چەند جار خاکەسار کراوی وڵاتەکەم،
نزیک بەرەوە بچۆرە ناو قیژەیانەوە.
چەقۆکانی سەرگەردنیان بخەرە قەفەزی تاوانی نێو لاپەڕەکانتەوە،
شیعری من بخەرە پەراوێزەوە و
ئەو زریکانەی ئەوان بکە بە مانشێت.
وێنەی من بخەرە دامێنەوە و
وێنەی هەڵقرچاوی ئەو دایکانە لەسەر سەرت ڕاگرە و
بیانکە بە سەردێڕی گەورە و درشت
کە هەڵۆ خوێناوییەکانیان لە داوێن کەوتە خوارەوە.
نزیکتر بەرەوە، نزیکتر و نزیکتر لە گۆرانییە قوربانییەکان،
لە کاولاشی گوندەکان.
من خۆشەویستیت تێکەڵ بە تاڵترین دەرمانی ڕەخنە ئەکەم
ڕەخنەی نوێ بە و ڕەخنەی نوێیە و
ڕەخنەی نوێ ئەی ڕۆژنامەی سەردەمی نوێ،
ئەی وشەی شارستانی.
ئەی درێژترین هێڵی شەمەندەفەری زمانی کوردی.
ئەی هەشت ساڵ پڕ لە دارستانی شەهید و
پڕ لە جریوەی لەدایکبوونی نوێ و
ئەی هەشت ساڵ پڕ لە گمەی ئاشتی و
ئەی هەشت ساڵ پڕ لە شەونخونی و
پڕ لە هەورازی دێڕ و
پڕ لە نشێوی کارەسات و
پڕ لە سروودەکانی ڕاپەڕین.
ئەمە یەکەم جارم نییە، پەڵەت تیا بدەم و تیاتا بڕوێم و
ناوچەوانت بکەم بە ئاوێنەی بەیانییانی ژوورەکەم و
گۆشەکانت بە سەرین.
ئەمە یەکەم جارم نییە و لە گڕوگاڵی یەکەم ڕۆژتەوە
لەگەڵتام و ئەمە هەشت جارە من دێم و
هەموو جارێ لە شیعرێکی شووشەبەنددا مانگەشەوت بۆ ئەهێنم و
لە سایەقەی خەوی شیندا سەمای بەفرین.
ئەمە هەشت جارە من دێم و هەموو جارێ
نیوەم ئەبێ بە کاکۆڵی کاکە مەمکەس و
نیوەی ترم بە پرچی زینکەس!