بۆن

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  475 بینین
لەناو باخی کریستاڵی کۆگای بۆندا
هەنگەزەردەی عاشق بووم و
سەد خولم خوارد
نمەنمەی زەرد و سووری
زۆر بارانی
هەوری عەترم
پرژانە سەر قۆڵی چاکەت.
قژی دەیان شووشەی کورت و کەڵەگەتم
گەیاندە لووت
بەڵام هیچیان
بۆنی لەشی هاوینانتیان
لێوە نەهات!
بەڵام هەر نەمدۆزیتەوە
ئەی خۆشترین بۆنی دنیا!
ئەی بۆنی گڵەسوورەکەی
دوای ئاوڕشێنی بەرماڵی
هاوینانی
ئەوسای گەڕەکی «حاجی حانشوێن»!.