یادداشتی ماکەوێکی ڕەشپۆش

لە کتێبی:
یادداشتی ماکەوێکی ڕەشپۆش
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 14 خولەک  1354 بینین
بەم بوولێڵە تەنیا ئەڕوا و ڕووی کردۆتە دامێنی شار
ئێستە ئاسمان مشکیڕەنگە و ئەویش خەمێکی مێیینەی
قەترانی وەک کراسەکەی
ئاڵۆز وەکوو کەزیەکانی
سیسیش وەکوو هەردوو گۆنای
ساردیش وەکوو دەستەکانی
تارمایییەکی مێیینەی لە مەراقدا نوقم بووە
پەنا و پاسێری گرتووە
شەپۆلێکی لەسەرخۆیە و هەنگاو ئەنێ
ئەستێرەیەکی نەخۆشە و
فرمێسکێکی شۆخ و شەنگە و
بەم بوولێڵە تەنیا ئەڕوا و ڕووی کردۆتە باشووری شار
ئەو زامێکی قژدرێژە، چاوەکانی بڕیوەتە ئەشکەنجەی خۆی
چاوەکانی بڕیوەتە مانگی خوێنی ئاوانەبووی ناو خەیاڵی
(سەری، مێردە کوژراوەکەی، ئەوینی خۆی)
لە چراخانی ئازادی، دابڕاوە
لە دارستانی تریقە و پێکەنینی
دەوروبەری دابڕاوە
بێئاگایە، لە هاواری ئاپوورەی خەڵک
بێئاگایە، لە زەماوەندی ڕووناکی
لە شاییی گوڵ
لە لەنجەولاری گۆرانی
لە سەمای ئاڵای سەوز و زەرد
تەنیا ئەڕوا و لەگەڵ ڕابردوودا ئەدوێ، لەگەڵ خۆیدا
لەگەڵ بازێکی شەهیدا لەگەڵ «ئەو»دا ...
بەم بوولێڵە تەنیا ئەڕوا و ڕووی کردۆتە دامێنی شار
«هەبوو, نەبوو، ڕۆژانێ بوو
بازەکەی من بەناو بڵێسەدا ئەفڕی
لەبەر گۆپاڵەباران و تەرزەی شووم و چەخماخەدا شەقژنی بوو
وەک فریشتە باڵدارەکان،
بە دارستانی نێزەدا تێ ئەپەڕی
ڕۆژگارێ بوو، بازەکەی من، لەو بەرزەوە
ئا ئەم شارەی لەژێر باڵەکانیا ئەدی
یەکبەیەکی ئەم هەردانە، ئەم لووتکانە
جێ ڕەوگە بوون، بۆ ئەسپە شێکەی هەڵمەتی
لە دۆزەخی کڵاوسوور و کڵاوڕەشدا
یەکبەیەکی ئەم کۆڵان و شەقامانە:
(ئا ئەو سووچە، ئەو سیلەیە، ئەو بندارە
ئەو ژێرچەترە، ئەو پەناپایەی بازاڕە)
جێ نزرگەی ترسناکی کوتوپڕ بوون
بۆ بازرەقەی خوێنی تووڕە و بۆ هێرشی
کێڵان و کیفی ئامادە و کراوە بوون
بۆ دەرهێنانی دەمانچە و ڕیزی گوللە و
تەقینەوەی نارنجۆکی خێرای دەسی
وەک کزەبایش، لەناکاودا، ئەهاتەوە بۆ ماڵەوە
بەبێ خشپە، تریفە بوو دەرئەکەوت و
یان خەوێکی ئێجگار خۆش بوو، لەپڕێکدا، پەیدا ئەبوو
منیش وەک ئاسکی خەواڵوو ڕائەپەڕیم
هەموو لەشم ئەنیشتە سەر ئاوی ترس و
هەموو جەستەم ئەبوو بە چاو
بەهێواشی لە کەمەرەوە ئەیگرتم
(چەکیش هێشتا بە شانەوە)
باوەشێکی پڕاوپڕی گەرم و تینووی پیا ئەکردم
گەرمییانی ئارەزوومان
وەک بەردی بەر سوورەهەتاو تاوی ئەسەند
ئەوسا ئیتر چۆن لاولاوی
سەر پەنجەرەی ژوورەکەمان
تەواو پێمەوە ئەنووسا … تەواو … تەواو
مەمکەکانم لەناو چنگیا، سپی، سپی
وەک دوو تیترواسکی بچووک
شەوقی حەزیان، لەسەر گۆوە، دائەگیرسا
وەک چاوەڕوانی توولانیی ساڵەوەختیش
وەک خەمی قووڵی هەردووکمان، ماچێکی قووڵ
بینێکی قووڵ، لە دەمەوە، مژینەکە ئەکەوتە ڕێ و
بەناو لەشا، تەزووی درێژەی ئەکێشا
لە کەپرۆکەی ناو ڕیشیشیا
بۆنی کەوێڵ، بۆنی ئەشکەوت، بۆنی بارووت
بۆنی کووزەڵەی گوێ چەم و مۆردم ئەکرد
بۆنی گوڵە ئازادەکان
بۆنی مەقەڕێکی شێدار
بۆنی نایلۆن، بۆنی بەتانییە سەوزەکان
لەناو تووکی سەر سنگیشیا
بۆنی تیژی ئازایەتی و
بۆنی ناو سەنگەرم ئەکرد
لە چاویشیا هەموو ڕێگا دوورەکانم ئەدی
تەمی نزمی گەوەکان و ڕاکردنی گوڵەستێرە و ترووسکایی
ئاگری شوانی سەر ڕەوەز و بریسکەی جۆگەی
بەرکاوی ئێواران و هەڵبەزینەوەی قەڵبەزە و
ماچی ئاڵی نێوان ئاسۆ و خۆرنشین و هەر لە چاویا
ڕەنگی پەڕیوی ژنانی ناو ئۆردوگام ئەبینیەوە،
ڕیزەپیاو و ڕیزەزیل و ڕیزەچادر
سەروسیمای دوا شەهیدمان
دارتەلی سەر ئیزگەکەمان
لە چاوانیا چارەنووسێکی پایزە وەکوو گەڵا لەرەی ئەهات
لە چاوانیا مەرگی شیعرێکی نازدارم ئەخوێندەوە
خەمی باڵگرتووم ئەبینی
خوێنی ئەستێرەم ئەبینی
لە چاوانیا خۆرنشینی خۆم ئەبینی خەوم ئەدی
لەناو گەمیەی هەورێکدام و هەر چواردەورم هەمووی گڕە
خۆم ئەبینی پەڕەسێلکەم تەنیا تەنیا ماومەتەوە
هەموو جارێ لە چاوانیا
چارەنووسێکم ئەبینی و لێی ئەترسام
لە ناوەڕاستی هۆدەدا بە چوارمشقی دائەنیشتین
هەر چوار ئەژنۆمان ئەنووسان بەیەکەوە
لە دوو گوڵدانی پڕ لە گوڵ، پڕ لە خەم و پڕ لە خەون و
پڕ لە ئازاری سوور ئەچووین
قسەی ئەکرد:
- تۆ و کانی، تۆ و درەخت،
تۆ و بەردم، بە قەد یەک خۆش ئەوێ!
ئەمپرسی:
- کاممان، تۆزقاڵێ لە کاممان زیاتر، گیانە؟!
ڕائەما، ئەیڕوانییە دارەڕای ژوورەکە
لەو ساتەدا دەموچاوی
لە کوختێکی ناو تەم ئەچوو …
- زیز مەبە! بەرد زیاتر، ئاو زیاتر، دار زیاتر!
ئۆهـ! گیانە، کە بەردمان لەدەست چوو، ئێمە چین؟!
کە ئاومان فەوتی کرد، ئێمە چین؟!
ئەوێنی بێ بەرد و بێ ئاو و بێ درەخت کوا هەیە!
یەک چرکە ئازادی و دوای ئەوە با بمرم!
لێڵ مەبە! … ئەوێنی من و تۆیش
لە ڕوونیی ئاودایە!
لە خوڕە و لە هاژەی سەربەستیی ئاودایە
تەماشا! دیلێتی ناهێڵێ
تێر سەیری یەک بکەین!
ژێردەستی ناهێڵێ لە ماڵی خۆیشماندا
بۆ تاوێک بسرەوین!
ئازادی ئاسمانە، بارانە و هەتاوە
بێ ئاسمان، کام خۆر و کام تیشک و کام باران؟
ئازادی خاکیشە
ئازادی خەڵکیشە، مێژوویشە
کە نەبوو چی هەیە؟! ئەم نانە؟!
یان ژەهر؟
(بازەکەی من شاعیریش بوو،
هەموو جارێ دوا شیعری خۆی
لەگەڵ دوا دووکەڵی مەزرا و
لەگەڵ دوا زریکەی بەرد و
لەگەڵ دوا گریانی باخدا بۆ ئەهێنام)
بازەکەی من ئەو شیعرانەی کە ئەینووسێ
قووڵ بوون، وەکوو دەریاچەکان
سادەیش بوون وەک گوڵەکێوی
بازەکەی من لە نوێخوازانی ژیان بوو
ئەو نەئەچووە بەر ئاوێنە کۆنەکانی زمان
لای ئەو وشە زیندەوەر بوو
لای ئەو ڕستە مەوجدانەوەی مەراق و
زەنگی مێشک و وەکوو گڕکان
ساتەوەختێکی خەتەر بوو
(نموونەیەکی بچووک لە شیعرەکانی بازەکەی من)
سەری من بەم ئاسمانە نەوییە بەم ئاسمانە زەلیلە
ڕازی نابێ
سەری من تۆپی ئاگر و گڵۆڵەخەمێکی یاخییە
یان نارنجۆکێکی ناو دەستەکانی ئازادی
ئەبێ ئەم مێژووە تاریکانە، ئەم بەهەشتە ڕەشانە
لە خوێنەوە ڕووناکییان بۆ بەرین
بەڵام ئەشبێ بە مردنێکی درێژدا تێ پەڕین
ئینجا بگەیتە …
(بازەکەی من ئەم شیعرەی
بەناتەواوی بۆ بەجێ هێشتووم)
بازەکەی من، وەک کزەبا چۆن لەناکاو پەیدا ئەبوو
هەروایش لەپڕ، بەبێ خشپە، وەک کشانەوەی تریفە،
وەک گەڕانەوەی تارمایی و سێبەر و خەو، دیار نەئەما
لەپڕێکدا ئاوا ئەبوو. ئەچۆوە ناو ڕۆحی چیا
ئەبۆوە بە گوڵی چوالە، بە دارهەنار، ئەبوو بە
زنە و بە ڕەگ و بە سروودی دەم داربەڕوو
ئەچۆوە ناو تەمتوومانی ئەودیو کەژە بێدەنگەکان
ئەچۆوە ناو جریوەی دوور، ئەچۆوە ناو خەونی
گوند و لە خۆڵەمێشدا ون ئەبوو
ون ئەبۆوە، ئەهاتەوە، ون ئەبۆوە
بازەکەی من بوومەلەرزەی، لەبن دەستی
دێوی سپی و دێوی ڕەشی ئەم شارەدا
ئەچاند، ئینجا ون ئەبۆوە
لە سەفەری گردی ڕەشدا هەموو جارێ
کەمەندی ئەو بێچووە درنجێکی ئەگرت
هەمو جارێ لە چەقی ئەم جادانەدا
بۆ داڵێکی ئەم مەڵبەندە …
بۆ ئەرژەنێ
بۆ عەزیایەک
دۆزەخێکی نوێی دائەخست
بازەکەی من لە دوا ئێوارەی فڕیندا
لە دوا ساتەوەختی نێوان گەشانەوە و هەڵوەریندا
وەختێ لەگەڵ ڕەوتی خێرای
جوانووەژانێکی سپیدا لە شاخەوە
بەرەو بناردا ئەگەڕا و
شۆڕ ئەبۆوە بەرەو ناو شار
ئەو چرکانەی،
تراویلکەی لەرزیوی پێش هەردوو چاوی
سیمای ئاونگاویی منی
دوور و نزیک نیشان ئەدا
مردن لە شێوەی داوێکدا
ئەگاتە بەر هەردوو قاچی و
دێتەوە یەک!
باز ئەگیرێ و
باڵەکانی شەتەک ئەدرێ و
ئەخرێتە ناو زیندانێکی گەڕۆکەوە و
دوور دوور ئەبرێ
(بازەکەی من، پەلەت چی بوو)
بەو ئێوارە درەنگ‌وەختە
بەو ئێوارە بەژنڕەشە
بەو ئێوارە نەفرەتییە
بۆ کوێ ئەچووی؟
ئەتویست چریکە و شەقژنت بەریتە کوێ؟!
ئەتویست لە کام هەوار لا دەی؟!
پەلەت چی بوو؟!
هەور لە سەرت ئەوەستا!
ڕووبار لە سەرت ئەوەستا!
زریان لە سەرت ئەوەستا
منیش لە سەرت ئەوەستام
پەلەت چی بوو؟!
وتیان: گێژەڵووکەیەکی سپی غەمگین
ئەو یەکەم جار
هەواڵی تۆی گەیاندبووە ماڵی چیانشینەکان
هەواڵی تۆی بردبۆوە بۆ لای بەفر و
بۆ لای مێرگ و
بۆ لای گوڵەکێویلەکان
هەواڵی تۆی بردبۆوە
بۆ لای کۆترەکانی مەقەڕ
بۆ لای ژنە ماستفرۆش و
هۆبەی تازەهەڵدراوی ڕەوەندەکان
وتیان: تێکڕا بەیەکەوە
لەگەڵ چنار و شۆڕەبی و
پیاوانی بەر دەرکی مزگەوت
ژنانی سەرکوڵ و کانی
هەموو پێکەوە گریابوون
هۆ بازەکەم پەلەت چی بوو؟
مەرگ هەر ئەهات
ئەم سەفەرەت هەر لەبەر بوو
بەڵام هێشتا ئەی بازی من
بۆ تۆ بەرەبەیانێکی زوو بوو
شیعرەکانت: هێشووی وشە زیوینەکان
خەتی وەک زەنگیانە وردت
شێوەی ئیمزات «کە لە سەری بولبول ئەچێ»
دار جگەرەیەک، چەرخەکەت،
چاکەتێکی کۆنی سەرقۆڵ پینەکراو،
چاویلکەیەکی هەتاو و
تەزبیحێکی ئەبڵەق، کڵاوێ، پاندانێ
قەفەزێکی کەو، لفکەیەک
شووشەیەک عەتری بەتاڵ و
هەگبەیەک و
ئاوێنەیەک
ئەی بازەکەم!
ئەمانە ئەو یادگار و شوێنەوار و میراتیانەن
بۆت جێ هێشتووم.
ئەم شتانە، گیانیان تیایە
ئەم شتانە، قسە ئەکەن ڕازەکانیان ئەدرکێنن
ئەم شتانە، ئەجوڵێن و دێنە لام و
لە باخەڵما ئەیاننوێنم،
هەموو ڕۆژێ دەستیان بە سەردا ئەهێنم
بۆنیان ئەکەم، بۆنی شووشە بەتاڵەکە
بۆنی هەگبە و بۆنی لفکە.
چاکەتەکەت لەبەر ئەکەم
کڵاوەکەت لەسەر ئەکەم
عەینەکەکەت لەچاو ئەکەم
ئەچمە بەردەم ئاوێنەکە
بە پاندانەکەیش لاسایی
خەت و ئیمزات ئەکەمەوە
بە تەزبیحیش دەنکەیاد و
دەنکەمەراقم ئەژمێرم
ئینجا ئەچم لە تەنیشت قەفەزەکەوە
هەڵئەتروشکێم
لەبەر چاوم وردە وردە قەفەزەکەت گەورە ئەبێ
وا هەست ئەکەم منیش پەڕوباڵ دەرئەکەم
ئیتر ئەبم بە ماکەوێکی ڕەشپۆشی خاڵ لە مل و
دەرکی قەفەز ئەکەمەوە و
ئەچمە ناوی و
بە زایەڵە و فوغانەوە
بۆت ئەخوێنم!
لە شەوانی بەفرانباردا، خۆشەویستم سپی سپی ئەچێتەوە
لە شەوانی بەفرانباردا، لەناو ماڵێکی سپیدا گوڵێکم ڕەش
لە دارستانێکی سپیدا ئاسکێکم ڕەش، لە شەوانی بەفرانبارا
وەکوو کولوو بەبێ خشپە دێیتەوە لام، دێیتە ژوورێ
هێشتا قژ و ڕیش و سمێڵ و چەکەکەت، هەردوو شانت
سەر بە بەفری نواو تازەن، دەستت تەزیو، پەڕەی
گوێچکەت سوورهەڵگەڕاو، هاڵاو لە دەمت هەڵئەسێ و
جەستەت کەمێ هەڵئەلەرزێ و کلووەکان ئەبن بە ئاو و
بەچزەوە ئەتکێنە سەر تاقەزۆپا و پێ ئەکەنێ و لەپاش
تۆزێ دەموچاوت بەتەواوی دەرئەکەوێ. دائەنیشین،
پاڵ ئەکەوین، هەگبەی تەڕت ئەکەیتەوە، هەورییەک و
جووتێ پانی بەرزی ڕەنگاوڕەنگی لێ دەردێنی، لەوبەرەوە
هەڵی ئەدەیتە کۆشمەوە و ئەڵێی:
ئەم جارەیان دیارییەکەمان سەقزییە
لە شەوانی هاویناندا وەختێ کە مانگ هەتا سەرشانی گردەکەی
بەرامبەرم دائەبەزێ، ناوبەناوێ کزەبایێ دێت و بۆنی
گوڵەعەتری زەرد و مێخەک لەگەڵ هەناسەی فێنکی خۆیدا
دێنێ، ژنی گەڕەگ ئەچنە دەرێ. لەبەر دەرگای حەوشەی
ماڵدا دائەنیشن، بنێشت ئەجوون و شەماڵە ئەگرنەوە
کیژەکانیش پرچی یەکتر ئەهۆننەوە. من ئەزانم تۆ بە شەوی
ئاوا ڕووناک و لەبەرچاو نایەیتەوە. من هەر لێرەم
لە قەفەزدا و ماکەوێکم تاقوتەنیا و ناچمە دەرێ
هەموو جارێ بەیەکەوە مانگمان ئەدی
من بەبێ تۆ مانگ نابینم. بۆ بیبینم؟!
چی پێ بڵێم؟! بۆچیم بوێ؟!
من ئەمشەو لە مانگ ئەترسم
دەموچاو شووم،
ئەڵێی ژنەجادووگەرێکی نەخۆشی سیحربازە …
من ئەمشەو ڕقم لە مانگە
ناچمە دەرێ!
بازی گیانم!
هەر لەدوای تۆ لەدوای کۆچی سوور و خێرات بە چەند مانگێ
لەگەڵ وەعدەی ئەوەڵینی ماچومووچی هەندێ گوڵی
زوو ڕسکاوی، تازەمەمککردووی
ئەم خاکەدا، لەگەڵ وەعدەی یەکەم هەتاوی دەسگەرم و
تەشقشکاوی سەرمادا
هەر لەدوای تۆ بە چەند مانگێ
گەورەترین بوومەلەرزەی ئاودامانی ئەم مێژووە
ئەم نەخشەیە، هات و ڕووی دا
مەزنترین لافاوی خەڵک، سێڵاوی سەر،
سێڵاوی دەست و هاوار و گەردنی خەڵک
هات و ڕووی دا
بەسامترین ڕاپەڕینی خوێنی ئێمە
ڕاپەڕینی ئەسپی سووری بەژنی ئێمە
هات و ڕووی دا
ڕاپەڕینی چڕترین خەمی دیرۆکمان
ڕاپەڕینی بەردبەبەرد و
داربەداری ئەم کێوانە
ڕاپەڕینی بازووەکانی جادە و گەڕەک
ژن و منداڵ
ڕاپەڕینی خۆشەویستی
لافاوی قاچ، لێشاوی دەست، سێڵاوی لەش
باهۆزی دەنگ
بوومەلەرزەی کۆت و زنجیر
هات و ڕووی دا
وەک تەلیسمێ، وەک ئەفسانە
وەک خواوەندێ ئازادی هات
بۆ یەکەم جار دەمی بەستراوی مێژوومان
کرایەوە و هەناسەی دا
ئاخ بازەکەم!
تۆ لەکوێ بووی؟!
لەدوا پەراوێزی یادداشتەکاندا ماکەوە ڕەشپۆشەکە
بە خەتێکی درشت نووسیبووی:
(دوای ئازادیش ڕۆژ هات و ڕۆی، پاک هات و
پیس هات و بەڵام پیس هەر نەڕۆی. ڕوون هات و
لێڵ هات و بەڵام لێڵ هەر ڕوون نەبۆوە. چەقۆ هات و
قوربانی هات و کەچی چەقۆ تیژتر بۆوە. بای سپی هات و
بای بۆر هات و بەڵام بای بۆر هەر گڤەگڤی بوو. ئاوی
سەوز هات و ئاوی ڕەش هات و کەچی ئاوی ڕەش
هەر نەڕۆشت و هەر پەنگی خواردەوە. ئاسمان هات و قەفەز
هات و کەسێ نەهات بە لامەوە و من و برسێتی و
تەنیایی و ئەم قەفەزە هەر ماینەوە)
ئێستە ڕۆحم قاقڕێکە و خۆڵی سووری تیا ئەبارێ. خۆڵێکی ورد
کەتیرەیی، بینینکوژ و بەهێواشی ئەنیشێتە سەر تەنیای و
قەفەزەکەم، سەر برسێتی و سکی خاڵیم، ئەملکێنێ بە
غوربەتێکی تازەوە، غوربەتی من لەناو شاییی ئازادیدا
غوربەتی خوێنی بازەکەم، نامۆییی خوێنی بازەکەم بە هاوڕێ و
مەقەڕی خۆی. غوربەتی مافێکی برسی و ماکەوێکی بێ
دان و ئاو، ماکەوێکی بێوەژنی تەنیا و ڕەشپۆش.
ماکەوی ژنەبازێکی لەبیرکراو!
«ئاگادارییەک لە ماکەوە ڕەشپۆشەکانەوە»
(ئەگەر لە ترسی گەڕانەوەی ئەرژەنگی دێو نەبوایە
ئەگەر لە ترسی گەڕانەوەی دۆڵپای تاعوونی بەغداشوێن نەبوایە
ئێمەی ماکەوە ڕەشپۆشە برسییەکانی ئەم قەڵەمڕەوە
هاوسەر و خوشک و دایکی و بازە پەڕوباڵ خوێناوییەکان
بە دەنووک و بە دەنووک و بە دەنووک
سەدان چاومان هەڵئەکۆڵی و ئەشمانخواردن!)
بازەکەی من!
ئیستە ڕۆحم قاقڕێکە و خۆڵی سووری تیا ئەبارێ
تۆزێکی ورد، کەتیرەیی، ئەملکێنێ بە غوربەتێکی تازەوە
بە توتڕکی هەزار پرسیاری تازەوە
«ئەترسم، ئەترسم، ئەترسم
لەم خۆڵە سوورە ئەترسم
لە پشت ئەم خۆڵە سوورەوە چیتر هەیە؟!
کێ لە خوێن ئەکۆڵێتەوە؟!
کێ دادگایی من ئەکات؟!
کێ سەر لەم قەفەزانە ئەدات؟!
گوڵە ڕەشەکان چۆن ئەژین؟!
گوڵە ڕەشەکان چۆن ئەمرن؟!
ئەم دەرگای سەر برینانە
کێ لەم دەرگایانە ئەدات؟!
ئەم هێلانەی باز و داڵانە چۆن تێکەڵ
بەیەکتر بوون؟!
ئەترسم، ئەترسم، ئەترسم
لەم خۆڵە سوورە ئەترسم
ئەم چەقۆیانە چۆن هاتنە
ناو بەرۆکی سپیمەوە؟!
ئەو گوڵکوژانە چۆن ئێستا
لەگەڵ گوڵدا هەڵئەپەڕن؟!
ئەم دزانە بە کوێدا هاتنە ژوورەوە؟
چۆن گەیشتنە سەر چرپاکەم؟
ئەو ئەسپانەیان چۆن خەساند؟
ئەو کێوە زلە چۆن دزرا؟
چۆن؟ چۆن؟ چۆن؟»
من بازەکەم گوڵکۆیەکی دیاری نییە
لە سینەم و ئەو گوڵجارانە بەولاوە
کە مێرگی سوور
کە دەشتی سوور ئەنووسنەوە
من بازەکەم گوڵکۆیەکی دیاری نییە
هەتا منیش وەک ژنەهەوری ئەم شارە
هەوری ڕەشپۆش
هەمووی ڕۆژانێکی هەینی
خەمەکانم کۆ کەمەوە و
بچم بە سەریا ببارێم
من دارهەنارێکم هەیە تەنیا
تەنیا و تەریک
هەر خۆی و خۆی
وا لە باکووری ئەم شارە
هەموو ڕۆژانێکی شەممە
هەر خۆم و خۆم
ئەچم بۆ لای، منیش وەک ئەو
هەر بەپێوە ڕائەوەستم، هەتا بوولێڵ
چاو ئەبڕمە قەدوباڵای، ماچی ئەکەم
دەستی ساردم ئەخەمە سەر شانەکانی و
هەڵئەلەرزێم وەکوو گەڵای
یەکەم جار بوو
ئەم دارهەنارە تەنیایە
ئەم هاوڕێ گۆشەگیرە
لە شەمەیەکی زیوینی بەر باراندا
لەسەر قەدی، لەسەر سنگی
لەسەر دەستی
شیعری یەکەمین ژوانی
من و بازەکەمی نووسی! ...
هەموو ڕۆژانێکی شەممە ئەچم بۆ لای
منیش وەک ئەو هەر بەپێوە ڕائەوەستم
هەتا بوولێڵ
ئەوسا ئیتر وەکوو خەمێکی قژدرێژ
وەک ماکەوێکی ڕەشپۆشی
تەنیا و بێزار
دائەگەڕێم و ئەچمەوە
بۆ ناو قەفەزی ژوورێکی
دامێنی شار!